تاك
بەپێی ئەو نووسینەی كە لە (ئینتەرناشناڵ ئنترێست)دا بڵاو بووەتەوە، توركیا و ئێران بەشێوەیەكی "نهێنی ڕێككەوتوون" كە هەرێمی كوردستان "لاوازتر بكەن". لە نووسینەكەدا هێرشە درۆنییەكانی ئەم دواییەی توركیا لە دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی وەك "ئاماژەیەك" بۆ دستپێكردنی قۆناغێكی نوێ لە هەماهەنكی لە نێوان ئەنقەرە و تاران لە دژی پێگەی هەرێمی كوردستان وێناكراوە.
بەپێی ئەم "ڕێككەوتنە نهێنی"یەی نێوان توركیا و ئێران بێت، تاران و ئەنقەرە دەتوانن نەیارەكانیان لە جێ نفوزی یەكتر لە هەرێمی كوردستان بكەنە ئامانج و بەشێوەی جیا جیا پەلاماریان بدەن. بۆ نموونە، توركیا دەتوانێت لە زۆنی سەوز، كە "جێ نفوزی ئێرانە،" پەلاماری نەیارەكانی بدات و ئێرانیش لە زۆنی زەرد، كە "جێ نفوزی توركیایە،" دوژمنەكانی بكاتە ئامانج و ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببێتەوە كە پێیوایە لەوێوە لەسەری دروست دەكرێن.
نووسەر لە چوارچێوەی ئەم "ڕێككەوتنە نهێنییەدا" خوێندنەوە بۆ پەلاماردانی ئەم دواییەی سلێمانی دەكات لەلایەن توركیاوە. بەبۆچوونی نووسەر، ئەگەر ڕێككەوتنێكی لەم جورە بوونی نەبێت، ئەوا "ئاسان نییە ئەم دوو هێزە هەرێمییە بە ئاشكرا دەستوەردان لە جێ نفوزی یەكتر لە هەرێمی كوردستان بكەن".
لە ئێستادا لە ناوچەیەكی پڕ لە كێشەی وەك ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆربەی هێزە هەرێمییە ناكۆكەكان لەسەر ئەوە كۆكن كە "دروستبوونی كوردستانێكی سەربەخۆ بیرۆكەیەكی خراپە".
توركیا و ئێران، بەپێی ئەم نووسینە بێت، گەیشتوون بەو دەرەنجامەی كە بوونی هەرێمێكی كوردی، بە تایبەتی لە عێراق بیرۆكەی سەربەخۆیی لە نێو كوردەكانی جیهاندا بەهێز دەكات و مەترسیش لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەو دوو وڵاتە دروست دەكات، هەر بۆیە تاران و ئەنقەرە "ئامادە نین" هەرێمی كوردستانی نیمچە سەربەخۆ لە عێراق "قبوڵ بكەن".
مانەوەی هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی سەربەخۆ كێشە و سەرئێشە بۆ ئەنقەرە و تاران دروست دەكات، ئەمەش ئەم دوو وڵاتەی گەیاندووە بەو باوەڕەی كە "دەبێت هەرێمی كوردستان لە عێراقدا لاواز بكرێت".

سەرچاوە
https://nationalinterest.org/feature/are-turkey-and-iran-uniting-against-iraqi-kurds-206736