نووسینی: گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی
وەرگێڕانی: تاک

لە سەرەتای ڕاپەڕینی سوریا لە ساڵی ٢٠١١وە، ئەنقەرە تا دێت قووڵتر دەبێتەوە لە ناو قەیرانەکەدا. هەرچەندە پێدەچێت ڕێبازی ئیدارەی ئەردۆگان بەرامبەر سوریا لە ئێستادا جێگیر بێت، بەڵام ئەو هەنگاوانەی لە داهاتوودا دەینێت گرنگە بۆ چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتی سوری.
دووبارە هەڵبژاردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان وەک سەرۆککۆماری تورکیا، ترسی لە دڵی زۆرێک لە هاووڵاتییانی سوریدا دروستکردووە و گومان دەکەن ڕەنگە سیاسەتی نوێی ئەنقەرە بەرامبەر دیمەشق گۆڕانکاری بەسەردا بێت لەسەر حسابی ئەوان. بە هۆی ئەوەی سەرۆکی تورکیا بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە لەسەر کورسی دەسەڵات دەبێت، پێدەچێت ئەنقەرە بەردەوام بێت لە هێشتنەوەی سەربازەکانی لە بەشێکی باکووری سوریا. هەروەها پێدەچێت زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوری کە لە تورکیان- لانی کەم بۆ ئێستا- زۆربەیان لەوێ بمێننەوە. ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆی کردووە سەبارەت بە دروستکردنەوەی پەیوەندییە پچڕاوەکان لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەکەوە، بەردەوامیش دەبێت لەو هەوڵانە، بەڵام زۆربەی بەرپرسانی کابینەی نوێی ئەردۆگان پێیانوایە نیگەرانییەکانی ئاسایشیی نیشتمانی زۆربەی لە دراوسێکانی باشووری تورکیاوە سەرچاوە دەگرن.
تورکیا لە دۆخێکی ئابووری خراپدایە، ئەمەش فشارێکی سیاسی جددی دەخاتە سەر بەخشندەیی ئەنقەرە بەرامبەر پەنابەرانی سوریا. ڕێککەوتنی ئەنقەرە لە مانگی تەممووزدا بۆ کۆتاییهێنان بە ڕێگریکردن لە بەئەندامبوونی سوید لە ناتۆ یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەناو هاوپەیمانییەکەدا، بەڵام گرژییەکانی لەگەڵ ئەمەریکا وەک خۆی ماوەتەوە، بە تایبەت بە هۆی کڕینی سیستمی بەرگری موشەکی ڕوسی لەلایەن تورکیاوە و دەستنیشانکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان وەک هاوبەشی سەرەکی واشنتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا. پەیوەندییە ناسکەکەی تورکیا لەگەڵ ڕوسیا پێویستی بەوەیە بەردەوام گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەپێی پێشهاتەکان، بەشێکی بە هۆی چەقبەستوویی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ دیمەشقی هاوپەیمانی مۆسکۆ.
