سنورمیدیا - لاوان ئەحمەد

پێشبینی دەكرا لەگەڵ دەستبەكاربوونی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان پرسی دەستوور یەكێك بێت لەو پرسانەی بەزوویی گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام تا هەڵوەشانەوەى پەرلەمان لەلایەن دادگاى باڵاى عێراقەوە ئەو پرسە گفتوگۆی لەسەر نەكراو ناشزانرێت ئەم هەرێمە کەى دەبێتە خاوەن دەستوور.

لەماوەی ساڵانی رابردوودا چەندین جار ئەم پرسە بەشێوەی جیاواز باسی لێوەكراوەو هەوڵدراوە هەرێم ببێتە خاوەن دەستووری خۆی، تەنانەت لەپەرلەماندا دەستوور پەسەندكراو دەنگی لەسەردرا، بەڵام قۆناغەكانی دواتری تێنەپەڕاندوە ، بۆیە هێشتا نەتوانراوە لەهەرێم دەستوور گەڵاڵە بکرێت

"ئێمە لە کوردستان لەمپەرمان زۆرە بۆ نووسینەوەى دەستوور"

زانا توفیق، كادری پێشكەوتووە پارتى دیموکراتى کوردستان بە سنورمیدیای ڕاگەیاند" دەبێت دەستوورمان هەبێت حکومڕانى بەبێ دەستوور نابێت، وەکو پارتى بۆچوونمان وایە، دەبوو ڕەشنووسى دەستوورى ساڵى 2009 بکرێت بە بنەما بۆ نووسینەوەى دەستوورێک بۆ هەرێمى کوردستان بە گۆڕانکارییەوە".

وتيشى "ئێمە لە کوردستان لەمپەرمان زۆرە بۆ نووسینەوەى دەستوور، کۆدەنگى سیاسیمان نییە بۆ نووسنەوەى دەستوور، هەروەها ژینگەیەکى لەبارمان نییە بۆ خستنە دەنگدانى دەستوور لە هەرێمى کوردستان، سیستەمى بەڕێوەبردنى ئێمە خراپە، کێشەى دیاریکردنى نەخشەى جوگرافى و سنوورمان هەیە ئێمە لەدەستووردا دەبێت سنوورى ئەم هەرێمە دیارى بکەین ئایا بەبێ چارەسەرکردنى کێشەى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێم دەتوانین ئەوە بکەین".

" حیزبەکانى هەرێم لە ژێر کاریگەرى وڵاتانى ئیقلیمى و عێراقی دان لە بابەتى نووسنەوەى دەستوور"

ئەبو کاروان، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبى شیوعى کورستان لەو بارەیەوە بە سنورمیدیای وت"پێویستە پەلەبکرێت لە نووسینەوەى دەستوورێک بۆ هەڕێمى کورستان، دەستوور بۆ خەڵك دەنووسرێتەوە، نەك بۆ حزبەكان بۆیە گرنگە ئەو دەستوورە مافی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگەی تێدا پارێزراو بێت".

حزبی شیوعى پێى وایە حیزبەکانى هەرێم لە ژێر کاریگەرى وڵاتانى ئیقلیمى و عێراق-دان لە بابەتى نووسنەوەى دەستوور ئەوان نایانەوێ هەرێم خاوەنى دەستوورێکی تایبەت بەخۆی بێت.

"ئێمە داواى ئەوە دەکەین ئیسلام سەرچاوەى یاسادانان بێت لە دەستوورى هەرێمى کوردستاندا"

د. بێسون حمە ساڵح، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵى دادگەرى کوردستان بە سنورمیدیای وت " ئێمە داوا دەكەین دەکەین ئیسلام سەرچاوەى یاسادانان بێت لە دەستوورى هەرێمى کوردستاندا لەسەر ئەم بابەتەش سازش ناکەین" .

"لەبوونی دەستوور گرنگتر ئەوەیە دەستوور لەلای هەمووان جێگای رێز بێت"

بەختیار مستەفا، ئەندامى مەكتەبى سياسى حزبى زەحمەتکێشانى کوردستان، سەبارەت بە گرنگى دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان بەم شێوەیە دیدى حزبەکەیان خستە ڕوو وتی" پرسی دەستوور بۆ هەرێم زۆر گرنگە و دەبێتە سەرەتای چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات بەڵام لەبوونی دەستوور گرنگتر ئەوەیە دەستوور لەلای هەمووان جێگای رێز بێت".

بەسنورمیدیاشی راگەیاند" ئێمە وەک حیزبی زەحمەتکێشان نەک دەستورێکی عیلمانی، بەڵکو دەستورێکی سێکۆلار و مەدەنی دەخوازین و دەمانەوێت لەسایەی دەستوردا سەرجەم کوردستانیان یەکسان بن لەڕووی یاسایی و ژیان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و رێز گرتن لەسەرجەم نەتەوەو ئاین و مەزهەب".


"پێویستە زەمینەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی سازبكرێت بۆ ئامادەكردنی دەستوور"

فاتیح سەنگاوى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان بە سنورمیدیا راگەیاند "پێویستە زەمینەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی سازبكرێت بۆ ئامادەكردنی دەستوور كە لەسەر بنەمای یەكترشكاندن و ململانێ‌ نەبێت، لەبەرئەوەی دەستوور پەیوەندی بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە، بۆیە دەبێت دەرباز بكرێت لە ململانێی سیاسیی" .

وتيشى "یەكگرتوو لەگەڵ دانانی دەستووردایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زەمینەی نووسینەوەی دەستوور زەمینەیەكی لەباربێت و دەستوور بە باڵای كەسدا نەبڕێت و بۆ هەرێمی كوردستان و داهاتووەكەی بنوسرێت".

سەنگاوى دەڵێت "بە گرنگی دەزانین سەرچاوەیەكی سەرەكی دەستوور ئیسلام و نەگۆڕەكانی ئیسلام بێت، بەڵام تاكە سەرچاوە نابێت هەر لە ئیسلامیشدا سەرچاوەی دیكە هەیە كە دادەنرێت بۆ بابەتی دەستوور."

"دەستوور نابێت بە عەقڵیەتى زۆرینەو کەمینە بنووسرێتەوە"

چۆمان محمد، بەرپرسی ژووری یاسایی بزووتنەوەى گۆڕان بە سنورمیدیا وت " دەستوور ڕەهەندێکى نیشتمانى هەیە، پرۆسەیەکى موستەقبەلییە، بۆ دروستکردنى هاوسەنگییە لە نێوان دەسەڵاتەکان، دەستوور نابێت بە عەقڵیەتى زۆرینەو کەمینە بنووسرێتەوە نابێت بە باڵاى حیزبێکى سیاسى دیاریکراودا ببڕدرێت".

وتیشى "دەرفەت هەبوو ببینە خاوەن دەستوور، بەڵام لەبەر ئەوەى گرفتەکە ئەوە بووە وەک کاڵا بینراوە. هەرکات پێویست بکات دەخرێتە بەر باس و هەندێ جار ئەخرێتە ڕەفەکانەوە بۆیە نەتوانر ببینە خاوەن دەستوور".