هەردو بانکی رەشید و رافیدەین، کە دو بانکی حکومین دڵنیاییان داوەتە حکومەتی عێراق کە لە توانایاندایە، لەماوەی یەک مانگدا تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم بکەنە خاوەن هەژماری بانکی.


هەردو بانکی رەشید و رافیدەین ئامادەکارییەکانیان بۆ کردنەوەی لقەکانیان لە هەولێر و سلێمانی دەستپێکردوە و رەزامەندییان نیشانداوە بۆئەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

لەدوای کردنەوەی لقی ئەو بانکانە لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی دەمێنێتەوە رەزامەندی و لێکتێگەیشتنی نێوان هەردو حکومەتە، بۆ چۆنییەتی رادەستکردنی لیستی موچەی فەرمانبەران بەو بانکانە، تا هەژماری بانکییان بۆ بکەنەوە.

بەرپرسانی هەردو بانکی رەشید و رافیدەین دڵنیاییان داوە بە حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی عێراق، کە لە توانیاندایە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا هەژماری بانکی بۆسەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.


پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە نەناردنی موچە لەلایەن بەغدادوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نایاساییە ، دەبێت فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق موچە وەربگرن، دوای کۆبونەوەشی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، تەنیا بۆ مانگی شوبات پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت و بۆ مانگەکانی دواتر دەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ئەلیکترۆنى بکرێت و فەرمانبەران ببنە خاوەن هەژماری بانکی تایبەت بە خۆیان.