بڕیارە سبەینێ پرۆسەی دەنگدانی ئەزمونی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن بەردەوامە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، لەوچوارچێوەیەدا، بڕیارە سبەینێ لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دەنگدانی ئەزمونی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.

وتیشی، لە هەریەک لە پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە)، 180 ناوەند ئامادەکراوە بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانی ئەزمونی.

باسی لەوەشکرد، لەو 180 ناوەندە 173 ناوەند بۆ دەنگدانی گشتی و حەوت ناوەندیش بۆ دەنگدانی هێزە ئەمنییەکان ئامادەکراوە.

بەوتەی جومانە غەلای، ئامانج لە بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانی ئەزمونی بۆ هەڵسەنگاندنی توانای کارمەندانی راهێنراوی کۆمسیۆن و تاقیکردنەوەی سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدانە لەیەک کاتدا سەرجەمیان دەخرێنەکار بۆ دیاریکردنی کەموکورییەکان و کاری ئامێرەکانە.

دوای سێ جار لە دواخستنی، بڕیارە رۆژی (10/6/2024) هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و هەڵبژاردنەکەش راستەوخۆ لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەپێی ئامارێکی کۆمسیۆنیش 886 کاندیید دو هاوپەیمانێیەتی و 10 لایەنی سیاسی خۆیان تۆمارکردوە.