ساڵح ژاژڵه‌یی 25/12/2019 257 جار بینراوە

بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟! به‌شی‌ شه‌شه‌م

ئاستی‌ په‌یوه‌ندی‌ و به‌ یه‌که‌وه‌ گونجان و چۆنیه‌تی‌ کارکردن له‌ گرده‌که‌

 

کاتێک بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروستبوو بە لەسەرخۆیی هه‌ندێ‌ به‌رنامه‌ی‌ سه‌ره‌تایی دانرا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی‌ کارنامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ و پێشوازی‌ له‌ گۆڕانخواز و وه‌ڵام دانه‌وه‌یان. سه‌ره‌تا سایته‌ ئه‌لکترۆنیه‌که‌ و رۆژنامه‌که‌ و رادیۆکه‌ روڵی‌ به‌رچاویان بینی‌ له‌ کۆکردنه‌وه‌ی‌ هاوڵاتیان له‌ ده‌وری‌ گۆڕان. به‌ دامه‌زراندنی‌ که‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ش ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر گۆڕان گه‌شه‌ی‌ کرد.


جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕان رۆژ له‌دوای‌ رۆژ زیاتر ئه‌بوو. پێش ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بکات و تا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ یه‌که‌م جاریش به‌شداری‌ په‌رله‌مانیشمان کرد، هه‌موان به‌ دڵ و به‌ گیان و بێ‌ ره‌چاوکردنی‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی‌ شه‌خسی‌ شه‌و و رۆژ کاریان بۆ گۆڕان ئه‌کرد.

 

له‌ هه‌موی‌ گرنگتر خۆشه‌ویستیه‌کی‌ له‌ راده‌به‌ده‌ر له‌نێوان گۆڕانخوازاندا هه‌بو که‌ شایانی‌ باسکردنه‌. هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستیی و به‌ ته‌نگاوه‌هاتنی‌ یه‌کتریه‌ بو، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ برده‌ ئاستێکی‌ زۆر باڵا. به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان گه‌یشته‌ ئاستێکی‌ به‌رزو به‌رده‌وام گردی‌ زه‌رگه‌ته‌ جمه‌ی‌ ئه‌هات له‌ گۆڕانخوازان، دیارده‌ی‌ بێمنه‌تی‌ به‌ده‌رکه‌وت و ئه‌و گه‌رموگوڕیه‌ی‌ له‌سه‌ره‌تادا هه‌بوو بۆ پێشوازیکردن و به‌پیره‌وه‌چونی‌ هاوڵاتیان روی‌ له‌ کزی‌ کرد. دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌شداری‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانیشی‌ کرد. به‌رژه‌وه‌ندی‌ شه‌خسی‌ سه‌ریهه‌ڵداو جۆرێک له‌ بوغزاندن و کێبڕکێ‌ له‌ناو خودی‌ براده‌رانی‌ گرده‌که‌ سه‌ریهه‌ڵدا و دواجار ئه‌نجامێکی‌ باشی‌ لێنه‌که‌وته‌وه‌.

 

کاتێک ئاستی‌ جه‌ماوه‌ری‌ گۆڕان رۆژ له‌دوای‌ رۆژ به‌ره‌و باڵاتر هه‌نگاوی‌ ئه‌نا. کاک نه‌وشیروان هه‌ناسه‌یه‌کی‌ ئاسوده‌یی‌ هه‌ڵکێشا دوای‌ شکستی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ مه‌ڵبه‌نده‌کانی‌ ناو یه‌کێتی‌. بەلام ئەگەر بە وردی‌ سەرنج بدەی‌ بە تێپەربونی‌ رۆژگار هه‌ستت ئه‌کرد به‌بێمنه‌تی‌ ئه‌ڕوانێته‌ هاوڕێ‌ کۆنه‌کانی‌ شاخی‌ وه‌کو جاران گه‌رموگوڕ نییه‌ له‌گه‌ڵیان و په‌ڕاوێزیان ئه‌خات و حسابیان بۆ ناکات.

 

زۆر جار که‌سانێک له‌ روانگه‌ی‌ دڵسۆزیانه‌وه‌ ده‌چونه‌ لای‌ کاک نه‌وشیروان و پێیان ئه‌وت بۆچی‌ دڵی‌ ئه‌و براده‌رانه‌ ناده‌یته‌وه‌و ئاشتیان ناکه‌یته‌وه‌. توڕه‌ ده‌بوو دەیوت با جیاببنه‌وه‌و حیزب دروست بکه‌ن، رێک ئه‌و قسه‌یه‌ی‌ مام جه‌لال به‌ خۆی وتبو ، ئه‌میش به‌ ئه‌وانی‌ ئه‌وته‌وه‌. زۆرجار که‌ ره‌خنه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ ئه‌گیراو داوای‌ گۆڕانکاری‌ ئه‌کرا، دووباره‌ دەیوت ئه‌وه‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ خۆمه‌و فه‌رموو بچن خۆتان ته‌له‌فزیۆن دانێن.

 

ئه‌مانه‌ هه‌موو نیشانه‌ی‌ له‌ خۆبایی بون و بوغرایی و بێمنه‌تی‌ بوو چونکه‌ قاچی‌ گه‌یشتبو به‌ بوار و مه‌ترسی‌ له‌سه‌ر نه‌مابو منه‌تیشی‌ به‌که‌س نه‌مابوو. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌ڕی‌ بێ وه‌فاییه‌ به‌رامبه‌ر هاوڕێ و دۆسته‌کانی‌. ئه‌وانه‌ی‌ له‌ پێناوی‌ بیرو باوەرو بەرژەوەندی‌ گەلەکەیاندا ئەویان بە سەرکردەی‌ خۆیان قبول کرد، ده‌ستبه‌رداری‌ هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی‌ خۆیان بون و له‌سه‌ر ئه‌و توشی‌ نانبڕین و سوکایه‌تی‌ پێکردن بون و دوایی پشتی‌ تێکردن . هه‌رچه‌نده‌ وه‌کو له‌ به‌شه‌کانی‌ پێشه‌وه‌ باسی‌ ئه‌وه‌م کرد که‌ کاک نه‌وشیروان خۆی‌ شێخ محمدی‌ سه‌رگه‌ڵویی راسپاردوه‌ که‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ کاک عوسمانی حاجی مەحموده‌وه‌ بکه‌ن تا پێکەوە گۆڕان دروست بکەین، که‌واته‌ ئه‌وه‌ی له‌چی‌ و ئه‌م په‌ڕاویز کردنه‌ی‌ ئێستایان له‌ چی‌؟؟.

 

له‌ کاتێکدا کاک نه‌وشیروان جۆرێک له‌ ساردی‌ نیشان ئه‌دا به‌رامبه‌ر به‌ تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان. گرنگییه‌کی‌ زیاد له‌ پێویستی‌ به‌و که‌سانه‌ ئه‌دا که‌ پێشتر به‌شداری‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌ نه‌بون به‌ناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ گه‌نجن و چالاکترن و به‌دوای‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆیانه‌وه‌ نین و فێری‌ فرت و فێڵ نه‌بون. به‌ڵام له‌ کۆتاییدا ئه‌م بۆچونه‌ی‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ بۆوه‌.

 

که‌واته‌ هه‌ر لێره‌وه‌ جۆرێک له‌ دڕدۆنگی‌ له‌نێوان تێکۆشه‌ره دێرینه‌کان و به‌ناو گه‌نجه‌کان دروستبوو به‌ ئاشکراش هه‌ستی‌ پێ ئه‌کرا. کاک نه‌وشیروان ئه‌م گه‌نجانه‌ی‌ کرده‌ واجیهه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌که ‌و شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌که‌ی‌ خسته‌ خزمه‌تیان . لە راستیدا ئەم گرینگی‌ دانەی‌ کاک نەوشیروان بە گەنجەکان کاریکی‌ زۆر باش بوو ، زۆریش پیویست بوو . چونکە ئەوانە خاوەنی‌ وزەی‌ زۆربون ، ئەگەر بە مەبەست نەبوایە . هیچ گومانی‌ تێدا نییه‌ ئه‌م گرنگیدانه‌ی‌ کاک نه‌وشیروان به‌ به‌رنامه‌ بوه‌و هه‌ر له‌خۆیه‌وه‌ ئه‌مه‌ی‌ نه‌کردوه‌ و دوو هۆکار له‌پشتییه‌وه‌ هه‌بوه‌:

 

1- پێی وابوه‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی‌ ئه‌م گه‌نجانه‌ ده‌بنه‌ پاڵپشتێکی‌ زۆر گه‌وره‌ بۆخۆیی و له‌ رێگای‌ ئه‌وانه‌وه‌ ده‌توانێت هه‌موو به‌رنامه‌کانی‌ خۆی‌ جێبه‌جێ‌ بکات. به‌ هۆکاری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مانه‌ پێشینه‌ی‌ سیاسیان نییه‌و هه‌رچی‌ خۆی‌ بیڵێت ئه‌مان ئه‌ڵێن به‌سه‌رچاو. 2- به‌ڵام تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان هه‌موو بۆچونه‌کانی‌ ئه‌و قبوڵ ناکه‌ن و ره‌خنه‌ له‌ بڕیاره‌کانی‌ ئه‌گرن و ئه‌وکاته‌ نابێته‌ خاوه‌ن بڕیاری‌ ره‌هاو ئه‌وه‌ش به‌لای‌ ئه‌وه‌وه‌ قبوڵکراو نییه‌.

 

بۆیه‌ هێواش هێواش جۆرێک له‌ له‌ ناته‌بایی و گله‌یی له‌ نێوان خۆیی و هه‌ندێک له‌ تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان دروست بوو. له‌م نێوانه‌دا تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کانیش بون به‌ دوو به‌شه‌وه‌. کاک عوسمانی‌ حاجی‌ محمود و کاک قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌ و کۆمه‌ڵێکی‌ تر به‌ره‌ی‌ ناڕازیبون و داوای‌ به‌ سیستماتکردنی‌ بزوتنه‌وه‌که‌یان ئه‌کرد له‌ هه‌مو بواره‌کاندا.

 

به‌ڵام به‌شێکی‌ تر له‌ تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کانی‌ تر‌ بەرژەوەندییان وای‌ دەخواست کە کاره‌کان به‌ هه‌ڕه‌مه‌کی‌ و بێ به‌رنامه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن و پشتیوانیان له‌ کاک نه‌وشیروان ئه‌کردو ئه‌و چ بڕیارێکی‌ بدایه‌ ئه‌وان پێی رازی‌ ئه‌بون چونکە بەرژەوەندییە شەخسیەکانیان لەم رێگایەوە بەدەست دەهینا . ئه‌وانه‌ش کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌، کاک مسته‌فای‌ سه‌ید قادر، مامۆستا جه‌لال و مامۆستا جه‌مال و حه‌مه‌ توفیق و خه‌ڵکانیتر.

 

من جارێکیان به‌ کاک مسته‌فای‌ سه‌ید قادرم وت: کاتی‌ خۆی‌ کاک نه‌وشیروان داوای‌ چاکسازی‌ و که‌مکردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی‌ ما‌م جه‌لالی‌ ئه‌کرد نه‌ک ده‌رکردنی‌. ئێستاش کاک عوسمانی‌ حاجی‌ محمود و کاک قادرو خه‌ڵکانی‌ تریش داوا ئه‌که‌ن کاک نه‌وشیروان ده‌سه‌ڵاتی‌ ره‌های‌ نه‌بێت و داوا ناکه‌ن کە بزوتنه‌وه‌که‌یان بۆ جێبهێڵێت. وای‌ به‌ باشئه‌زانم پشتیوانی یه‌کتری‌ بکه‌ن و یه‌ک ده‌نگ بن بۆئه‌وه‌ی‌ بڕیاردانی‌ ده‌سته‌جه‌معی‌ جێگه‌ی‌ بڕیاردانی‌ تاکه‌ که‌س بگرێته‌وه‌. وه‌ڵامی‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ بۆ من ئه‌وه‌بوو وتی‌: با ئه‌م فرسه‌ته‌ به‌کاک نه‌وشیروان بده‌ین. واته‌ با تاکه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ بڕیاردانبێت له‌ناو گۆڕاندا.

 

له‌و کاته‌وه‌ هه‌ستم کرد کاک مسته‌فا بۆخۆی‌ کار ئه‌کات و ئه‌نجامه‌که‌شی‌ ئێستا رون و ئاشکرایه‌ بۆ هه‌موان. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین په‌رتبونه‌که‌ فراوانتربوو. تێکۆشه‌ره‌ دێرینه‌کان بونە‌ دوو به‌شه‌وه‌ و جیلی‌ نوێش جۆرێک لە دابەشبونیان پێوە دیار بوو له‌نێوان ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌دا. کاک نه‌وشیروانیش بوو به‌سه‌یرکه‌ر. لێره‌وه‌ زه‌مینه‌ی‌ بۆڵه‌ بۆڵ و گله‌یی و ته‌که‌تولات له‌ناو گۆڕاندا چه‌که‌ره‌ی‌ کرد و سه‌ری‌ ده‌رهێنا. کاتێکیش قسه‌ له‌سه‌ر دابه‌شکردنی‌ پۆست و کاندیدکردن بۆ په‌رله‌مان ئه‌کرا. هه‌ریه‌که‌و ده‌بوو به‌ پشتیوانی‌ لایه‌نێک له‌ لایه‌نه‌ ناکۆکەکان‌.

 

نێوانی‌ کاک نه‌وشیروان و کاک قادر و کاک عوسمان رو له‌ خراپتر بوو. زۆرجاریش هه‌ندێک لێره‌وله‌وێ‌ له‌ روانگه‌ی‌ دڵسۆزییانه‌وه‌ ئه‌که‌وتنه‌ به‌ینیانه‌وه‌ بۆ پێکهاتنەوەو پێکەوە بەردەوامبون. زۆرجار کاک نه‌وشیروان نه‌رمی‌ نیشان ئه‌داو ئه‌یوت بچن بابزانن ئه‌وان چییان ئه‌وێت. کاتێک ئه‌و براده‌رانه‌ پێشنیاره‌کانیان ئه‌نارد بۆ کاک نه‌وشیروان. له‌ وه‌ڵامدا ئه‌یوت. خۆمنیش هه‌ر ئه‌مه‌وێت ئه‌وه‌ بکه‌م که‌ ئه‌وان داوای‌ ئه‌که‌ن. که‌واته‌ بپرسن بۆچی‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌وانی‌ نه‌ئه‌کرد که‌ خۆشی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ویست؟ پێم وایه‌ کاک نه‌وشیروان هه‌میشه‌ ترسی‌ له‌وه‌ هه‌بوو ئه‌مانه‌ ببنه‌ له‌مپه‌ر له‌به‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندی کوڕه‌کانیداو دواجار نه‌هێڵن میراتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ کوڕه‌کانی‌ بێت.

 

بە بۆچونی‌ خوم کاک نەوشیروان لە ئیدارەدانی‌ بزوتنەوەی‌ گوران بە گشتی‌ و مەکۆی‌ سەرەکی‌ بزوتنەوەی‌ گۆراندا سەرکەوتو نەبوو . وردبین نەبوو ، بەرنامەی‌ نەبوو ،کاک نەوشیروان لە هەمو شتیکدا زۆر دوور بین بوە و پیش روداوەکان کەوتوە ، ‌بەلام بەداخەوە لە دروستبونی‌ بزوتنەوەی‌ گۆراندا دوای‌ روداوەکان دەکەوت . کاک نەوشیروان هەلسوکەوتی‌ لەگەل هەموو گۆرانخوازان وەکو یەک نەبوو . نەیتوانی‌ بیلایەنی‌ خوی‌ بسەلمینیت. نەیتوانی‌ رۆلی‌ باوکێکی‌ میهرەبان ببینیت . لە راستیدا ئیدارەدانی‌ حیزبێک یان هەر دام و دەزگایەک پێویستی‌ بە دامەزراندنی‌ موئەسەسات هەیە . پێویستی‌ بە عەقلی‌ کەسانی‌ زور هەیە . بەرێوەبردنی‌ حیزبێکی‌ تازەی‌ وەکو گوران هەرگیز بە هەرەمەکی‌ بەرێوە ناچیت و ناکرێت ئایندەی‌ ئەم حیزبە بدرێتە دەستی‌ قەزاو قەدەر .

 

بەرێوەبردنی‌ حیزبێکی‌ سیاسی‌ تازەی‌ وەکو گوران پێویستی‌ بە بە بریار و عەقلی‌ دەستە جەمعی‌ هەیە . یەکێک لە سیفەتە نەرێنیەکانی‌ کاک نەوشیروان ئەوەبوو بە میزاج هەلسوکەوتی‌ ئەکرد. ئەوەش خرابترین سیفەتی‌ سەرکردەیە . کەسێك کە بە میزاج کار بکات زوو تورە دەبێت . کە تورەش بوو هەلەی‌ کوشندە دەکات .

 

.لەناو سەرکردەکانی‌ کوردا بە گشتی‌ کەلتوریکی‌ زور سەقەت هەیەو هەموان وەکویەک پەیرەوی‌ دەکەن . سەرکردەکان ئەوەندە خویان لە بەرزیدا دەبینن خوار خویانەوە وەکو مێرولە و مێگەلە ئاژەلێک دەبینن و هەرگیز خویان لەو ئاستەدا نابینن کە پرس و رایان پێ بکەن .

دواجار دەبنە خاوەنی‌ هەموو بریارێک و کەسیش ناتوانیت قسە لە قسەی‌ ئەواندا بکات ، هەرچی‌ بیکەی‌ سودی‌ نییەو دواجار قسە هەر قسەی‌ خۆیان دەبیت و کارەسات بەسەر میللەتدا دێنن و کەسیش ناتوانێت پرسینەوەیان لەکگەل بکات . لە راستیدا بەرهەمهێنانی‌ کەلتوری‌ خو بەزلزانین . بەلام لە بیرتان نەچێت بەشێک لە تاوانی‌ بەرهەم هێنانی‌ ئەم کەلتورە ، هوکارەکەی‌ ئێمە خومانین .

 

کەس بە دیکتاتور لە دایک نابێت ، ئەوە من و توین یان لە روانگەی‌ نەشارەزایی و نەزانیینەوە ، یان لە روانگەی‌ دلسوزیمانەوە بەدەستی‌ خومان دیکتاتور دروست دەکەین . ئەوە ئێمەین بەبێ بیرکردنەوە دەبینە دەروێش . ئەوە ئێمەین خومان بچوک دەکەینەوەو کەسانی‌ تر دەکەین بە پالەوان . ئەوە ئێمەین دەبینە بت پەرست و ئەوان لە بری‌ ئێمە بیر بکەنەوەو لە بری‌ ئێمە بریار بدەن دواجار دەمانگەوجێنن . دەمانکەن بە پەیژەو پێماندا سەردەکەون و مەرامەکانی‌ خویان دەهێننە دی‌ .

 

باشترین نمونە ریفراندومەکەی‌ بەریز مەسعود بارزانی‌ بوو ، نیوەی‌ خاکی‌ کوردستانی‌ لە دەستداو کەسیش نەیتوانی‌ لە گول کالتری‌ پێ بلێت و قسە هەر قسەی‌ خوی‌ بوو . ئێستاش هەر خاوەن بریارە .

 

وەکو کاک نەوشیروان خوی‌ هیچ بەرنامەیەکی‌ نەبوو بو بە دامەزراوەکردنی‌ بزوتنەوەکە، رێگاشی‌ نەدا کەسانی‌ تر بەو کارە هەستن . وەکو هەموان دەزانن کیشەی‌ کاک عوسمان و کاک قادر لە گەل کاک نەوشیروان لەم خالەوە دەستی‌ پیکرد. هەرچەندە من بوچونی‌ خوم دەر بریوە لەسەر هۆکاری‌ ئەوە ، بەلام دەکری‌ ئێوەش بپرسن بۆچی‌ کاک نەوشیروان دژی‌ بە دامەزراوەکردنی‌ بزوتنەوەی‌ گوران بوو؟؟.

 

کاک نەوشیروانیش هەر زوو کەوتە دژایەتی‌ کاک عوسمان و کاک قادر ، لە کاتیکدا خوی‌ داوای‌ لەم بەرێزانە کردبوو هاوکاری‌ بکەن ، بەلام دوایی کار گەیشتە ئەوەی‌ لای‌ ئەم ئەو دەیگوت ئەی‌ پیم نەگوتن عوسمان بیتە ناو بزوتنەوەی‌ گۆران لیمان تیک دەدات ؟؟. بابە ویژدانەوە پرسیار بکەین کاک عوسمان چی‌ تیک داوە ؟؟؟. بەراستی‌ کاک عوسمانن هیچی‌ لە شەخسی‌ کاک نەوشیروان و بزوتنەوەی‌ گوران تێک نەداوە . ،بەلام ئەو مالی‌ خوی‌ تێکداوە بو توو بزوتنەوەی‌ گوران، ئەو دەستبەرداری‌ بەرژەوەندییەکانی‌ خوی‌ بوە ، بەسەدان کەس بە هوی‌ ئەوەوە بەرژەوەندیان لە دەست داوەو سوکایەتیان پێکراوەو ئیستا کاک عوسمان خوی‌ بە قەرزداری‌ ئەوان دەزانیت و ناتوانیت هیچیان بو بکات . کاک قادر خوی‌ بەدوور گرت لەوەی‌ خوی‌ کاندید بکات بو رێکخەری‌ گشتی‌ چونکە دلنیابو ریگەیان پی‌ نە ئەدا ببیتە ریخەری‌ گشتی‌ و کیشەی‌ گەورەش دروست دەبوو. کاکە حەمەش رێگای‌ نەدا کاک عوسمان خوی‌ بو سکرتیری‌ ژوورەکان هەلبژیریت و دواجار هەر دەستیشی‌ لە خانەی‌ راپەراندن کێشایەوه .

 

هەر لەو کاتی‌ کێشمە کێشمەدا کە چاوەروانی‌ دروستبونی‌ کێشەی‌ گەورە دەکرا ، من داوام لە کاک نەوزادی‌ نوری‌ بەگ کرد کە لەگەل کاک قادری‌ حاجی‌ علی‌ قسە بکات بو ئەوەی‌ خۆی‌ بۆ پوستی‌ ریخکەری‌ گشتی‌ کاندید نەکات ، بۆ ئەوەی‌ کیشەو گرفت دروست نەبێت . دیارە خەلکانی‌ تریش قسەیان لەگەل کاک قادر کردبوو . خوشبەختانە بە قسەی‌ کردین . کاتێک ئەندامانی‌ خانە بۆ جاری‌ دوەم هەلبژێرانەوە کاکە حەمەو کاک شورش حاجی‌ و دکتۆر رەئوف عوسمان وەکو ئەندامانی‌ خانە نەمانەوە . وەکو دەریش دەکەوێت نێوانی‌ کورەکانی‌ کاک نەوشیروان و کاک عومەری‌ سەید عەلی‌ باش نییەو پێشم وایە کاک عومەرو مامۆستا جەلال و جەمالیش زۆریان نەماوە کە ئاوت کرێن و بەرنامەکە لە سەرەتاوە بەو شێوەیە نەخشەی‌ بو دانراوەو دواجاریش وەکو خوی‌ دەبێت .

 

چۆن دەلێن هەندی‌ قوماش کە خرایە ئاوەوە تێدەچی‌ واتە کورت دەبێتەوە بزوتنەوەی‌ گورانیش تێچوە . بچوک بونەوەی‌ بزوتنەوەی‌ گوران تەنها خەمی‌ هەندێک گورانخوازە کە ئومێدی‌ زۆریان لەسەر دوا روژی‌ بزوتنەوەکە هەلچنیبو. بەلام کورەکانی‌ کاک نەوشیروان کە لە ئێستادا خاوەنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆرانن، بەلایانەوە گرنگ نییە بزوتنەوەکە چی‌ لێدێت ، ئەوان تەنها پێویستیان بە ناوی‌ بزوتنەوەکەیە وەکو چەترێک بۆ شاردنەوەی‌ کۆمپانیا بازرگانیەکەیان .

 

ئازیزان : من هاتوم باسی‌ 10 سالی‌ خەباتی‌ بزوتنەوەی‌ گوران دەکەم. ، چۆن دروستبوو ، بۆچی‌ دروست بووو ، چی‌ بەدەست هێنا ، بۆچی‌ وەکو بەفر توایەوە ، هۆکاری‌ دروستبون و نەمانی‌ ئەم بزوتنەوەیە چیبو ، کارەکتەرە ئەساسیەکانی‌ ئەم بزوتنەوەیەو رۆلێان چۆن بوو دواجار باسی‌ ئایندەی‌ ئەم بزوتنەوەیە دەکەم . ئەمە بەشێکە لە مێژوی‌ میللەتەکەم و سەرکردەکانی‌ و، زۆر بە ئەمانەتەوە باسی‌ هەموو روداوەکان دەکەم چونکە ئەمە دەبێتە بەشێک لە مێژوی‌ میللەتەکەمان. ماوەتەوە ئەوەی‌ تۆ ئەمەت بە دلە یان بەدلت نییە ، پێت خۆشە یان ناخۆش، ئازادی‌ چۆن بیردەکەیتەوە و بە هەمان شێوەش منیش ئازادم چۆن بیر بکەمەوە. حەز دەکم بزانن من ئەم نوسینەی‌ خۆم زور بە گرنگترو پێویستر دەزانم وەکو لە خەباتی‌ پیشمەرگایەتیتم ، بەو هیوایەی‌ لەم رێگایەوە ئەوانە هۆشیار بکەمەوە کە سۆزو سیاسەت بۆ چاکەی‌ گشتی‌ لێکجیاناکەنەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure