د.محه‌مه‌د عه‌لى31/1/2020 896 جار بینراوە

کاک هۆشیار عەبدوڵا لێرەدا بوەستە

دژایەتیکردنى پارتى و بنەماڵەى بارزانى، بزینسێکە تەمەنى نزیک بۆتەوە لەشەست ساڵ و سەدان ڕۆڵەى ئەم نیشتمانەى بۆ بەکوشت دراوەو چەندین کەسیشی پێ دەوڵەمندبوە. نمونەی دیاری ئەم دیاردەیەش: یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕانە. کەدواتر ھەردو حیزب سەلماندیان، ھەمان ڕەفتارو کردراەکانی پارتی دوبارە دەکەنەوەو کۆپیەکی خراپی پارتین. ھۆشیار عەبدوڵا دیارترین فیگەری نوێی بەڕواڵەت دژ بە کلتوری پارتی و بە ڕەفتار چونیەکە. چۆن؟

حیزبی بنەماڵەو تەوریسی سیاسی

یەکەم: هۆشیار عەبدوڵا نەک دژ بە دەسەڵاتی بنەماڵەنیە، بەڵکو ئەندازیارو داھێنەری تەوریسى سیاسییە لە ناو گۆڕان. پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ھەمو بەڵگەو ڕوداوەکان شاھیدن کە ناوبراو لەگەڵ حەمەتەوفیقی ھاوڕێ و ھاوپەیمانی، زۆرترین ڕۆڵیان بینی لە ئیفلیجکردنی دامەزرواوەکانی گۆڕان و بزوتنەوەکەیان کردە ئەسیری کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا. لەدو دانیشتنی ٢٠١٧/٥/١٨ و شەوی ٢٠١٧/٦/٢٢، لەگەڵ ئەم کاک هۆشیارەو کۆمەڵێک گەنجى تر کۆبوینەوە، ناوبراوو ژمارەیەک لەگەنجانی ئامادەبوو حەمەتەوفیق، زۆر سەرسەختانەو بێ پەردە، بەئەجێندایەکی دیاریکراوە کاریاندەکرد بۆ تەسلیمبکردنی موتڵەقی بزوتنەوەکە بە کوڕەکانی ڕێکخەری پێشو.


دوەم: ناوبراو یەکێک بوو لە پلانداڕێژەرانى قوتدانى میدیاو دامەزراوە داراییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لەلایەن کۆمپانیاى وشەوە. ڕەنگە زۆرێکتان وتارەکەیتان لەبیرمابێت کە بەناونیشانى "گردەکە هى کێیە" و چاوپێکەتنەکەی لە کەی ئێن ئێن، چۆن بەرگری لە تاپۆکردنى گردەکەکردوە. ناوبراو پشکی شێری بەردەکەوێت لەگەڕانەوەی کەی ئێن ئێن بۆ کۆمپانیای وشە.


سێیەم: لەوەڵامی ڕۆژنامەی ئاوێنە لە ٢٠١٧/٨/٣٠، کاک هۆشیار یەکێک بوو لە نوسەرانى ڕوونکردنەوەکەى کوڕەکانى ڕێکخەرى پێشوى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێک بوو لەوانەى پێداگرى کردبوو کە نەنوسن گردەکە هى بزوتنەوەى گۆڕانە. بەپشتیوانى ئەم و کۆمەڵێک بەناو گەنجى تر ئەوەى ئێستا لەگۆڕان دەگوزەرێت هاتۆتە ئاراوە.


چوارەم: بەناوی کەمکردنەوەی ستافی کەی ئێن ئێن، هۆشیار عەبدوڵا ڕۆڵێکی یەکجار دیارو خراپی بینی لەتەسفیەو دەڕپەڕاندنی چەندین کادیری باش و بەتوانای کەناڵەکە.


پێنجەم: لەسەروبەندى هەڵبژاردنەوەی خانەى ڕاپەڕاندندا مانگی ٧ی ٢٠١٩، فراکسیۆنى گۆڕان لەبەغداد بەنیازبوون بەیاننامەیەک لەسەر خانەى ڕاپەراندن و بەرپرسەکانى بڵاوبکەنەوەو هەموو شکستەکانى ئێستاى گۆڕان بخەنە ئەستۆى خراپى ئەدائى ئەوان. پێشنیارێک ھەبوە باسى تەوریسى سیاسیش بکرێت وەک ئافاتێکى کارەساتبار بۆ گۆڕان، بەڵام لەبەرئەوەى کاک هۆشیارو یەک دوو برادەری تر رازینەبوون باسى تەوریس بکرێت، نوسینى بەیاننامەکە ھەڵوەشاوەتەوە.


شەشەم: یەکێک لەبیانوەکانی ھۆشیار عەبدوڵا و گروپی تەوریس: ئەگەر گردەکە بکرایە بەناوی بزوتنەوەکە و کەسانی ترەوە، ئەوا دابەشیان دەکردو ھەرکەسەیان پشکی خۆی دەبرد. بەڵام بۆ وەبیرھێنانەوە: سەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا پێشنیاردەکات بۆ چوار لەبرادەرەکانی کە گردەکە بکەن بەناوی ھەرپێنجیانەوە (بەخۆشیەوە)، بەڵام ھەرچواریان پێشنیارەکەیان ڕەتکردوەتەوە. ئەو چوار کەسایەتیە ھەمویان لەژیاندا ماون. کەواتە ئەگەر تەماعێک لەو گردەدا ھەبوبێت، ئەوکات قبوڵیان دەکرد.


تەوریسی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان جەڵدەیەکی سیاسی و عەقڵی بوەو ھەمو بەڵگەو ڕوداوەکان نیشانی دەدەن کە ھۆشیار عەبدوڵا گەورەترین ڕۆڵی ھەبوە لەم پرۆسەیەداو تەسفیەی ڕاجیاوازەکان. ئایا ئێستە بە چ جورئەتێکەوە باس لەلاوازبونی گۆڕان دەکات و دژبە حیزبی بنەماڵە قسەدەکات؟ لەگەڵ گروپێکدا، ڕۆڵێکی هێجگار خراپى گێڕا تا سەرەنجام گۆڕانیان کرد بەم حیزبەی کە ئێستا هیچ کەس بەغیلى پێنەبات. ئایا بازرگانی کۆمپانیای وشەو لۆکس، چ جیاوازیەکی ھەیە لەگەڵ ھەردو کۆمپانیای نۆکان و کار؟!


گۆڕان و حکومەت

یەکەم: ھۆشیار عەبدوڵا لەم ڕۆژانەدا نوسیبوى سیستمى سیاسى لەهەرێم (کلیبتۆکراسیە-حوکمڕانی چەتەکانە)، باشە ئەگەر حوکمڕانى چەتەکانە، حزبەکەى جەنابت ئیشى چییە لەوێ؟ ئەى چۆن بەڕێزت قبوڵتکردووە لەحزبێکدا بیت کە بەشێکە لەسیستمى چەتەیى و جێگری سەرۆکی ھەرێم و چوار وەزیری گرنگی لەلایە کە گرنگترینیان وەزیری دارایی و ئابوریە؟


دوەم: لەنوسینێکى دواى ئەوەدا، ناوبراو دەنوسێت "خۆمن نەمووتوە گۆڕان لەحکومەت بێتە دەرەوە، بەڵام بێدەنگى ماناى خۆکوژییە". ئێمەش دەزانین مەبەستەکەى تۆ هەر ئەوەیە قسەبکەیت، تۆ هەر زوو وتت "خۆشبەختانە بڕیارى چوونەحکومەتى گۆڕان بووە بە بڕیارى هەموان". ئێستاش قسەو ڕەخنەکانت هەر بۆئەوەیە بەخەڵک بڵێیت من جیاوازم و هەڵوێستم هەیە. ناهەقیشت نییە، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لەپێشەو پیاو دەبێت زەخیرەیەک بخات. ئاشکرایە هەموو کاسبی و هونەری بەڕێزتان بریتیە لە قسەوتن بە پارتى، ئەگەر ئەوەتان لەدەست وەرگرنەوە حیکایەتێکى ترتان نامێنێت بۆ خەڵکى بکەن. ئەگەر وانیە: بێزەحمەت ئەجێنداو بەرنامەی وەزیرەکانی گۆڕان بۆ حکومڕانی بڵاوبکەنەوە.


چوارەم: ئەم قسە وتنەى کاک هۆشیار بە پارتى تائێستا چى گۆڕیوە لەدۆخی خەڵک؟ بەڵام دۆخی خۆى باش گۆڕیوە! دژایەتیکردنى پارتى بە قسەدەکرێت یان پێشکەشکردنى مۆدێلێکى سیاسى جیاوازتر لەوان؟ ئێوە نەک ئەمەتان نەکرد، بەڵکو زۆر ناشرینتر لاسایتان کردنەوە.


پێنجەم: هەموو ئەم هەرایەى ماوەیەکە کاک هۆشیارو هەندێک لەبرادەرەکانى دەیکەن دژى پارتى و حکومەتەکەى مەسرور بارزانى، کۆمەڵێک ئامانج و بەرژوەندى تایبەتى لەپشتەوەیە. هەندێک لەوانەى لەناو گۆڕان پشتیوانی دەکەن چاوەڕوانن پۆستەکانى تر وەربگرن، هۆشیار عەبدوڵاو برادەرەکانى تریشى خەڵک گەرمدەکەنەوەو ئامادەیان دەکەن بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت لە عێراق. لەمە بترازێت دوورو نزیک پەیوەندى نییە بەچاکسازى و بەرژوەندى خەڵکەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure