عەبدوڵای حاجی مەحمود، لە حزبەكەی دوورخرایەوە و وتەبێژی پارتی سۆسیالیستیش دەڵێت، دەبێت پۆستی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانیش رادەست بكاتەوە.

فەرهاد تۆفیق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە سنورمیدیا راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی بە ئامادەبوونی (محەمەدی حاجی مەحمود) سەرۆكی پارتەكە بە تێكڕای ئەندامانی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بڕیاریدرا بە دوورخستنەوەی ( عەبدوڵای حاجی مەحمود) جێگری سەرۆكی پارتی سۆسالیست دیموكراتی كردبوو.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا بڕیاردرا كە سەرجەم ئەو موڵك و ماڵ و ئۆتۆمبێل و كەرەستانەی كە موڵكی پارتەكە بوون لای جێگری سەرۆكی پارتی سۆسالیست بووە، بە زووترین كات بیگەڕێنێتەوە بۆ حزب، چونكە لە ئەمڕوە هیچ پەیوەندییەی بە پارتەكەوە نەماوە و مافی ئەندانمێتی لێوەرگیراوەتەوە.

وتیشی، عەبدوڵای حاجی مەحمود، لەسەر پشكی حزب پۆستی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی پێدراوە، دەبێت رادەستی حزبی بكاتەوە.

ئەو بەرپرسەی باڵای یەی پارتی سۆسالیست دیموكراتی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆشدا بڕیاردرا كە ( عەبدوڵای حاجی مەحمود) نەتوانێت بەشداری كۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسالیست بكات، چونكە لە ئەمڕۆوە لە ڕیزەكانی ئەو حزبە دەركراوە و هیچ مافێكی نەماوە بەسەر حزبەكەوە بۆیە ناتوانێت بەشداری كۆنگرەش بكات، كە وابڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا ببەسترێت.