سه‌رتيپ وه‌يسى1/2/2020 2664 جار بینراوە

جارێكى دیكه‌ یه‌كێتیى له‌به‌رده‌م قه‌یرانێكى ناوخۆیدایه‌

 

ناكۆكییه‌كانى یه‌كێتیى له‌ دواى كۆنگره‌ى چواره‌م، ڕۆژ دواى ڕۆژ روو له‌ زیادبون ده‌كات، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ى ئه‌نجومه‌نى گشتیى سه‌ركردایه‌تى، به‌ ته‌واوى ناكۆكییه‌كان ده‌ركه‌وتن، ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌هات كه‌ ( ماڵى كۆسره‌ت ره‌سول و ئه‌وانه‌ى له‌ دلێرى سه‌ید مه‌جیده‌وه‌ نزیكن له‌وانه‌ عیماد ئه‌حمه‌د، هه‌ریه‌ك له‌ عه‌دنانى حه‌مه‌ى مینه‌ و ره‌فعه‌ت عبدالله‌ و ئاسۆ مامه‌ند و چه‌ند كه‌سێكى دیكه‌) بایكۆتى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیان كرد.


زۆرى نه‌مابوو ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ ئه‌ندامانى دیكه‌ى سه‌ركردایه‌تى كه‌ سه‌ر به‌ ماڵى مام جه‌لال نین نه‌چنه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، به‌ڵام دواجار له‌سه‌ر داواكارى ئه‌و سه‌ركردانه‌ى كه‌ نه‌چوونه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، داوایان لێكرا بچنه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، تاوه‌كو دۆخه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر ئاڵۆزتر نه‌بێت.


ناكۆییه‌كانى ماڵى مام جه‌لال به‌ تایبه‌ت باڤڵ تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ گشت باڵ و گروپه‌كانى دیكه‌ى نێو یه‌كێتیى له‌سه‌ر هه‌یكه‌لى ئه‌و حزبه‌یه‌، هه‌موویان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت هه‌یكه‌لى یه‌كێتى له‌ نێوان باڵه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایى ته‌وافوق و داده‌په‌روه‌رى بێت، نه‌ك ماڵى مام جه‌لال پۆسته‌ باڵاكان بۆخۆیان ببه‌ن، له‌ نێویشیان هه‌ردوو جێگرى سكرتێرى گشتیى.


هه‌موو باڵه‌كان پێیانوایه‌، له‌ دواى كۆنگره‌وه‌ جۆرێك له‌ غرورى ماڵى مام جه‌لالى گرتوه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌وان له‌رووى دارایى و ئابوورى و ئه‌منیه‌وه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ر حزب داگرتوه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا ده‌یانه‌وێ جگه‌ له‌خۆیان هیچ كه‌سێك پۆستى جێگرى سكرتێرى گشتیى وه‌رنه‌گرێت، له‌به‌رامبه‌ردا ماڵى كاك كۆسره‌ت و عیماد ئه‌حمه‌د و گروپى كه‌ركووكییه‌كان و عدنانى حه‌مه‌ى مینه‌ داواى پۆستى جێگرى سكرتێرى گشتیى ده‌كه‌ن و به‌ مافى خۆیان ده‌زانن.


هه‌رچه‌ند ماڵى مام جه‌لال له‌ چه‌ند ڕۆژى رابردوودا، پێشنیازى چه‌ند پۆستێكى باڵایان له‌ نێویان پۆستى سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى و ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌ب و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارێزگاكان و چه‌ند پۆستێك له‌ ئاستى مه‌كته‌بى سیاسى كۆنیان داوه‌ته‌ به‌ لایه‌ن و باڵه‌كانى دیكه‌، به‌ڵام هه‌ر هه‌موویان ره‌تكراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان.


ئه‌و كه‌سانه‌شى له‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ نزیكن به‌هه‌مان شێوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین ماڵى مام جه‌لال هه‌ردوو پۆستى جێگر بۆخۆیان ببه‌ن، بۆیه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و گروپ و باڵانه‌ دوو پێشنیازیان بۆماڵى مام جه‌لال كردوه‌، كه‌ یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ له‌ نێوان ( لاهور شێخ جه‌نگى و باڤڵ تاڵه‌بانى) یه‌كێكیان ببنه‌ جێگرى سكرتێر. پێشنیازى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك زیاتر له‌ چه‌ند جێگرێكى هه‌بێت و ئه‌و جێگرانه‌ش له‌ نێوان باڵه‌كان به‌ هاوسه‌نگى دابه‌شبكرێت.


دۆخى لاهور شێخ جه‌نگیش له‌به‌رده‌م دوو بژارده‌یه‌، یان هه‌ڵبژاردنى ئامۆزاكانى و یان باڵ و گروپه‌كانى دیكه‌، ناشزانێت كامیان هه‌ڵبژێرێت، چۆن چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات؟چونكه‌ له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكدا لایه‌نه‌كانى دیكه‌ هه‌ڵوێست بنوێنن ره‌نگه‌ ئه‌و حزبه‌ له‌ كێشه‌وه‌ به‌ره‌و قه‌یرانى ناوخۆیى ببات.


ئه‌گه‌ر وابڕوات و لایه‌نه‌كان نه‌گه‌ونه‌ رێككه‌وتن ئه‌وا هه‌موو كات دۆخى یه‌كێتیى له‌به‌رده‌م دۆخى ئیفلیج بوون و دروستبوونى قه‌یرانێكى ناوخۆیى نوێدا ده‌بێت، یاخود دابه‌شبوون رووده‌دات.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure