سنورمیدیا -

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە بگات و دواناكەوێت.

سروە محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سنورمیدیای ڕاگەیاند، دەنگۆی دواكەوتنی هاتنی پارە لە بەغداوە دورە لە ڕاستییەوە و وتیشی"پێشتر ئاماژە بەوەكرابوو لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق پارەكە لە بەغداوە بێت، ئەمڕۆ دەسكراوە بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و لە چەند ڕۆژی داهاتووش پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت".

سەبارەت بە وردبینی كردنی لیستی مووچەخۆرانی هەرێك لە لایەن حكومەتی عیراقەوە وتی" وردبینی كردن كارێكی ئاساییە و هەموو مانگێك بەغدا وردبینی بۆ لیستی مووچەخۆرانی خۆی دەكات، ئەمە كارێكی یاسایی كارگێری و داراییە".

وابڕیارە ئەم هەفتەیە بەغدا بڕیی 618 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات و لەگەڵ گەیشتنیشی مووچەی مانگی یەكی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشبكرێت".