نووسینی: مهدی خلجی
وەرگێڕانی: تاک

لە مێژووی شیعەدا هیچ ڕابەرێکی سیاسی بە ئەندازەی ئایەتوڵڵا خومەینی ڕەخنەی لە ڕۆحانییەت نەگرتووە. ڕەزا شای پەهلەوی و ئایەتوڵڵا خامنەیی هەر دوویان بیرۆکراسییەکی نوێیان بە سەر حەوزە زانستییەکاندا سەپاند و بە شێوازی جیاواز حەوزەکانیان سنووردار کرد، بەڵام هیچ یەکێکیان ئازایەتی ڕەخنەی ئاشکرایان لە ڕۆحانییەت وەک خومەینی نەبوو.
دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی هەر ڕۆحانییەک (زانای ئایینی شیعە) کە بڕوای بە ویلایەتی فەقیهـ نەبوو، بە (بەپیرۆزدانەر، دواکەتوو، فریودراوی داگیرکەر، ئاخوندی دەربار، نەزان، بێ هەست، ئایینفرۆش، لایەنگری ئیسلامیی ئەمەریکایی) داناوە. دژایەتی ڕۆحانییەت لەلایەن ئایەتوڵڵا خومەینی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دژایەتی ڕەزا شای پەهلەوی بۆ ڕۆحانییەت بەراورد ناکرێت. ئایەتوڵڵا خامنەیی خراپترین دوژمنی ئیسلام، دوژمنی پێغەمبەر و برەوپێدەری ئیسلامی ئەمریکایی بەو ڕۆحانییانەی دەزانی کە باوەڕیان بە جیاکردنەوەی ئایین لە سیاسەت هەبوو، هەروەها ڕاشکاوانە ئەو ڕۆحانییانەی بە گەورەترین دژومنی خۆی ناودەبرد "خوێنی ئەو دڵەی پیرەباوکتان بە دەستی دواکەوتووەکان بە خوێن بوو، هەرگیز بە هۆی فشار و سەختییەکانی خەڵکانی ترەوە نەبووە". لە سەر ئەم بنەمایە، کۆماری ئیسلامی بۆ ڕۆحانییەکان شمشێرێکی دوو ڕوو بوو: دەسەڵاتی گەورە و سامانی بێ پێشینە لەگەڵ دەزگای سەرکەوتکردن، دادگای تایبەتی ڕۆحانی تیپی هەشتا و سێی ئیمام صادق و یاریدەدەرێتی وەزارەتی ئیتڵاعاتی لەگەڵدا بوو.
سی و یەک ساڵ بەر لە ئێستا نە فیقهـ لە ئایدۆلۆژیای کۆمۆنیزم دەچوو، نە مەزهەبییەکان لە ئێران چینێکی هاوشێوەی پرۆلیتاریایان پێکدێنا، نە ڕۆحانییەت هاوتای حزبی کۆمۆنیست بوو، نە هەوڵی محەممەد بەهەشتی بۆ دامەزراندنی سیستمی سیاسی تاکحزبی لەسەر بنەمای کۆماری ئیسلامی ئەنجامی هەبوو. کۆماری ئیسلامی لە هەموو ڕوویەکەوە پێکهاتەیەکی پەرێشانی هەبووە و هەیە. نە نوێنەرایەتی چینێک دەکات، نە هیچ چینێکی کۆمەڵایەتی بە خۆشحاڵی دەهێڵێتەوە.
ویلایەتی فەقیهـ نەک بەهێزکردنی فەقیهەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی لاوازکردنیان. ویلایەتی فەقیهـ تەنیا ویلایەتی ئەو بە سەر ژێردەستەکانی نییە، بەڵکو فەقیهەکانی تریش دەگرێتەوە. بەڵام فەقیهـ بە هیچ شێوەیەک ئەرکی ئەوە نییە لە بارەی هیچ بابەتێکەوە لەگەڵ فەقیهەکانی تر ڕاوێژ بکات، یان بۆچوونی ئەو لەبەرچاو بگرێت. ویلایەتی فەقیهـ بەر لە هەر شتێک ویلایەتی فەقیهێک بە سەر فەقیهەکانی ترەوەیە. لەبەر ئەوە پەسەندکردنی ویلایەتی فەقیهـ بە واتای پەسەندکردنی بێ دەنگی فەقیهەکان بەرامبەر بابەتە پەیوەندیدارەکان بە حەوزەی زانستییەوەیە. پێچەوانەی ئەمەش ڕاستە، دەربڕینی بۆچوون لەلایەن فەقیهەکان لە بابەتە پەیوەندیدارەکان بە پاراستنی گشتی، واتا دەسەڵاتی وەلی فەقیهـ ڕووبەڕووی گرفت بکاتەوە.
ویلایەتی فەقیهـ نەک ڕقی لە فەقیهەکانە، بەڵکو دژی فیقهیشە. ئایەتوڵڵا خومەینی لە سەرەتادا پرۆژەی ویلایەتی فەقیهی بە پاساوی پێویستی جێبەجێکردنی شەریعەت خستەڕوو. فەقیهـ ئەو کەسە بوو کە لە کەسانی تر باشتر ئەو فیقهەی دەبوو لە کۆمەڵگەدا بەڕێوەببرێت، لێی تێدەگەیشت. لەبەر ئەوە بە بۆچوونی خومەینی شارەزای فیقهـ، باشترین جێبەجێکاریشییەتی.
بەڵام لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا، ئایەتوڵڵا خومەینی بەو ئەنجامە گەیشت کە بە تێگەیشتنی نەریتی لە فیقهـ "شارستانێتی نوێ دەبێت بە تەواوی لەناوبچێت و خەڵکی لە کوخەکان بژین، یان بۆ هەمیشە لە بیابانەکان بژین"(24/9/1988) و "حکومەت، فەلسەفەیەکی پراکتیکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هاوەڵدانان و کوفر و گرفتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دیاری دەکات و ئەم باسانەی خوێندکارانی خوێندنگە کە لە چوارچێوەیەکی تیۆرییە، نەک تەنیا ناتوانرێت چارەسەر بکرێت، بەڵکو ئێمە بەو بنبەستانە دەگەیەنێت کە دەبنە هۆی پێشێلی دەستوور"(29/12/1988).
دوای ناکامی تیۆرەکانی ویلایەتی فەقیهـ، ئایەتوڵڵا خومەینی تیۆری بەرژەوەندی سیستمی (مصلحت نظام) خستەڕوو. لە هەر دژیەکییەک لە نێوان بەرژەوەندی سیستم و حوکمەکانی فیقهـ، وەلی فیقهـ دەتوانێت حوکمە فیقهییەکان لەبەرچاو نەگرێت. لە ئەنجامدا وەلی فەقیهـ کە بڕیار بوو جێبەجێکاری فیقهـ بێت، بۆ پلەی هەڵوەشێنەرەوەی فیقهـ بەرزبووەوە. بە بۆچوونی ئایەتوڵڵا خومەینی، ویلایەتی فەقیهـ "لە سەرجەم حوکمە لاوەکییە خواییەکان لەپێشترە" و دەسەڵاتی فەقیهـ لە "چوارچێوەی حوکمە خواییەکان" بەرزترە(2/1/1988).
هەرچەندە لە ڕووکاردا حەوزەی زانستی پشتیوانی ئایدۆلۆژی سیستمی سیاسی هەنووکەیە، کۆماری ئیسلامی لە 30 ساڵی رابردوودا هیچ یەکێک لە گرێ فیقهی و ئایدۆلۆژییەکانی خۆی بە دەستی فەقیهەکان نەکردووەتەوە. هیچ کاتێک دەوڵەت پشت بەست بە فەتوای فەقیهە ناحکومییەکان، ڕێگەی بە کارێک نەداوە، یان یاساغ نەکردووە. مەرجەعی حکومەت و دەوڵەت بەردەوام وەلی فەقیهـ بووە و لە زۆر باردا بۆچوونی قەلی فەقیهـ بە پێچەوانەی فەتوای زۆرێک لە فەقیهە هاوچەرخەکان بووە.
حەوزەی زانستی لە پلەی بەرهەمهێنەری زانستی فیقهـ و پەروەردەکردنی فەقیهەکان، هیچ پەیوەندییەکی سیستماتیکی لەگەڵ سیستمی یاسایی – سیاسی وڵاتەکە نەبووە. تەنیا مەرجەعی یاسادانان، ئەنجومەنی شورای ئیسلامییە، کە نوێنەرەکانی بە دەگمەن ڕۆحانی، یان فەقیهن. شەش فەقیهی ئەندامی ئەنجومەنی پاسەوان (شورای نگهبان) لەلایەن حەوزەوە هەڵنەبژێردراون، بەڵکو دەستنیشانکراوی وەلی فەقیهن. هیچ یەکێک لە سەرۆکانی دەسەڵاتی دادوەری لە فەقیهە پلە یەکەکانی حەوزە نەبوون نوێنەرانی ئەنجومەنی شارەزایان (مجلس خبرگان)، نوێنەرانی حەوزەی زانستی نین و زۆرینەیان توانای ئیجتیهادیان نییە و جێ متمانەی حەوزە نین.
سیستمی ویلایەتی فەقیهـ لە لایەکەوە سەرمایەی دارایی زۆری لە حەوزەکاندا خستەگەڕ و سیستمی ڕۆحانییەتی لە ڕووی ئابوورییەە بە خۆیەوە بەستەوە، لە لایەکی ترەوە دەزگای سەرکوتکردن و سزای توندی بۆ دیاری کردن. بەڵام سیستمی هاندان و سزای حکومەت تەنیا ئەنجامێکی هەبوو: داماڵێنی ڕۆحانییەت لە سەربەخۆیی و نەزۆککردنی هێزی ڕەخنەگرانەی بەرامبەر حکومەت.
بەڵام ئەم سیستمە بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی ڕۆحانییەت بکات بە پشتیوانی تیۆری بۆ حکومەت. لە هیچ قەیرانێکدا ڕۆحانەییەت بۆ کۆماری ئیسلامی ڕۆڵی ڕزگارکەری نەگێڕاوە. لە هەر شوێنێک کۆماری ئیسلامی کەوتووە، ڕحانییەتیش لەگەڵیدا کەوتووە. هەڵبژاردنەکانی 23/5/1997 (2/3/1376ی هەتاوی) کە ئەو کاندیدەی حکومەت پشتیوانی دەکرد و پشتیوانی ڕۆحانییەتی سەر بە ئایەتوڵڵا خامنەییشی کڕیبوو، نموونەیەکە.
ڕۆحانییەت بۆ چی کارێکی کۆماری ئیسلامی بەکاردێت؟ بێ گومان ئەگەر ڕۆحانییەت سەربەخۆ بوایە، دەیتوانی هەڕەشەیکی گەورە بێت بۆ سیستمی سیاسی. بە سەندنەوەی سەربەخۆیی لە ڕۆحانییەت، ئیتر ئەم دامەزراوەیە هەڕەشەیەکی گەورە نییە، بەڵام پشتیوانێکی بەنرخیش نییە. زۆرترین سوودی ڕۆحانییەت بۆ سیستمی سیاسی ئێستا، تەنیا لە پڕوپاگەندەدا کورت بووەتەوە. نە فیقهی حەوزەکان سوودی بۆ حوکمی کۆماری ئیسلامی هەیە و نە مەرجەعەکانی تەقلیدیشی هاوکاری حکومەتن. گرنگترین خواستەی حکومەت، قسەکردن و بێ دەنگی ڕۆحانییەتە لەسەر خواستی حکومەت. ئەمە ڕێککەوتنێکە کە لە سی ساڵی رابردوودا بێجگە لە چەند هەڵاوێردێک ڕوویداوە.
لەبەر ئەوەی ڕۆحانییەت لە ڕووی داراییەوە بە خەڵکەوە گرێی خواردووە (یان پاگەندەی ئەوە دەکات)، بە ناچاری بە پشت بەستن بە متمانەی خەڵک لە پلەی (سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتیدایە). کۆماری ئیسلامی کە ڕەوایەتی و خۆشەویستی کاڵ بووەتەوە، زۆر پێویستی بەو (سەرمایە کۆمەڵایەتییە) هەیە، بەڵام سوودوەرگرتنی زۆر لەم سەرمایەیە، بێ بەهای کردووە. تا کۆماری ئیسلامی زیاتر زیان بە متمانەی کۆمەڵایەتی ڕۆحانییەت بگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی کەمتر هەست بە پێویستی ڕۆحانییەت دەکات. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی زۆر پارە بۆ ڕۆحانییەت دابین دەکات، بەلام ئەمە زیاتر ئەو دەخاتە پەراوێزەوە. تا کۆماری ئیسلامی زیاتر بچێتە قووڵایی تاریکی قەیرانە سیاسییەکانەوە، کەمتر ڕۆحانییەت سوودی بۆی هەیە.

سەرچاوە
https://www.pezhvakeiran.com/maghaleh-23719.html