بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: سەربای بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەن بە فەرمی داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات.

لە یادی (36) ساڵەی تاوانی ئەنفال بزوتنەوەی گۆڕان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: دوای تێپەڕبونی 36 ساڵ هێشتا بەشێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای سەرەتایترین مافیان دەکەن کە هێنانەوەی روفاتی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەنفالە.

ئەوەش هاتوە، ئەرکی نوێنەرانی کوردە لە بەغداد کاربکەن بۆ دەرچواندنی یاسایەک بۆ دەستبەری هێنانه‌وه‌ی ته‌واوی روفاتی ئه‌نفالکراوان بۆ خاکی نیشتمان بکات و قه‌ره‌بوی کەسوکاری قوربانیان مسۆگەر بکات.

دەقی راگەیەنراوی بزوتنەوەی گۆڕان:


راگەیەندراوی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یادی (٣٦)هەمین ساڵەی ئەنفال

ئەمڕۆ، (٣٦) ساڵ بەسەر پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال، وەک یەكێكه‌ لە گەورەترین ئەو تاوانانەی، لە لایەن رژێمی‌ بەعسەوە دەرهەق بەگەلی کورد ئەنجامدرا، تێدەپەڕێت.

ئەم روداو و کارەساتە تراژیدییە، لە بنەڕەتدا پرۆسه‌یه‌كی نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراوی ڕژێمی به‌عس بو، بۆ سڕینه‌وه‌ و لەناوبردنی نه‌ته‌وەی كورد و ئاسەوارە كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆڤایه‌تی و ئابوری و کلتوری كۆمه‌ڵگه‌کەی، ‌کە له‌ (٢٣)ی‌ شوباتی‌ ساڵی (١٩٨٨) ده‌ستی پێکرد و لە هەشت قۆناغدا، شەش ناوچه‌ی‌ جوگرافیای جیاوازی کوردستانی گرتەوە و بەرەوژووری (١٨٢) هەزار هاوڵاتی کورد کرانە قوربانی‌ و بێسەروشوێن کران.


بەداخەوە، ئێستا و دوای تێپەڕبونی (٣٦) ساڵ بەسەر ئەو تاوانە گەورەیەدا، هێشتا بەشێك لە كەسوكاری ئەنفالكراوان؛ داوای سەرەتایترین داخوازی و مافەکانیان دەکەن، کە خۆیان دەبیننەوە لە هێنانەوەی روفاتی كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیان، بەسزاگەیاندنی تاوانبارانی ئەنفال، ناساندنی ئەم تاوانە وەکو جینۆساید و کەیسێکی نێودەوڵەتی لەسەر ئاستی جیهان.

 ‌ئێمە، لە بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سەرەڕای هاوخەمی و هاوسۆزیمان له‌گه‌ڵ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان، دژی به‌ حیزبی کردن و بچوککردنەوەی ئەو تاوانە گەورەین لە نمایشی بێ کرداردا، هەربۆیە له‌ ڕابردو و ئێستاشدا هه‌وڵمان‌ داوه‌ مانایه‌كی‌ گه‌وره‌تر به‌م كاره‌ساته‌ بدرێت، بەشێوەیەک پاداشتی ئه‌نفالکراوه‌کان و که‌سوکاریان بە بونیادنانی حوکمڕانیەکی باش و هەرێمێکی‌ ئازاد بدرێتەوە، که‌ تێیدا ژیان و ئاسایش و ئازادی و که‌رامه‌تی هه‌موو ئینسانێک به‌ یاسا پارێزراو بێت.


هاوکات، سەرەڕای بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال، لە لایەن دادگای‌ باڵای‌ تاوانه‌كانی‌ عێراق؛ داوا دەکەین حکومه‌تی فیدراڵی عێراق به‌ فه‌رمی‌ داوای‌ لێبوردن‌ له‌ گه‌لی‌ كورد بکات، لەو ناوەندەشدا ئه‌رکی یاسایی و سیاسی و ئه‌خلاقی نوێنەرانی کوردە لە بەغدا؛ دەرچواندنی یاسایەکە دەستەبەری هێنانه‌وه‌ی ته‌واوی روفاتی ئه‌نفالکراوان بۆ خاکی نیشتمان بکات و قه‌ره‌بوی کەسوکاری قوربانیان مسۆگەر بکات.

بزوتنەوەی گۆڕان
١٤ی ٤ی ٢٠٢٤