نووسینی: The International Institute for Strategic Studies
وەرگێڕانی: تاك | بۆ خوێندنەوەی ئەم شیکارییە بە فایلی پی.دی.ئێف کلیک لێرە بکە  


هەرچەندە هەرێمی كوردستان پێگەكەی لە نێو عێراقی فیدراڵدا چەسپاندووە، بەڵام هەرێمەكە بە هۆی ململانێكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر داهاتی نەوت و گرفتە ئابوورییەكان و ململانێی نێوان باڵە جیاوازەكانی نێو دوو پارتەكەی هەرێم، ڕووبەڕووی ئاڵنگاری سیاسی و ئابووری بووەتەوە. مەسعود بارزانی كە لە ساڵی 1979ەوە سەرۆكایەتی پارتی دەكات، لە ئێستادا 76 ساڵ تەمەنی هەیە و دەنگۆكان باس لەوە دەكەن كە ناوبراو بەدەست گرفتی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.
هەرچەندە بارزانی باوك لە ئێستادا هیچ پۆستێكی فەرمی (لە نێو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا) نییە، بەڵام كۆتا بڕیار دەربارەی پرسی كورد لەلایەن ئەوەوە دەدرێت. ناوبراو كاروباری بەڕێوەبردنی (هەرێمەكەی) بەپێی تێپەڕبوونی كات بە كوڕەكەی خۆی مەسرور بارزانی و برازاكەی نێچیرڤان بارزانی سپاردووە. لە ئێستادا مەسرور بارزانی كوڕی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان و نێچیرڤان بارزانی برازاشی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.
 هەرێمی كورستان بەهۆی ناكۆكییە ئابووریی و یاساییەكانی لەگەڵ بەغدا وەك ڕابردوو، بەتایبەتی دەیەیەك دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە، ناوچەیەكی ئارام و گەشەسەندوو نییە. بۆردومانكردنی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی بەردەوام لەلایەن توركیا و ئێرانەوە وای لە بەشێكی زۆر (لە چاودێران) كردووە كە دەربارەی ئایندەی هەرێمەكە لە دوای مەرگی مەسعود بارزانی، كە بۆ زۆرێك فاكتەری سەقامگیری هەرێمەكەیە، پرسیار بكەن.

ئۆتۆنۆمی و ڕیفراندۆمێكی شكستخواردوو

لە دوای جەنگی كەنداوەوە هەرێمی كوردستان توانی ئۆتۆنۆمی لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا لە 1991 بەدەستبهێنێت. ساڵی 1992 هەردوو پارتە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان، یەكێتی و پارتی، توانیان حكومەتێكی یەكگرتوو پێكبهێنن، بەڵام ئەم حكومەتە یەكگرتووە دوو ساڵ دواتر لە 1994، بە هۆی جەنگی ناوخۆی نێوان پارتی و یەكێتییەوە كۆتایی پێهات. كاتێك جەنگە ناوخۆییەكە لە 1998 بە هۆی ڕێككەوتنەكەی واشنتۆنەوە كۆتایی هات، دوو ئیدارەی سەربەخۆ، ئیدارەی پارتی لە هەولێر و ئیدارەی یەكێتی لە سلێمانی، لە هەرێمی كوردستان دروست بوو. سەرەڕای ئەم دابەشبوونە، یەكێتی و پارتی توانیان دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمەریكییەكان لە 2003 بەشێوەیەكی كارا هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرن و هەوڵێكی زۆریان دا تا پێگە و دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان لە دەستوری هەمیشەیی عێراقدا، كە لە 2005 دەنگی لەسەر درا، بچەسپێنن. یەكێتی و پارتی لە هەمان ساڵدا، لە 2005، بە شێوەیەكی فەرمی ئیدارەكانیان یەكخست و حكومەتێكی یەكگرتوویان لە هەرێمی كوردستان پێكهێنا. یەكگرتووبوونی حكومەت هەموو شتێكی ئەم دوو پارتەی یەكنەخست و تا ئێستاش دەزگا ئەمنییەكانی ئەم دوو پارتە سەرەكییەی هەرێم بەشێوەیەكی سەربەخۆ و جیا لەیەكتر كار دەكەن.
دابەشبوونی پێشووتری هەرێمی كوردستان لاوازێتی هەرێمەكەی سەلماندووە و ئەوەشمان پێدەڵێت، ئەگەر ناكۆكی و گرژییەكانی نێوان دوو پارتە سەرەكییەكەی هەرێم، پارتی و یەكێتی، زیاتر بێت و پەیوەندییەكانیان بە تەواوی تێكبچێت، چی ڕوودەدات: هەرێمەكە جارێكی تر بەسەر زۆنە كۆنەكاندا دابەش دەبێتەوە.
بوونی ماددەیەك لە دەستووری هەمیشەیی عێراقدا كە ڕێگە بە دروستبوونی هەرێمێكی تر دەدات و یەكێتی دەتوانێت وەك بژاردەیەك بەكاری بهێنێت، چانسی ئەم دابەشبوونەی هەرێمی كوردستان زیاتر دەكات. لە ڕابردوودا، كاتێك عێراق نوقمی كردەوەی تیرۆریستی و جەنگی تائیفی ببوو، هەرێمی كوردستان بۆ چەندین ساڵ ناوچەیەكی ئارام و "عێراقێكی جیاوازتری" پیشانی هەموو لایەك دا.
بارودۆخی سیاسی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان، كە خراپبوونی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و دوو پارتە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان لە دیارترین تایبەتمەندییەكانێتی، لە ساڵی 2017ەوە دروست بووە. لەم ساڵەدا پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان توانییان كۆتایی بە داعش، كە لە 2014 ناوچەیەكی زۆری لە باكووری عێراق داگیر كردبوو، بهێنن. لە هەمان ساڵدا هەرێمی كوردستان لە 25ی سێپتەمبەری 2017 ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و زۆربەی دەنگدەران بە بەڵێ دەنگیان بە ڕیفراندۆمەكە دا. هەرچەندە ڕیفراندۆمەكە لە ڕووی یاساییەوە پابەندكەر نەبوو، بەڵام بەغدا بە تەواوی دژی ڕیفراندۆمەكە وەستایەوە.
ڕیفراندۆمەكە ئێران و توركیا و سوریای، بە هۆی بوونی كوردێكی زۆر لەو وڵاتانە، نیگەران و توڕە كرد. ئەمەریكاش، كە 14 ساڵی دوای داگیركردنی عێراقی بۆ بەیەكگرتوویی هێشتنەوەی ئەو وڵاتە تەرخان كردبوو، دژی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان وەستایەوە. ڕیفراندۆمەكە لە كاتێكی خراپدا ئەنجام درا و بەشێك لەو شوێنانەی كە تێیدا، ناوچە جێناكۆكەكان وەك نموونە، بەڕێوەچوو چەندین لایەنی دەرەكی و ناوخۆیی وروژاند. دوای بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەكە، سەرۆكی ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی، كە بۆ ماوەی 12 ساڵ سەرۆكایەتی هەرێمەكەی كرد، ناچاركرا دەستبەرداری كورسییەكەی ببێت.

ئاڵنگارییەكانی سەردەمی دوای ڕیفراندۆم

بەغدا وەك پەرچەكردارێك لە دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەكە، زۆربەی ناوچە جێناكۆكەكانی لە ژێر دەستی پێشمەرگە دەرهێنا و خستییە ژێر كۆنترۆڵێ خۆیەوە. لە ڕووی سیاسیشەوە بەغدا چەندین كەیسی دەستووری و یاسایی، فرۆشتنی نەوتی هەرێم بەشێوەی سەربەخۆ وەك نموونە، لە دژی هەرێمی كوردستان جوڵاند. پارتە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی پارتی، ناچاركران بەئاگا بێنەوە و درك بەوە بكەن كە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان- بەتایبەتی لە ئایندەیەكی نزیدا- بابەتێكە ئەوەندەی لە خەیاڵەوە نزیكە، ئەوەندە لە واقیعەوە نزیك نییە. پارتی دووبارە بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدادا چووەوە و بڕیاری دا كاریگەری و پێگەكەی لە بەغداد بەهێزتر بكات.
ئەم گۆڕانكارییە لە شێوازی كاركردنی پارتی ڕێككەوتنە نەنووسراوەكەی نێوان پارتی و یەكێتی، هەولێر بۆ پارتی و بەغدا بۆ یەكێتی، خستە مەترسییەوە. لە ڕابردوودا یەكێتی و پارتی بەشێوەیەكی زارەكی لەسەر ئەوە ڕێككەوتبوون كە یەكێتی  هەرێمی كوردستان بۆ پارتی جێدەهێڵێت و لە بەرامبەردا پارتیش بەغدا ڕادەستی یەكێتی دەكات. هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە یەكێتی لە دوای 2005ەوە سەرۆكایەتی عێراقی فیدڕاڵی كۆنترۆڵ كردبوو. هەوڵەكانی پارتی بۆ بەهێزكردنی پێگەكەی لە بەغدا بەو مانایە دێت كە ململانێكانی نێوان ئەم دوو پارتە سەرەكییەی هەرێمی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆكایەتی عێراق، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018ەوە، دەست پێ دەكات (و بەشێك لە ململانێكانیان لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەغدا و ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم دەگوێزنەوە). یەكێتی توانی لە 2018 پێگەكەی لە بەغدا بۆ بردنەوەی كورسی سەرۆكایەتی عێراق بەكار بهێنێت و لەمەدا سەركەوتوو بوو. لە 2021 پێكهێنانی حكومەتی عێراق گرفتی تێكەوت و كاتی زیاتری ویست و لە كۆتاییدا یەكێتی توانی پۆستی سەرۆك كۆمار جارێكی تر بەدەستبهێنێتەوە و عەبدوللەتیف ڕەشید، كە پێشتر وەزیری سەرچاوە ئاوییەكانی حكومەتی فیدڕاڵ و ئاوەڵزاوای سەرۆكی كۆچكردووی یەكێتی جەلال تاڵەبانییە، لە ئۆكتۆبەری 2022 خستەسەر كورسی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق.
پارتە كوردییەكان، كە پێشتر بەرەیەكی یەكگرتوویان پێكهێنابوو، لە ئێستادا لە بەغدا جەنگی یەكتر دەكەن. ئەم ململانێ ئاشكرایەی نێوان پارتی و یەكێتی كاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی هەرێم و ژیانی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هەبووە. ئەم ململانێیانە وای لە هەرێم كردووە بەرانبەر ئاڵنگارییە ئابوورییەكان لاوازتر ببێت و بەشێك لە سەربەخۆییەكەی لەدەست بدات.
یەكێتی و پارتە ئۆپۆزسیۆنە كوردییە بچوكەكان، بەم دواییانە هەوڵیان داوە لەو ناوچانەی هەرێم كە دەكەوێتە دەرەوەی كۆنترۆڵی پارتییەوە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بكەن. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات كە حكومەتی هەرێم (لە 2014ەوە) نەیتوانیوە لە كاتی خۆیدا موچەی موچەخۆرەكانی خۆی دابین بكات. لە بەرانبەردا یاسای بودجەی ساڵی 2023 ڕێگە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەدات، ئەگەر لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە پارەی (پێویستیان) بۆ دابین نەكرا، ئەوا داوا لە نووسینگەكەی سەرۆك وەزیران بكەن بە شێوەی ڕاستەوخۆ پشكی ئەو پارێزگایانە بنێرێت.
ئەمە سێ مانگ دوای ئەوە هات كە دادگای ناوبژیوانی پاریس لە مانگی ئازاری 2023 بڕیاری دا كە توركیا لە ڕێگەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانەوە یاساكانی عێراق و ڕێككەوتنەكانی نێوان ئەنقەرە و بەغدای پێشێل كردووە. لە دوای ئەم بڕیارەوە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ڕاگیراوە و سەرەڕای هەوڵەكانی بەغدا و ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لە نێوان بەغدا و هەولێر، تا ئێستا توركیا ڕازی نەبووە نەوتی هەرێم هەناردە بكاتەوە. سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە ئابووری و یاساییانەی كە ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە، توركیا و ئێران ناو بە ناو هەرێمەكە (بە بیانووی جیا جیا) بۆدومان دەكەن. توركیا و ئێران بانگەشەی ئەوە دەكەن كە بۆردومانی ئەو لایەنە كوردییانە دەكەن كە لە هەرێمی كوردستانەوە پەلاماری توركیا و ئێران دەدەن. ئەم بۆدومانانەی توركیا و ئێران لە ساڵی 2022 زیادی كرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و خراپی ڕەوشی ئابووری بەیەكەوە بەشێك لە كوردەكانی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ناچار كردووە هەرێمەكە بەجێبهێڵن و بەرەو ئەوروپا كۆچ بكەن. بەشێك لەم كۆچبەرانە لە بیلاڕوسیا گیریان خواردوو و نەیانتوانیوە بگەن بە وڵاتانی نێو یەكێتی ئەوروپا، ئەمەش وای لە وەزیری دەرەوەی عێراق كرد دەستوەردان بكات.
پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لەگەڵ توركیا لەلایەك و پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی لەلایەكی ترەوە بوونەتە هۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی پەیوەندییەكی دەرەوەی یەكگرتوو نەبێت و بەم هۆیەوە نەتوانێت وەڵامێكی شایستەی دەستدرێژییەكانی (توركیا و ئێران) بداتەوە. پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی لەگەڵ كوردانی توركیا و ئێران پەیوەندییەكانی هەرێمی لەگەڵ ئەنقەرە و تاراندا ئەوەندەی تر ئاڵۆز كردووە. پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە هۆی سەركوتكردنی ڕۆژنامەنووسان و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانەوە، وەك خۆی نەماوە و چووەتە قوناغێكی خراپەوە و تەواو لاواز بووە.

زیادبوونی ناكۆكییە ناوخۆییەكان

مەسعود بارزانی لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە شكستخواردووەكەی هەرێمەوە دەستبەرداری پۆستە فەرمییەكانی بووە. ڕێگەی بردنەپێشەوەی كوڕەكەی، مەسرور بارزانی، بۆ هەڕەمی دەسەڵاتی پارتی ڕێگەیەكی پڕ لە هەوراز و نشێوە. لە كاتی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانیدا، برازاكەی نێچیرڤان بارزانی (كە كوڕی برا گەورەكەی مەسعود بارزانییە و لە هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا بە جەڵتەی دڵ مرد) سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمەكە بوو. نێچیرڤان لەمپەڕێكی گەورە و بەردەوامی بەردەم مەسرور بارزانی بووە و ڕێگر بووە لەوەی ناوبراو بەبێ گرفت دەستی بە كورسی سەرۆكایەتی پارتی بگات. ئەم ناكۆكییەی نێوان مەسرور و نێچیرڤان، بە هۆی بوونی مەسعود بارزانی لە ژیاندا، تا چوار ساڵ پێش ئێستا بە شاراوەیی هێڵدرابووەوە و لەلایەن زۆر كەسەوە دركی پێ نەدەكرا. ئەم ناكۆكی و گرژییانەی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لەو ڕۆژەوەی كە مەسرور تێیدا بوو بە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، بە دیاریكراوی چوار ساڵ پێش ئێستا، ڕوونتر دەركەوت و لەلایەن زۆر كەسەوە هەستی پێكرا.
ململانێكانی نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی (ڕۆژ دوای ڕۆژ) زیاتر دەبن. نیچیرڤان لە مەسرور دیپلۆماسیترە و مەسرور زۆربەی كاتەكانی لە نێو دەزگا ئەمنییەكاندا بەسەر بردووە. كەسە نزیكەكانی مەسرور بەم شێوەیە كەسایەتییەكەی وەسف دەكەن: مەسرور زیاتر حەزی لە فەرمانكردنە و ئارەزوی دیبەیت و مشتومڕ ناكات.
مەسرور بارزانی سەركەوتوو نەبووە لە دروستكردنی پەیوەندییەكی بەرهەمهێن لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا و لە ماوەی كاركردنی وەك سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان تەنها چوار جار سەردانی بەغدای كردووە. ئەمەش بەو مانایە دێت كە نێچیرڤان كەسێكی ناسراوترە لە بەغدا و چەندین جار، چی وەك سەرۆكی حكومەت (لە 2012 بۆ 2019) و چی وەك سەرۆكی هەرێم (لە 2019 بۆ ئێستا)، لە بەغدا نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستانی كردووە و نابراو لە وتارەكانی بەغدایدا نەفەسێكی ناسیۆنالیستی عێراقی بەكاردەهێنێت و باس لەوەش دەكرێت كە سەرقاڵی فێربوونی زمانی عەرەبییە. ئەمە گەرەنتی ئەوە ناكات كە نێچیرڤان لە دوای مردنی مەسعود بارزانی بەسەر مەسروردا سەردەكەوێت (و دەچێتە سەر كورسی سەرۆكایەتی پارتی). بافڵ تاڵەبانی و لاهور تاڵەبانی چیرۆكێكی هاوشێوەیان هەیە: سەرەڕای ئەوەی كە لاهور تاڵەبانی بەراورد بە بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا ناسراوتر بوو، بەڵام ناوبراو تا ئێستاشی لەگەڵ بێت لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لەسەر كار لابراوە.  

پێشبینییەكان

هەرێمی كوردستان دەبوایە لە 2022 هەڵبژاردنەكانی ئەنجام بدابایە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنانە دواخرا و چاوەڕوان دەكرێت لە 2014 ئەنجام بدرێن. دواخستنی هەڵبژاردنەكان نەریتێكی خراپی كارپێكراوە لە هەرێمی كوردستان و مێژووەكەی بۆ دروستبوونی هەرێمەكە لە 1992 دەگەڕێتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، سەرەڕای هەوڵی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، شتێكی ئەوتۆ لە هەرێمی كوردستان ناگۆڕێت: پارتی حوكمی زۆنەكەی خۆی دەكات و یەكێتیش بەردەوام دەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی زۆنی سەوز. ئایا پارتی و یەكێتی دەتوانن لە ئایندەدا بە یەكەوە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبەرن، یان نا، زۆر ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی كە ڕوون بێت ئەوەیە ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەلایەكەوە خزمەت بە بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەكات و لەلایەكی ترەوە سەروەری خاكی عێراق دەخاتە مەترسییەوە و هانی وڵاتانی بیانی (توركیا و ئێران) دەدات بۆردومانی زیاتری خاكی عیراق بكەن.
لە دوای ڕیفراندۆمەكەی 2017ەوە، مردنی مەسعود بارزانی بە خاڵی وەرچەرخانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت و ملمانێكانی نێوان هەردوو جێگرەوەكەی، مەسرور و نێچیرڤان، دەباتە قۆناغێكی نوێوە. لە قۆناغی دوای مردنی مەسعود بارزانی، بەغدا بەشێوەیەك دەستوەردەداتە ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە كە پێشتر لە بیری كەم كەسدا بووە. سیاسییەكانی عێراق باش ئاگاداری ئەم دەرفەتەن (و لەم ڕووەوە ئامادەكاری بۆ دەكەن).  ئایندەی پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی لەلایەك و پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو پارتە لەگەڵ بەغدا لەلایەكی ترەوە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر ڕەوشی سیاسی عێراق دەبێت.
سەرچاوە: IISS

elinkeu.clickdimensions.com/m/1/82424616/p1-t23220-55000fb6f0a54fcab736e9f0e36f0b14/1/1/1?_cldee=7uw1bRHeYrillizA3rJgGClrg5JseY7f-vxiOxSAWYQ6sMr2r4VeK5mgCBpKerio&recipientid=contact-b2db4cad6980de11b23000237dde6e5c-4549bf0a1a5842648229adf884121778&esid=6c701eb9-d932-ee11-bdf3-6045bdd2c716&fbclid=IwAR2k9HR3EYkoexZC0WdHkmwuGRVhSP-p4y5mN2ifpJl8_Uc18ovc-dJwGNk_aem_Ae6rAq-lCW09F8En1U6G8X5yajN7ecOd95ltGZNbXmPCZKsGV2AgZAuvU3ailemvT0c&mibextid=Zxz2cZ