هه‌ردى حه‌مه‌ ڕه‌شيد2/12/2019 359 جار بینراوە

چۆن لە وتارەکەی کاك (قادری حاجی عەلی) بگەین؟

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دوا وتاری بەڕێز #قادری_حاجی_عەلی کە قسەکردن بوو لەسەر دۆخی ئێستای کوردستان(چۆن لەم دۆخە تێبگەین؟)، زۆرێك لەدۆستان بۆ گەیاندنی پەیامەکە لە سۆشیالمیدیادا شەیر و بڵاویان کردەوە.


ئەمە چەند گرنگە، واوەتر گرنگە گفتوگۆی جدیی لەبارەوە بکرێت، بۆیە بەم سەرەقەڵەمە ڕای ئازاد و خاکییانەی خۆمتان بۆ ئەخەمەڕوو، سەرەتا وەك پێشەکیی:

 

قادری حاجی عەلی لەژیانی پێشمەرگایەتیی و سیاسیی خۆیدا پیاوێکی ڕاشکاو بووە و هەمیشە خاوەنی ڕای خۆی بووە، بڕوای بە پڕۆسەیەك هەبووبێت زۆر بە توندیی پێداگریی لەسەر کردووە و ماندوو نەبووە لەکارکردن بۆی.


بڕوای بەپڕۆسەیەکیش نەبووبێت ڕێك و ڕەوان ڕەخنەی کردووە، لە لوتکەی برەویدا جێیهێشتووە، بۆ وێنە;

 

لەساڵی ۲٠٠٦ و سەروەختی هێنانی کۆمپانیاکانی نەوت بۆ کوردستان وتارێکی بڵاوکردەوە و بەتوندیی ڕەخنەی لەو شێوازە دەست بڵاوییە لە پێدانی ئیمتیازات بە کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان ئەگرێت و بۆ ڕای گشتیی بڵاوئەکاتەوە، بۆیە هەردوو حیزبی دەسەڵات توڕە و قەڵس ئەکات، کە بەپێوەری هاوڕێکانی(شەق هەڵدان بوو لە بەختی خۆی!)

 

هەر لەو ماوەیەدا وتارێك بۆ کوردستانی نوێ ئەنووسێت لەبارەی سیگناڵە ترسناکەکانی گەندەڵیی و خراپ ئیدارەدانی سیاسەت لەکوردستاندا، سەرنووسەری ئەوکاتی کوردستانی نوێ کە بەڕێز کاك کاوە موحەممەد بوو بە نیازە بڵاوی بکاتەوە، بەڵام ئازاد جوندیانی کە لە وتارەکە و زمانی نووسینە ڕەخنەییەکەی زۆر بێزار ئەبێت، ئەینێرێت بۆ م.س و مام جەلال، مام جەلال بەخێرایی بانگی کاك قادر ئەکات و ڕوونکردنەوەی زۆری بۆ ئەدات، تەکلیفی لێئەکات کە واز لەبڵاوکردنەوەی وتارەکە بهێنێت ئەمان بەڵێنی پێئەدەن کە وەك وەرەقەیەك بۆ چاکسازیی لای خۆیان وەك نەخشەڕێگا سوودی لێ ببینن.

 

هەروەك پاش بێئومێدبوونی #کاك_نەوشیروان یادی بەخێر لە یەکێتی، شەوێك تەلەفۆن ئەکات بۆ قادری حاجی عەلی تا سەردانی بکات لەماڵەکەی خۆی.


کاتێك سەردانی ئەکات و لەهۆکاری بانگکردنەکەی ئەپرسێت، ئەو ئەڵێت: ئەمەوێت پرسێکت پێبکەم; سبەی ئەچم بۆ بەغدا بۆ لای #مام_جەلال ، نیازم وایە دەستلەکاربکێشمەوە، تۆ ڕات چییە؟

 

ئەمیش سەرەتا ئەپرسێت: تەنیا منت بۆ ئەم مەبەستە بانگ کردووە؟

+نەخێر بڕیارە کاك #مولازم_عومەر ـیش ئەمشەو لێرە بێت.

- کەواتە لێگەڕێ با ئەیش بێت، تا باشتر گفتوگۆی لەسەر بکەین.

مولازم عومەر ئەگات و کاك نەوشیروان هەمان پرسیار ڕووبەڕووی هەردوو هاوڕێکەی ئەکاتەوە، کاك قادر ئەڵێ: بەبێ ئەوەی من و کاك عومەر ئاگامان لەم خواستەی جەنابتان بێت، بەناوی ئەویشەوە وەڵامت ئەدەمەوە; ئەگەر ئەتوانیت یەکێتی لەو قەیرانەی کە دەرگیری بووە ڕزگار بکەیت و ببیتەوە بە کاك نەوشیروانەکەی جاران، ئەوا من و ئەم کاك مولازم عومەرەش ئەگەڕێینەوە ناو یەکێتی و لەخزمەتتدا ئەبین و دەستبارت ئەگرین.


خۆ ئەگەر بە پێچەوانەوە هەستئەکەیت کە نابیتەوە بە کاك نەوشیروانەکەی جاران، ئەوا مەیخەرە سبەی هەر ئەمشەو بڕۆ بۆ بەغدا و دەستلەکار بکێشەرەوە.

کاك نەوشیروانیش بەبێ وەستان پێیان ئەڵێت: نەخێر ناتوانم ببمەوە بە کەسەکەی جاران، لەبەر دوو هۆکاری ئاسان:


یەك: مام جەلال بە خۆیی و سەرۆکایەتی کۆمار و دارایی هائیلی یەکێتییەوە هاتووەتە مەیدان و بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر پڕۆژەیەکی ئێمە پارەیەکی خەیاڵی هەڵئەڕێژێت و ناهێڵێت سەربگرێت.

دوو: باڵی(ڕیفۆڕم) منیان بەهەڵەدا برد و تەواو بێ هیوایان کردم، بە بانگەشە و ئامار و داتاکانی ئەوان بووایە ئەوا ئەبوو ئێستا یەکێتی لەقۆناغێکی نوێدا بووایە.

 

کاك نەوشیروان وایکرد، بۆ سبەی یەکێتی بەجێهێشت و لەگەڵ کۆمەڵێك دۆستی دێرینی(کە کاریگەرترینیان قادری حاجی عەلی) بوو، کۆمپانیای #وشە یان دامەزراند و پاشتر لیستی هەڵبژاردنیان ئامادەکرد و ماجەرای ڕووداوەکان لەزیهنی هەمووتاندا ماوە و وردینەی ڕووداوەکانتان لەبەرچاوە، بەڵام ئەمەوێت بڵێم: ئەم کاستەی کەناویان لەخۆیان نابوو #ڕیفۆڕم دوو کاریان ئەنجامدا;
بەلێشاو گەڕانەوە ناو (ماڵە گەورەکە)ی یەکێتی لەبەرامبەر کۆمەڵێك ئیمتیازات.


یان بەلێشاو خۆیان کرد بە ناو لیستی گۆڕاندا.

لەگەڵ ڕێزی بێ پایانم بۆ مرۆڤە پاك و بەهەڵوێستەکانیان کە بەداخەوە ئەوانیش قوربانیی قۆناغەکە بوون، بەڵام ئەو باڵە لێرەش سەریان کردەوە بەیەکدا و نەك تەنیا کاك نەوشیروان هەموومانیان هیوابڕاو کرد!

 

لەگەڵ کۆمەڵێك هەلپەرستی بێ ناودا یەکیانگرت و هەزاران گەنجی جوانیان دەرپەڕاند، کە دواتر بە پاڵپشتی کوڕانی کاك نەوشیروانیش پەڕکێشییان کرد خانەخوێ و خاوەنە ڕاستەقینەکانی پڕۆژەی گۆڕانیان تەنگاوکرد و بە ناچاریی چەندین سەرکردەی وەك قادری حاجی عەلی بزووتنەوەکەیان بە یەکجاریی جێهێشت!

 

ئێستا و پاش ئەو زنجیرە لە هەڵەی زەق و ئینحیرافی مەنهەجیی لەناو بزووتنەوەکەدا، کە هاوکاتە لەگەڵ بێئومێدیی خەڵکی کوردستان لە هەموو پڕۆژەیەك کە ناوی سیاسەت بێت، دیسان ئەم پیاوە تێکۆشەرە وەك هەستکردن بە بەرپرسیارێتی قۆناغەکە بە وتارێك کۆمەڵێك پرس ئەوروژێنێت:

 

لێرەولەوێ کۆمەڵێك کەس بەناوهێنانی ئەم کارەکتەرە سیاسییە جاڕس و دوڕدۆنگ ئەبن، جۆرێك لە بوغز و گرێی دەروونیان لەبەرامبەریدا بۆ دروست بووە، ئەم گرێ و حاڵەتەی ئەو جۆرە کەسانە بۆ ئێمە گرنگیی و بایەخی نیە، چونکە ئێمەومانان مرۆڤی بابەتین، دڵنیاین کاك قادر پیاوێکی دەست و پێ سپی نیە و بێباکە لەم جۆرە تێڕوانینانە و ناوەستێت، هەروەك ئێمەش زۆر بێ نیازین لە هەر سەرکردەیەك و چاوەڕێی هیچ پاداشتێك نین، لە دە ساڵی ڕابردوودا لە سەدان جێگادا بووین بە قەڵغان و سوپەر بۆ ئەو ڕەخنە نالۆژیکییانەی کە لە گۆڕان و کاك نەوشیروان گیران، لەکوێیشدا بۆ خۆمان سەرنجمان لەسەر کارەکانیان هەبووبێت، ڕەخنەمان لەچوارچێوەی پرنسیپە ئەخلاقییەکانماندا لێگرتوون، بەهەمان هەناسەوە لەگەڵ ئەم پیاوەشدا بەرخورد ئەکەین.

 

ناوەڕۆکی وتارەکەی زۆر ڕوون و بێ ڕتوشە، بەڵام گرنگە ئێمە هێڵێکی جیاکردنەوە لەگەڵ قۆناغی پێشووی کارکردنماندا بکێشین و بە هەمان ڕێڕەو و میتۆدی پێشوو هەڵەکان دووپات نەکەینەوە.

 

ئێمە دڵنیاین ئەوانەی کە خوازیارن ئەم دۆخە وەك خۆی بمێنێتەوە و سفرە و خوانی پڕ لە گەندەڵییان لێ تێك نەچێت، دەستەوەستان دانانیشن و ئەوەی هەبێت و نەبێت ئەیڵێن، کە دیارترینیان پەلاماردانی کەسیی و تۆمەتهۆنینەوەیە لەبارەی خودی ئەم جۆرە سەرکردانەی کە بەدلێریی دەنگهەڵئەبڕن، هەروەك ئەوەی کە پارتی و یەکێتی لە تۆمەتبارکردنی کاك نەوشیروان و هاوڕێکانی درێغییان نەکرد و تێکڕای پڕۆژەکەیان یەکسان کرد بە (بازرگانیی).

 

بۆ ئێمەومانان گرنگ نیە کە مەساحەی تۆمەت و تەشهیرەکان چەند فراوان ئەبن و خاڵێکمان داناوە و شەخسپەرستیی ناکەین، کێ ئەچێتە ناو موهاتەرات و جەنگی کەسییەوە، چی بە هەریەك لەو(کاك)ـانە ئەڵێن بیڵێن، بەڵام گرنگ ئەوەیە نە ملکەچ ئەبین بۆ ئەو سیاسەتە چەوتە بەخێزانییکراوەی کە ئێستا هەیە، نە ئەهێڵین جارێکیتر خێزانێکیتری سیاسیی دروست ببێتەوە و (کەس)ێك ببێت بە هەموو شتێك لەلامان، کاك قادر چەندە ڕاستگۆ و تێکۆشەرێکی سەرڕاست بێت، دواجار لەچوارچێوەی پڕۆژەیەکدا یەکێکە لە کارەکتەرە کاریگەرەکان، نەك سەرکردەیەکی سەنترالیزمی پیرۆزکراو کە کەس نەتوانێت تێیپەڕێنێت و ئێمەش ڕۆژانە سەرقاڵی شەڕەدەنووك بین لەگەڵ ئەم و ئەو لەسەر کەسێتیی ئەو!

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure