ڕۆژنامەنوس بەشدار بازیانی ڕایگەیاند، د.عەبدولەتیف سەلەفی، بەپشتیوانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەڕەشەمان لێدەكات و پێمان دەڵێت "دەبێت بەپێی خواستی ئێمە كار بكەن".

لە لێدوانێكدا بۆ سنورمیدیا، ڕۆژنامەنوس بەشدار بازیانی، ئاماژەی بەوەكرد، عەبدولەتیف سەلەفی، هەڕەشەی لێكردوون و "پێیوتووین دەبێت بەدڵی ئەو كاربكەین".

وتیشی" پێشتر وەك هەموو میدیاكانی دیكە، كارمان لەسەر بابەتی بەرماڵەكە كردووە، ئەوانیش ئەمەیان پێناخۆش بووە هەربۆیە هێرشیان بۆسەر ئێمە دەستپێكردووە".

بەشدار بازیانی، پێشتر لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ئاشكرایكرد، مامۆستایەكی ئاینی سەلەفی، لەگەڵ كچە خۆشەویستەكەی لەڕێگەی كۆمەوە سێكسی كردووە و بەو هۆیەوە خۆشەویستەكەی توشی نەخۆشی بووە.

سنورمیدیا پرسیاری ئەوەیكرد، ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی هەیە لەگەڵ ڕەوتەكەی د.عەبدولەتیف سەلەفی، بەشدار بازیانی لە وەڵامدا وتی" ئەو مامۆستا ئاینییەی سێكسی لەگەڵ كچە خۆشەویستەكەی كردووە و نەخۆشی خستووە، نزیكە لە عەبدولەتیف سەلەفی، پێشمان وایە بەشێكی ئەم هێرشانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەڵگەمان لایە لەسەر ئەم بابەتە و چەند بابەتێكی دیكە، بۆیە د.عەبدولەتیف سەلەفی هێرشی كردووینەتەسەر".

بەشدار بازیانی ئاشكراشیكرد، عەبدولەتیف سەلەفی، پشتی قایمە و سڵ لە هیچ شتێك ناكاتەوە، چونكە " بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پشتیوانی دەكات".

وتیشی، وابڕیارە سبەینێ سێشەممە 30-4-2024، تیمی پارێزەرانی دیپلۆماتیك سكاڵای یاسایی دژی دكتۆر عەبدولەتیف سەلەفی تۆمار بكەن.

جێگەی ئاماژەبۆكردنە، ئەمڕۆ دووشەممە 29-4-2024، ماڵپەڕی دیپلۆماتیك لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكرد"عەبدولەتیف ئەحمەد،ناسراو بە عەبدول لەتیفی سەلەفی،لە رێگەی تیمێكی ئایتی شارەزاوە كە زیاتر لە 15 كەس دەبن و ئۆفێسی تایبەتی بۆ گرتوون،بەرێگایەكی دوور لە ئەخلاقی و یاسایی هەڵمەتێكی ئەلكترۆنی دەستپێكردووە بۆ سزادان و داخستنی لاپەڕەی فەیسبوكی ئەو میدیا و كەسانەی كە بەدڵی نین و كاری رۆژنامەوانی لەسەر دەكەن. لەو چوارچێوەیەشدا تائێستا 7 سزای كۆپی رایتی هێناوەتە سەر لاپەڕەی فەرمی دیپلۆماتیك لە فەیسبوك،بە رێگایەك كە سەرتاپای ئەچێتە خانەی تاوانی ئەلیكترۆنییەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە"ئەم رەفتارەی عەبدولەتیفی سەلەفی كارێكی ترسنۆكانەی دوور لە ئازایەتی و شەهامەتە سەرە رای ئەوەی دەچێتە چوارچێوەی دزیەوە لە هەمان كاتدا ئەچێتە خانەی تاوان و دەستبردن بۆ ئاسایشی ئەلیكترۆنی".

دەقی ڕاگەیاندراوەكەی دیپلۆماتیك:

ئەوەی عەبدولەتیفی سەلەفی دەیكات تاوانی ئەلیكترۆنییە
تكایە عەبدولەتیفی سەلەفی راگرن

#دیپلۆماتیك
عەبدولەتیف ئەحمەد،ناسراو بە عەبدول لەتیفی سەلەفی،لە رێگەی تیمێكی ئایتی شارەزاوە كە زیاتر لە 15 كەس دەبن و ئۆفێسی تایبەتی بۆ گرتوون،بەرێگایەكی دوور لە ئەخلاقی و یاسایی هەڵمەتێكی ئەلكترۆنی دەستپێكردووە بۆ سزادان و داخستنی لاپەڕەی فەیسبوكی ئەو میدیا و كەسانەی كە بەدڵی نین و كاری رۆژنامەوانی لەسەر دەكەن. لەو چوارچێوەیەشدا تائێستا 7 سزای كۆپی رایتی هێناوەتە سەر لاپەڕەی فەرمی دیپلۆماتیك لە فەیسبوك،بە رێگایەك كە سەرتاپای ئەچێتە خانەی تاوانی ئەلیكترۆنییەوە.

ئەوەی سوپای ئەلكترۆنی لە تیفی سەلەفی كردویانە بریتیە لە دزینی ڤیدیۆكانی دیپلۆماتیك كە خۆمان بەرهەمان هێناوە بە پیشكەشكار و لەناو ستۆدیۆی خۆماندا و لەرێگەی سیستمی رایت مەنیجەرەوە دەیكات بە موڵكی خۆی و پاشان دەیكاتە كۆپی رایت لەسەر خۆمان،گوایە ئەم ڤیدۆیانە موڵكی ئەون و ئێمە بەكارمان هێناوە.
پرۆسەكەش بەم شێوەیەیە:

پەڕەی ‎دكتۆر عبداللطیف احمد Dr.Abdullatif Ahmed‎ هەڵدەستێت بە دابەزادنی ڤیدیۆكانی دیپلۆماتیك و لە ڕایت مەنجەری تایبەتیان و بەمەش سەرجەم ڤیدیۆكانی دیپلۆماتیك دەكاتە مافی خۆی پاشان هەڵدەستێت بە سزادانی پەڕەكانی میدیای دیپلۆماتیك.
پەڕەی ‎دكتۆر عبداللطیف احمد Dr.Abdullatif Ahmed‎ لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ، تاوەكو ئێستا چەندین جار بەبردنی ڤیدیۆكانی دیپلۆماتیك و كردنە مافی تایبەتی خۆی سزای توندی خستۆتە سەر لاپەڕەكەمان و هەوڵی داخستی داوە.

ئەم رەفتارەی عەبدولەتیفی سەلەفی كارێكی ترسنۆكانەی دوور لە ئازایەتی و شەهامەتە سەرە رای ئەوەی دەچێتە چوارچێوەی دزیەوە لە هەمان كاتدا ئەچێتە خانەی تاوان و دەستبردن بۆ ئاسایشی ئەلیكترۆنی.

ئەوەی عەبدولەتیفی سەلەفی كردویەتی نە ئازایەتییە نە زیرەكی بەڵكو ئەنجامدانی تاوانە بەرۆژی روناك و بەبەرچاوی دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەكانەوە.

دیارە پشتی قایمە و لە دەسەڵات و دەزگا ئەمنیەكانی ئەم ووڵاتە بێ‌ باكە و سڵ ناكاتەوە،ئەگینا ئەوەی ئەو كردویەتی تاوانێكی قێزەونی ئەلیكترۆنیە و هەر كەس بیكات،دەبێت ئاسایش و حكومەت خۆیان ببنە سكاڵاكار لەسەری