شەڕی سوریا کۆمەڵێک مەترسی و دەرفەتی ئاڵۆز بۆ ئەنقەرە دەخاتەڕوو. تورکیا سنوورێکی هاوبەشی بە درێژایی٩٠٠ کیلۆمەتر لەگەڵ سوریا هەیە و نزیکەی ٣.٣ ملیۆن پەنابەری سوری لەخۆ دەگرێت. ماوەی چوار دەیەیە ئەنقەرە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ململانێدایە، کە لقێکی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا (هەسەدە) بە پشتیوانی ئەمەریکا شەڕی داعشی کرد و ئێستا بەشێکی خاکی سوریای بەدەستەوەیە. هەر یەک لە ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدەن. دوو پایەی سیاسەتی ئاسایشیی نیشتمانی تورکیا بریتین لە ڕێگریکردن لە لێشاوی زیاتری پەنابەران لە نێو ئەو نزیکەی پێنج ملیۆن ئاوارەیەی لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا دەژین، هەروەها لاوازکردن، یان تێکشکاندنی کۆنترۆڵی هەسەدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. وەک دراوسێیەکی سوریا، تورکیا بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەل دیمەشق هەیە زۆر زیاتر لە وڵاتانی عەرەبی کە هەنگاویان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق. تا ئێستاش دیار نییە ڕژێمی بەشار ئەسەد ئامادەیە، یان دەتوانێت ئەم دوو نیگەرانییەی تورکیا بە شێوەیەک چارەسەر بکات مایەی ڕەزامەندی ئەنقەرە بێت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی ڕاپەڕینی جەماوەری سوریا لە ساڵی ٢٠١١وە، پاشانیش لە سەردەمی جەنگی ناوخۆی وڵاتەکە، تورکیا لەسەر لێواری چەقۆیەک هەڵسوکەوتی کردووە و سیاسەتی کورتخایەنی پەیڕەو کردووە کە زیاتر ئەنقەرەی ڕاکێشاوەتە ناو ململانێکەوە. ئەنقەرە هاوشێوەی زلهێزە ڕۆژئاواییەکان، سەرەتا هەڵوێستێکی پتەوی لە دژی ئەسەد وەرگرت و پشتیوانی یاخیبوانی کرد لە هەوڵیدا بۆ لابردنی سەرۆکی سوریا، بەڵام دوای ئەوەی ڕوون بووەوە ئەسەد لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، ئەو دوو ئامانجەی سەرەوە بوون بە پێشینەی کارەکانی. بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠١٦ەوە چوار ئۆپەراسیۆنی گەورەی  بۆ سەر سوریا ئەنجام داوە. هەروەها بە بەردەوامی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر ئامانجەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجام دەدات و بە شێوەیەکی بەردەوام هەڕەشەی دەستوەردانی زیاتر دەکات بە بیانوی ڕاوەدونانی ئەندامانی پەکەکە لە سوریا، کە پێی وایە واشنتۆن و مۆسکۆ پشتگوێیان خستووە.
تورکیا نزیکەی ١٠ هەزار سەربازی لە سێ ناوچەی باکووری سوریا جێگیر کردووە، هاوسەنگی هێزی لە بەرژەوەندی خۆی بەرزکردووەتەوە و بووەتە یاریزانێکی کاریگەر کە توانای گۆڕینی ئاڕاستەی ململانێکانی هەیە. دیمەشق تورکیا و هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هێزی داگیرکەر دەزانێت، لە کاتێکدا ملیۆنان ئاوارەی سوری سوپای تورکیا وەک تاکە بەربەستێک لە نێوان خۆیان و ڕژێمی سوریا دەبینن. بوونی سەربازانی تورکیا لە پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕێگەی بۆ ئەنقەرە خۆش کرد دانوستان لەگەڵ ڕوسیا بکات لەسەر ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٠ کە ملیۆنان کەسی پاراست و ڕێگری لە ڕۆیشتنی زیاتری پەنابەران کرد. هەروەها ڕێگەی بە هەیئەی تەحریر شام دا کە پێشتر سەر بە قاعیدە بووە و تا ئێستاش لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆرێک لە دەوڵەتانەوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کراوە، کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بچەسپێنێت. لە باکووری حەلەب، دەزگاکانی سەربازی و پۆلیس و هەواڵگری تورکیا سەرپەرشتی کۆمەڵێک هێزی سوریا دەکەن بە ناوی سوپای نیشتمانی سوریا، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان تۆمەتبارن بە گەندەڵی و تاوانکاری. لە ڕۆژهەڵاتی دوورتر، ئەنقەرە دەستی بەسەر ئەو ناوچانەدا گرتووە کە لە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا لە هێزەکانی هەسەدەی داگیر کرد. ئێستاش زۆرجار لەگەڵ هەسەدەدا ئاڵوگۆڕی تەقەکردن ڕوودەدات.
بڵاوەپێکردنی سەربازی تورکیا لە سوریا و بوونی ملیۆنان پەنابەری سوری لە تورکیا جێی خۆشحاڵی هاووڵاتییان نییە. دابەزینی ئابووری وڵاتەکە لەگەڵ دوژمنایەتی ناسیۆنالیستەکان بەرامبەر پەنابەران لە پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی مانگی ئایاردا هەڵوێستی دژە سوریای لێکەوتەوە. هەر دوو ئەردۆگان و نەیارە سەرەکییەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو لە هەڵمەتەکانیاندا باسیان لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سوریا کرد. لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بەڵێنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەسەد دا بە مەبەستی ئاسانکردنی گەڕانەوەی پەنابەران، لەگەڵ کەمکردنەوەی دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە سوریا. ئەردۆگان لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ دەستیکرد بە هەوڵدان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق، بەشداری لە زنجیرەیەک گفتوگۆدا کرد کە ڕوسیا میوانداری کردبوو بە بەشداری ئێران. هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ ڕژێمی سوریا زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ سورییەکان لە تورکیا و باکووری سوریا، چونکە ترسیان هەبوو ببنە قوربانی ڕێککەوتنی نێوان ئەنقەرە و دیمەشق.
پێدەچێت هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان بۆ ماوەیەکی کاتی پێویستی فشارخستنە سەر دانوستانە جەوهەرییەکانی لابردبێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن سەرۆک و نەیارەکانییەوە زۆر بە بایەخەوە سەیر دەکرێت، پێدەچێت سیاسەتی سوریا لە چەند مانگی داهاتوودا بێتەوە بەر باس و خواست. دۆخی ئێستا هەندێک پرسیاری سەرەکی سەبارەت بە بەشداریکردنی تورکیا لە سوریادا بێ وەڵام دەهێڵێتەوە، لەوانە داهاتووی ئەو گرووپە یاخییانەی پشتگیریان دەکات و ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵیان دەکات. جێگیرکردنی هێزەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا هێرشەکانی ڕژێمی ڕاگرت و بەم شێوەیەش – لانی کەم بۆ ئێستا – سەربەخۆیی دیفاکتۆی ئەم ناوچانە لە دیمەشق چەسپاوە. ئەنقەرە ئێستا قەناعەتی بەوە هەیە کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی ڕێگریکاری خۆی و کاراکردنی گەڕانەوەی هێزەکانی ڕژێم پێدەچێت پەنابەری زۆرتر پاڵ بنێتە ناو تورکیا و دەرەنجامی سیاسی ناوخۆیی گەورەی لێ دەکەوێتەوە. پاراستنی کۆنترۆڵی ئەم ناوچانە بۆ ماوەیەکی نادیار لە ڕووی سیاسی و داراییەوە تێچووی زۆری دەوێت، بەڵام لە چاوی حکومەتی تورکیادا هێشتا کەمترە لە تێچووی بەدیلەکانی.
بە هەمان شێوە شەڕی تورکیا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات سنووردار بووە بۆ ڕێوشوێنی سەربازی لە بۆشایی نێوانیاندا. هێرشەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، چەندین کادیری هێزەکانی سوریای دیموکراتی کوشتووە، کە بەشێکی زۆریان پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەبووە و ئەنقەرە ساڵانێک بەدوایاندا دەگەڕا. بەڵام هیچ کام لە کردەوە سەربازییەکانی دەستی هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەسەر ناوچەکەدا شل نەکردووە، یان دەستڕاگەیشتنی بە سەرچاوە ستراتیژییەکان کەم نەکردووەتەوە، کە نەوت گرنگترینیانە. لە هەندێک کاتدا ئەو لێدانانە قوربانیی خەڵکی مەدەنی لێکەوتووەتەوە و کاردانەوەی نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێناوە. جگە لەوەش هەندێک لەو مووشەکانە بە شێوەیەکی مەترسیدار لە نزیک هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و عێراق کەوتونەتە خوارەوە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرەی لەگەڵ واشنتۆن زیاتر تووشی کێشە کردووە. ئەگەری ئۆپەراسیۆنی زەمینی تورکیا کە ئەردۆگان چەندین جار هەڕەشەی کردووە، پێدەچێت کەمێک زیاتر پاڵنانی چەکدارانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و پەکەکە بۆ چەند کیلۆمەترێک دوورتر لە سنوورەوە بەدەست بهێنێت.
