عومەر سەید عەلی رایگەیاند، ئێستا هەرێمی کوردستان لە بۆشایی دەستوری و یاسایدایە و چارەنوسی هەڵبژاردن نادیارە، دەشڵێت: لەهەرێمی کوردستان چینی ناوەند نەماوە کۆمەڵگە بەسەر دو چینی چەوساوە و چەوسێنەر دابەشبوە.

عومەر سەید عەلی لە میانى بەشداریکردنى لە دوەمین کۆنفرانسى نیشتیمانیی بزوتنەوەى گۆڕان لە وتارێکیدا راشیگەیاند، هەرچەندە هێزە سیاسییە کوردییەکان بەشدار بون لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەڵام نەیانتوانیوە بەشداری کارایان هەبێت، ئەوەش وایکردوە کێشەکانی کورد بە چارەسەرنەکراوی بمێنێتەوە.

وتیشى: بە سیاسیکردنی بودجە و موچە، دەرەنجامی سیاسیەتی هەڵە و ئابوری سەربەخۆیە و بۆیە بەردەوام دەسەڵاتدارانی بەغداد هەوڵ بۆ بچوکردنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێم دەدەن.

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە عومەر سەید عەلی جەختیکردەوە، عێراق و هەرێمی کوردستان گرێدراوی دۆخی ناوچەکە و جیهانن بۆیە ئێستا لەبەردەم لێکەوتەی مەترسیداردایە،پێدەچێت، پریشەکەکانی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  ناو ماڵی کورد بگرێتەوە.

لە بەشێکى دیکەى وتارەکەیدا عومەر سەید عەلى ئاماژەى بۆ  بەژوەندی شەخسی و حزبی هۆکاری سەرەکین بۆ لاوازبونی پێگەی هەرێم، چونکە هیچ کاتێک هێندەی ئێستا قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی  دابەشبون و هەڵوەشاندنەوەدا نەبوە، لەهەمانکاتدا خراپی ئەدای حکومڕانی و نەبونی موچە و بێ باکی دو حزبی دەسەڵاتدار مەترسییەکی دیکەی جددیە لەسەر هەرێم.

لەبارەى دۆخى ئێستاى هەرێمى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕانیش عومەر سەید عەلى ئەوەى وت کە وەفاتى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا گورزێکى کاریگەر بو لە تێکۆشانى گەلى کورد و هاوکات بزوتنەوەى گۆڕانیش بە کۆچى دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا روبەڕوى کۆمەڵێک ئاڵنگاریی بوەوە.

وتیشى: هیوادارن دوەمین کۆنفڕانسی بزوتنەوەی گۆڕان، سەکۆی کاری پێکەوەیی و بەهێزکردنی گوتاری سیاسی و بەخۆداچونەوە بێت و دەرفەتی زیاتر نزیکبونەوە بێت لە هاوڵاتیان.

ئەوەشى ئاشکراکرد کە  ساڵی رابردو بزوتنەوەی گۆڕان هەنگاوی کاریگەریی لەپێناو مافی هاوڵاتییان ناوە و ژمارەی ناڕەزایەتییەکان لەو ماوەیەدا ئەو راستیەی سەلماند گۆڕان ئازادیی بۆ هەموان دەستەبەر کرد.