سالار مەحمود5/2/2020 195 جار بینراوە

ئەنفالکراوەکان ئامادەن بگەڕێنرێنەوە "کاری پشکنینی ۱۷۱ روفاتەکان تەواو کرا"


"روفاتی ئەنفالەکان و ئیزیدیەکان پێکەوە لەسەر رەفە ریزکراون"


بەمەبەستی بەدواداچوونی دوا کارەکانی پشکنینی ۱۷۱ روفاتی گۆڕە بە کۆمەڵەکەی سەماوە. سەردانی پەیمانگای پزیشکی دادوەریی بەغدام کرد لە ناوچەی (باب المعظم)، ئەمڕۆ ۲٠۲٠/۲/٥
بەپێی راپۆرتی بەڕێوبەری طب العدلی بەغدا کاری پشکنین بۆ روفاتەکان تەواو بوەو ئاگاداری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و دامەزراوەی شەهیدانی بەغدا دەکەن بۆ ئەو مەبەستە. لەنزیکەوە کارەکانی تیمی پشکنینمان بینی و سەردانی روفاتە پیرۆزەکانم کردەوە.


بەشێک لەبەڵگەو کەلوپەلەکان و شێوازی تۆمارکردن و تەرقیمکردنیان و چۆنێتی هەڵگرتنیانم بینی.


بەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستی ئەم دائیرەو تیمی پشکنیندایە دڵسۆزانە کاری خۆیان ئەنجام داوە.


بەڵام کاری DNA یان بۆ نەکراوە چونکە سامپڵی کەسوکاری ئەنفالکراوەکانیان لا نیە. یا راستر بڵێم لەبنەماوە گرفتێک لەم پرۆسەیە هەیە، سامپڵ (عینة)ی کەسوکاری ئەنفالەکان وەرنەگیراوە کە دەبوو لە دوای راپەڕینەوە ئەم ئەرکە لە کورستانەوە ئەنجام بدرایە، یا لەگەڵ هەڵدانەوەی یەکەم گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکاندا ئەم کارە ئەنجام بدرایە.


لەبەر ئەوەی هێشتا روفاتی زۆر کەم لە ۱۸۲٠٠٠ هێنراوەتەوە درەنگ نیە حکومەتی کوردستان ئەم ئەرکە راپەڕێنێ.


........


۱۳٤ روفاتی ئیزیدیەکان لە بەغدایە
پشکنین بۆ ٦٤ یان تەواوکراوە


جینۆسایدی شەنگال کە لە ۲٠۱٤/۸/۳ داعش ئەنجامی دا. هەزاران لە کوردی ئیزیدی کرایە ئامانج.


لە گوندی کۆچۆ چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرانەوەو لەمانگی سێی ساڵی ۲٠۱۹ یەکەم گۆڕ هەڵدرایەوە.


روفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادوەری بەغدا کراون تا ئێستا کاری پشکنینیان بۆ دەکرێت.


بۆ هەمان مەبەست سەردانی ئێسک و پروسکی ئیزیدیەکانم کرد. بەهەمان پرۆسەی پشکنین بۆ ئەنفالکراوەکان بۆ قوربانیانی شەنگال ئەنجام دەدرێ.


بینینی ئەو دیمەنانەو بەڵگەنامەو کەرەستەکان هیچ ئاسان نییە، خەمێکی قووڵە کورد بێ باکترین نەتەوەی سەر زەوییە، کورد هیچ دەرس لەمێژوو وەرناگرێ، کورد زاکیرەو بیری زۆر کۆڵەوارە، بەداخەوە..


ئەمڕۆ جارێکی تر گەڕامەوە بۆ ساڵی هەشتاو هەشت و ئازیزەکانم لەناو رەفەی ئاسن و کارتۆندا بینیەوە.


دوای ۲٦ ساڵ لەئەنفال روفاتی کوردانی ئیزیدی لەپاڵ ئەنفالکراوەکاندا بەتەنیشت یەکەوە ریزکراون.


مێژوو خۆی دوبارە ئەکاتەوە.


سالار مەحمود


بەغدا ناوچەی باب المعظم
۲٠۲٠/۲/٥

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure