بەهۆی سڕكردنی بەرپرسی دەزگای پێشمەرگەی سۆسیالیستەوە كە زاوای محەمەدی حاجی مەحمودە، گرژی دروست بووە و ئەگەری پێكدادانی سەربازی لەناو گوندی گوڵەخانە هەیە.

بە فەرمانی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لیوا سەڵاح عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای كاروباری پێشمەرگەی پارتی سۆسیالیست لە پۆستەكەی سڕكرا، دوێنێش حسێن خەلیفە ئەندامی مەكتەبی سیاسی وەك لێپرسراوی دەزگای كاروباری پێشمەرگەی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەستبەكاربوو .

لیوا سەڵاح عەلی بەرپرسی دەزگای پێشمەرگەی سۆسیالیست مێردی خوشكی محەمەد حاجی مەحمود و عەبدوڵای حاجی مەحمودە واتا زاوایانە.

سنورمیدیا ئەوەشی زانیوە، محەمەدی حاجی مەحموود بڕیاری ئەوەی دەركردووە عەبدوڵای برای بەهیچ شێوەیەك نەگەڕێتەوە گوندی گوڵەخانە و سڕكرێت و لێپرسینەوەی حزبیشی لەگەڵدا بكرێت.

ئەمڕۆش بەمەبەستی ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات و رادەستكردنی پۆستەكە لە لیوا سەڵاحەوە بۆ حسێن خەلیفە لە گوڵەخانە لەسەر رێگای سەیدسادق هەڵەبجە، گرژی درووست بووە، هێزە ئەمنییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانیش بۆ ڕێگریكردن لە دروستبوونی پێكدادانی سەربازی، هێزی لە نزیك گوندی گوڵەخانە جێگیر كردووە.