تاک

 پەیمانگى کارنگى: کەنارخستنى هەرێمى کوردستان لە پلانى نوێى پەرەپێدان لە عێراق کە لە رووى ئابوورییەوە هیچ پاساوێکى نییە، دەتوانێت کارێکى تەواو سیاسی بێت.
پڕۆژەى (رێگاى گەشەپێدان)ى ژیرخانى ئابوورى عێراق، پڕۆژەیەکى زەبەلاحە کە لە مانگى ئایارى  2023 ناسێنرا، ئەم رێگایە بە تەواوى خاکى عێراقدا تێدەپەڕێت و بەندەرى گەورەى فاو لە کەنداو لە رێگەى هێڵى شەمەندەفەرەوە دەبەستێتەوە بە تورکیا، ئەم رێگایە کە ناسراوە بە (رێگاى گەشەپێدان) بە تێچووى 17 ملیارد دۆلار، زەمینەیەکى نوێیە بۆ بەستنەوەى ئاسیا بە ئەوروپاوە. ئەم پلانە بابەتى سەرەکى گفتوگۆى یەک رۆژەى بەغدا بوو کە لە لایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانى عێراق بەرێوەچوو بە ئامادەیی وەزیرانى گواستنەوە و گەیاندن و بەرپرسانى ئەنجومەنى هاوکارى کەنداو، ئێران، تورکیا، سوریا و ئەردەن.
ئامانجى رێگاى گەشەپێدان نۆژەنکردنەوەى ژێرخانى گواستنەوە و گەیاندنە لە عێراق. نالەبارى دۆخى ژێرخانى رێگەوبان لە عێراق نەوەک تەنها هاتوچۆى مرۆڤى سەخت کردووە، بەڵکو تێچووى بازرگانیشی زیاتر کردووە و رێگر بووە لەبەردەم گواستنەوە و گەیاندنى نێودەوڵەتى کاڵا.
بە وتەى بەرپرسان لە عێراق ئەم پڕۆژە بە شێوەى فەرمى لە ساڵى داهاتوودا دەستپێدەکات و بە سێ قۆناغ تا ساڵى 2050 تەواو دەبێت. دەوڵەت بە نیازە لە چوار ساڵى یەکەمدا ساڵانە 22 ملیۆن تەن کاڵا لە رێگەى شەمەندەفەرەوە بگوازێتەوە.
پلانى (رێگاى گەشەپێدان) سەربارى ئامانجە دوورمەوداکانى، بەڵام بووەتە جێگەى رەخنەش، لەوانە ئەنجامدانى پڕۆژەکە لە لایەن کۆمپانیایەکى ئیتاڵی-یەوە کە ئەزموونێکى کەمى لە بوارى گواستنەوە و گەیاندندا هەیە، لە لایەکى دیکەوە دیارترین رەخنە لەسەر پڕۆژەکە ئەو رێگەیە کە بۆ پڕۆژەکە لە بەرچاوگیراوە. رێگاى پڕۆژەکە بەسڕە بە بەغداد و موسڵەوە دەبەستێتەوە و بەبێ ئەوەى بە خاکى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕێت دەگات بە سنوورى تورکیا.
بە وتەى باسم عەوادى (باسم العوادي) وتەبێژى عێراقى، هۆکارى تۆپۆگرافی و ئابوورى لەپشت ئەم بڕیارەوە بوون، عەوادى پێی وایە رێگەکە ئەگەر بە هەرێمى کوردستاندا تێپەڕیبایە، بە هۆى شاخاوى بوونى ناوچەکە، خشتەى کاتى تەواو بوونى پڕۆژەکە دوو ساڵ درێژ دەبووەوە و بودجەکەشی 3 ملیارد دۆلار زیاتر دەبوو و تێکڕاى تێچووەکەى دەگەیشتە 20 ملیارد دۆلار.
مەهمەت ئالاچا لێکۆڵەرى عێراقى بەرەگەز تورکى، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، دوورخستنەوەى هەرێمى کوردستان لە پڕۆژەکە تەواو سیاسییە، بە بۆچونى ئەو ئەنجامدانى گشتپرسی لە ساڵى 2017 لە هەرێمى کوردستان بە ئامانجى جیابوونەوە لە عێراق، پاڵى بە حکومەتى ناوەندییەوە نا تا تۆڵە لە هەرێم بکاتەوە. هەرێمى کوردستان بەر لە ئەنجامدانى گشتپرسی لە رێگەى کۆمپانیا نەوتییەکانى خۆیەوە، خاوەن هاوپەیمانى دژ بە داعش و پەیوەندى دیپلۆماسی و نێودەوڵەتى بەهێز بوو.
حکومەتى ناوەندى لە دواى ئەنجامدانى ریفراندۆمەوە، کاری کردووە لەسەر سنووردارکردنى دەستڕاگەیشتنى هەرێمى کوردستان بە جیهانى ئازاد و کردنى هەرێم بە یەکەیەکى کارگێڕى. دادگاى باڵاى فیدڕالى عێراق لە شوباتى 2022، یاساى نەوت و گازى هەرێمى کوردستانى هەڵوەشاندەوە، کە لە ساڵى 2007ەوە لە هەرێم دەنگى لەسەر درابوو، هەروەها رێگرى کرد لە هەناردەکردنى نەوت و دەستى بەسەر بودجەى هەرێمدا گرت بە بیانوى ئەوەى هەرێم خۆى خاوەن دەرامەتى نەوتى خۆیەتى. دواتر دیوانى بازرگانى نێودەوڵەتى رایگەیاند، کۆمپانیاى نەوتى عێراق تەنها دامەزراوەیە کە رێگەپێدراوە نەوت لە بەندەرى جیهانەوە هەناردە بکات، ئەم هەنگاوە بە پێى لێکدانەوەى شرۆڤەکاران ئاماژەیە بۆ هەوڵى حکومەتى ناوەندى بۆ بچڕاندنى پەیوەندى هەرێمى کوردستان بە جیهانى دەرەوە.
پڕۆژەکانى ژێرخانى ئابوورى هەمیشە مەبەستێکى سیاسییان لە پشتەوەیە بە تایبەت کاتێک قسە لەسەر پرۆژەکانى پەرەپێدانى سەرتاسەرى دەکرێت. بەڵام بەو پێیەى کە بڕیارەکەى دەوڵەتى عێراق لەبەر ترسی دابەشبوونى خاکى عێراقە، کەنارخستنى هەرێمى کوردستان لە پلانى (رێگاى گەشەپێدان) هەنگاوێکى پڕمەترسییە.
کوردەکانى عێراق پێیان وایە مەبەست لەم پڕۆژەیە کەنارخستنى هەرێمى کوردستانە لەو پڕۆژە ستراتیژییە کە تەنها دەرەنجامى توندکردنەوە ماملانێ سیاسییەکان دەبێت لە عێراقدا، هەروەک چۆن وەزیری گواستنەوە و گەیاندنى هەرێمى کوردستان جەخت دەکاتەوە لەوەى کە (بەبێ لەبەرچاوگرتنى هەرێمى کوردستان، هیچ رێگە بۆ پەرەدان بە عێراق بوونى نابێت).

سەرچاوە: کوردپرێس
https://www.kurdpress.com/news/2759299/%D8%B3%D9%87%D9%85-%D8%A7%D9%82%D9%84%DB%8C%D9%85-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D8%B2-%D8%AC%D8%A7%D8%AF%D9%87-%D8%AA%D9%88%D8%B3%D8%B9%D9%87-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82