ئەنقەرە چەندین جار دەستی گەیاندووەتە دیمەشق و بە بێدەنگی پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەمنی ڕژێمەوە کردووە، بەشێکی بۆ تاقیکردنەوەی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە بووە، کە ئەنقەرە بە نیگەرانی سەرەکی ئەمنی دەیانبینێت. بەرپرسانی تورکیا و سوریا دەڵێن، دانوستانەکان لەسەر ئامڕازەکانی سنووردارکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بووە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش بابەتێکە پێدەچێت بتوانن هەندێک خاڵی هاوبەشی لەسەر بدۆزنەوە. پاشان لە ناوەڕاستی ٢٠٢٢ سەرکردایەتی تورکیا بە ئاشکرا وتی، ئامادەیە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد، بەشێکی لەبەر هۆکاری هەڵبژاردن بوو، بەڵام بەشێکی تری بە هۆی داواکارییەکانی ڕوسیا و ئێران و عێراقەوە بوو. دواجار دیپلۆماتکارە باڵاکانی هەر دوو وڵات لە سەرەتای مانگی ئایاری دواتردا لە مۆسکۆ لەگەڵ هاوتا ڕوسی و ئێرانییەکانیان کۆبوونەوە، بەڵام نەیانتوانی لەسەر هەنگاوی کۆنکرێتی بۆ پێشەوە ڕێکبکەون.
بەڵام تەنانەت لە کاتێکدا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامن، ئەنقەرە ئاماژەی بەوە کردووە تا ئێستاش دڵنیا نین دیمەشق ئامادەیە، یان توانای هەیە چارەسەری نیگەرانییە سەرەکییەکانی تورکیا بکات. بۆ نموونە هێشتا تورکیا قەناعەتی نەکردووە ڕژێمی دیمەشق دەتوانێت خاکی باکووری وڵاتەکەی بەدەستبهێنێتەوە (ئێستا لە ژێر دەستی تورکیادایە) بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان سوری دیکە لە سنوورەکانەوە، یان ڕێگری بکات لە گەڕانەوەی پەنابەرانی ئێستا لە تورکیاوە. بەرپرسێکی باڵای تورکیا لە مانگی یەکدا بە گرووپی قەیرانی وتووە "هەر کیلۆمەترێک لە خاکەکەی دیمەشق دەیگرێتەوە هەزاران پەنابەر بەرەو تورکیا دەنێرێت". هەروەها ئەنقەرە گومانی هەیە لەوەی ئەگەر تورکیا هێزەکانی بکشێنێتەوە و کۆتایی بە هێرشە ئاسمانییەکانی بهێنێت، دیمەشق ڕەنگە نەتوانێت ڕێگری لە هێرشەکانی پەکەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە بکات. سەرکردایەتی تورکیا گومانی ئەوەی هەیە دیمەشق نەتوانێت دەسەڵاتی دەوڵەت لە باکووری ڕۆژهەڵات بچەسپێنێت، ئەمەش هێزەکانی سوریای دیموکرات بە بەرپرسیار دەهێڵێتەوە. بەم پێیە ڕەنگە شەرعیەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرز بکاتەوە نەک گرووپەکە بچوک بکاتەوە. لەبەر ئەم هۆکارەش ئەنقەرە بە توندی ڕەتی دەکاتەوە باس لە پێشمەرجی دیمەشق بکات بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، وەک کشانەوەی هەموو سەربازەکانی تورکیا لە خاکی سوریا.
بۆ ئەو سوریانەی نیگەران بوون لە دەرئەنجامەکانی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن، پێدەچێت سەرکەوتنی ئەردۆگان ببێتە هۆکارێک بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکانیان.
بە کورتی، پێدەچێت دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆگان بەو مانایە بێت کە گۆڕانکارییەکی کەم لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر سوریا ڕوودەدات. بۆ سورییەکان کە نیگەران بوون لە دەرەنجامەکانی سەرکەوتنی ئۆپۆزسیۆن، پێدەچێت سەرکەوتنەکەی ئەردۆگان ببێتە هۆکارێک بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانیەکانیان. لە لایەکی ترەوە ئەوانەی پشتیوانی لە ڕژێم، یان هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن، کەمتر خۆشحاڵن بە سەرکەوتنەکەی ئەردۆگان. ئەولەویەتەکانی ئەنقەرە لە سوریا وەک خۆی دەمێنێتەوە، کە بریتین لە چارەسەرکردنی هەڕەشەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و وەستاندنی هێرشی ڕژێم بۆ سەر ئیدلب و ئاوارەبوونی زیاتری خەڵکی بەرەو تورکیا. پێناچێت ئەردۆگان دوای هەڵبژاردنەوەی دیدگایەکی درێژخایەنتری هەبێت بۆ سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر سوریا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نادڵنیاییەی یاری کۆتایی لە سوریا چۆن دەبێت و تورکیا بە هەموو کاریگەرییەکانییەوە تاکە یاریزان و گرنگترین یاریزان نییە لەو وڵاتەدا. کەواتە لە هەندێک ڕووەوە پەنابەرانی سوریا و ئاوارە ناوخۆییەکان لە نیگەرانیدا دەمێننەوە.

هەرچەندە پێدەچێت ئەنقەرە مەیلی زۆر بۆ گۆڕینی سیاسەت نیشان نەدات، بەڵام شایەنی ئەوە دەبێت تاقی بکرێتەوە ئایا دەتوانێت لە ڕێگا دیپلۆماسییەکانەوە لە سوریا هەندێک لە ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت بە تایبەتی پەیوەست بە هێزەکانی سوریای دیموکرات. وەک ئەزموونی ئەمەریکا لە دوو دەیەی "جەنگی دژی تیرۆر"دا دەردەکەوێت، بە تەنیا ئامڕازە سەربازییەکان ناتوانن کێشە سیاسییەکان چارەسەر بکەن. تورکیا ناتوانێت هیوای ئەوە بخوازێت کێشەکەی لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە فراوانکردنی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵی دەکات چارەسەر بکات بەبێ هەبوونی دیدگایەکی درێژخایەنی گونجاو بۆ ئەم ناوچانە. بۆ ئێستا تورکیا سوودمەند دەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان، بە تایبەتی ئەگەر هێزەکانی سوریای دیموکرات هەنگاو بنێت بەرەو کەمکردنەوەی گرژییەکان، بۆ نموونە بە کەمکردنەوەی شوێنپێی پەکەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا، یان بە وەستاندنی هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی تورکیا لە باکووری سوریا. جێگای سەرنجە ئەردۆگان و هاکان فیدان، سەرۆکی هەواڵگریی پێشوو و وەزیری دەرەوە لە کابینەی نوێی حکوومەتی تورکیا، بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ پەکەکە دانیشتن بۆ دانوستان لەسەر ڕێگەیەکی ئاشتیانە بۆ دەربازبوون لەو ململانێیە. بە هۆی ئەوەی بابەتی هەڵبژاردنەکانی تێپەڕاند و پەکەکە لە ڕووی سەربازییەوە لە پاشەکشەدایە، ڕەنگە سەرۆک کۆماری تورکیا ئەم ساتەوەختەی ئێستا بە لەبار بزانێت بۆ ئەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان دۆخەکە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات هێور بکاتەوە.
ئەوەی ئەردۆگان لە ڕاستیدا دەیکات، دواتر دەبینرێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا ئەو هەڵبژاردنەی ئەنقەرە دەیکات کاریگەری دەبێت لەسەر دیاریکردنی ڕەوتی ململانێکانی سوریا و چارەنووسی ملیۆنان سوری دانیشتووی تورکیا و ئەو بەشانەی سوریا کە لەژێر کۆنترۆڵی سەربازانی تورکیادایە.

سەرچاوە: گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی
https://www.crisisgroup.org/europe-central-asia/east-mediterranean/turkiye-syria/turkiyes-syria-policy-after-erdogans-win