تاك
شاندێكی كۆنگرێس كە پێكهاتبوو لە فرەنچ هیڵ (French Hill) نوێنەری ویلایەتی ئەركەنسا، بێن كڵاین (Ben Cline) نوێنەری ویلایەتی ڤێرجینیا و سكات فیتزجیراڵد (Scott Fitzgerald) نوێنەری ویلایەتی ویسكانسن ڕۆژی یەك شەممە (27/ 8/ 2023) سەردانی باكووری ڕۆژئاوای سوریایان كرد.
ئەم سێ ئەندامەی كۆنگرێس كە سەر بە پارتی كۆمارییەكانن،  لە ڕێگەی دەروازەی (باب سەلامە)ی نێوان سوریا و توركیاوە چوونەتە نێو پارێزگای حەلەبەوە. ئەم سەردانە بە یەكەم سەردانی ئاشكرا دادەنرێت كە لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا لە لایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە بۆ سوریا ئەنحام درابێت. ئەم سەردانە كە نزیكەی تەنها یەك كاتژمێری خایاند "ئاماژەیە بۆ بوونی پشتیوانییەكی بەرچاو لە نێو كۆنگرێسەوە بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا".
فرەنچ هیڵ دوای جێهێشتنی سوریا ئامانجی سەردانەكەی بۆ ئەو ناوچانەی كە لەلایەن هێزەكانی نزیك لە توركیاوە كۆنترۆڵ كراوە، بۆ میدیاكان ئاشكرا كرد و وتی، كە دەیانەوێت "فشار بخەنەسەر حكومەتی ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا بۆ ئەوەی فشار لە بەشار ئەسەد بكەن تا لە ڕێگەی چارەسەرێكی سیاسییانەوە كۆتایی بە جەنگەكە بهێنێت".
ئەم سەردانە لە كاتێكدایە بەشێكی زۆر لە وڵاتانی ناوچەكە سەرقاڵی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیانن لەگەڵ دیمەشقدا و سەردانی ئەم شاندە بۆ ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی ئۆپۆزسیۆنی سوری هەڵوێستی ئەمەریكا، كە دژی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانە، دووپات دەكاتەوە.
ئەم سەردانە لەلایەن گرووپی سوری بۆ كاری لەناكاوی سەر بە ئۆپۆزسیۆن (Syrian Emergency Task Force)ەوە ڕێكخراوە. ئەم گرووپە بارەگاكەی لە ئەمەریكایە و سەردانی ئەندامانی كۆنگرێس و ئەنجومەنی پیران بۆ نێو سوریا ڕێكدەخات.
لەكاتی گەیشتنیان ئەم ئەندامانەی كۆنگرێس لەلایەن منداڵانی بێ سەرپەرشتی ماڵی حیكمەوە پێشوازیان لێكرا و دواتر شاندەكە سەردانی چەند خوێندنگەیەکی كرد و پاشان لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەكە كۆبوونەوە.
هیڵ بەوە ناسراوە كە لە كۆنگرێسدا پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی سوری دەكات و لایەنگرانی ناوبراو لە ویلایەتی ئەركەنسا پارە بۆ بەشێك لە خوێندنگەکانی باكووری ڕۆژئاوای سوریا دابین دەكەن.

سەرچاوە
https://abcnews.go.com/International/wireStory/us-congress-members-make-rare-visit-opposition-held-102602216