دانا مه‌نمى28/11/2019 392 جار بینراوە

بارزانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ توركیا چی له‌ پارتی ده‌وێت؟

 

دوای سه‌ردانه‌كه‌ی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ هه‌ولێر، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌مین سه‌ردانی بۆ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌سپێكرد ، سه‌ردانه‌كه‌ له‌سه‌ر بانگێشتی فه‌رمی توركیا بووه‌و دوای كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگان سه‌رۆككۆماری توركیا له‌ پڕیس كۆنفرانسێكدا مه‌سرور به‌رزانی بە ئامادەبوونی مەولوود چاوشئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا، له‌باره‌ی شنگاله‌وه‌ له‌وه‌ڵامی په‌یامنێراندا گووتی : لەگەڵ بوونی پەكەكە نین لە شنگال و ناوچەكانی دیكەی هەرێمەكەمان". دواتریش سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم جەختی لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە دووقۆڵی و ئابوورییەكانی نێوان هەرێم و توركیا كردەوه‌و ئاماژەی به‌ نیگه‌رانیه‌كانی توركیا له‌ بواری ئه‌منیدا و گوتیشی : " هه‌رێمی كوردستان بەردەوامه‌ لە هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆر".

 

توركیا یاسایەكی لاستیكیی هەیە لەبارەی پاڵپشتیكردنی تیرۆر و بۆ داپڵۆسین یاساكه‌ دژی ئازادی رادەربڕینه‌ دژی ئه‌وانه‌یشه‌ كه‌ لە بوارەكانی ئازادی سیاسی و ئینسانی چالاكی وگردبوونەوە دەكەن ، یاسایی تیرۆر له‌ توركیا له‌ ڕووی ئه‌منیه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتێكی زۆری به‌ سه‌رۆككۆماری توركیا به‌خشیووه‌و زۆربه‌ی مادده‌كانی یاساكه‌ نزیكن له‌ ڕێوشوێنی باری نائاسایی ، هه‌موو جۆره‌ گردبونه‌وه‌و رێپێوانێك پێناسه‌ی تیرۆری به‌ باڵادا براوه‌ ، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ گشتی ناوی (۸۸۹) كه‌سی خستووه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌ ، بەشێک لە ناوى ئەو کەسانەى كه‌ له‌ لیستی تیرۆردان بەمشێوەیە پۆلێنبەندى کراون (۸۹ ) كه‌سیان خراونەتە لیستى خۆڵەمێشی، (۳۷) کەسیان لە لیستى پرتەقاڵى (۲٤) کەسیان لە لیستى سەوز(۲٦) کەسیان لە لیستى شین و (٤٤) کەسیان لە لیستى سوردان، سالێك له‌مه‌وبه‌ریش وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا ناوی ساڵح موسلیم گوتەبیژى بەرپرسى پەیوەندییەکانى تەڤدەم و هاوسەرۆکى پێشووى پەیەدەى خستە لیستى تیرۆرەوەو بڕی ٤ ملیۆن لیرەى تورکی، کە دەکاتە ملیۆنێک و ۸۸ هەزار دۆلاری ئەمریکى بۆ دەستگیرکردنى ساڵح موسلیم داناوە ، ئەو لیستەى وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی تورکیا ناوى زۆربەى سەرکردە و بەرپرسان و دامەزرێنەرانى پەکەکەی تێدایە، یاسایی تیڕۆرله‌ توركیا كه‌رامه‌تی مرۆڤی له‌كه‌دار كردووه‌و پێشێلكاری مافی مرۆڤی تێدایه‌ .

 

له‌باره‌ی شنگاله‌وه‌ هه‌قی خۆیه‌تی ئاوڕێك له‌ شنگال بده‌ینه‌وه‌و بزانین شنگال چۆن ته‌سلیم كرا و چۆنیش رزگاركرا؟ شنگال لە ٣ى ئابى ٢٠١٤داعش پەلامارى دا و لە شەو و رۆژێکدا هەزار و ٢٩٣ ژن و پیاوی کوشت و ٦ هەزار و ٤١٧ کەسى رفاند، تا ئێستا ٣ هەزار و ٥٠٩ کەس رزگار کراون و هێشتا چارەنووسى ٢ هەزار و ٩٠٨ کەس نادیارە ، هێشتا دەیان گۆڕى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى هەڵنەدراونەتەوە و خاپووربوونى هەزاران خانوو لە سنوورەکە سیماى وێرانەى بە شنگال بەخشیووه‌، داعش ساڵێک و سێ مانگ و دە رۆژلە قەزاى شنگال دەسەڵاتدار بوو، قه‌زای شنگال و ناحییه‌كانی (ره‌بیعه‌و زوومارو سنونێ و خانسورو وانكێ ) به‌كه‌متر له‌ دوو كاتژمێر داعش ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت ، هێزه‌كانی پارتی له‌لایه‌ك رێگربوون له‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌ ڕووبكه‌نه‌ ڕۆژئاوای كوردستان كه‌ ٥۰ په‌نجا كیلۆمه‌تر له‌ قه‌زای شنگاله‌وه‌ دوور بوون ، له‌لایه‌كی تر هێزه‌كه‌ی پارتی جگه‌ له‌ هێزی لق و ناوچه‌و ئاسایش و پۆلیس فه‌رمانده‌كانی (سپیلك و هه‌ڵگورد و سه‌فین و زێره‌ڤانی و هێزه‌كانی یه‌كه‌ی هه‌شتا) كه‌له‌لایه‌ن سه‌ربه‌ست باپیرییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌كران ، به‌بێ ته‌قه‌ به‌هات هات هه‌ڵدێن وتا پردێ و سحێلا ناوه‌ستن و خاك و خه‌ڵكی شنگال ڕاده‌ستی داعش ده‌كه‌ن ، دواجاریش بۆ ڕزگاركردنه‌وه‌ی شنگال له‌ ده‌ستی داعش لیژنه‌ی دانوستاندن له‌ نێوان پارتی و په‌كه‌كه‌ پێكده‌هێنرێت ، تاكه‌ مه‌رجی پارتی له‌ دانوستاندنه‌كاندا بۆ به‌شداری په‌كه‌كه‌ له‌ ڕزگاركردنی شنگال ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ ئاڵای په‌كه‌كه‌و وێنه‌كانی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان هه‌ڵبگرن ئه‌وكاتیش گرفت له‌ به‌شداریكردنیان نابێت .

 

دوای رزگارکردنی شەنگال لە رۆژی ١٣ـی تشرینی دووه‌می ٢٠١٥ ،مەسعود بەرزانی سەرۆکی پارتی گووتی : تەنھا پێشمەرگە شەنگاڵی رزگارکردوە و ھیچ ھێزیکی تر بەشداری رزگارکردنی شەنگالی نەکردوە". ئه‌م گوتاره‌ی مه‌سعود بارزانی جارێکی تر ململانێ و ناکۆکی لە ئاستی جیاجیادا لە نێوان پەکه‌کە و پارتیدا زیندوو كرده‌وه‌ ، له‌ نێوان په‌كه‌كه‌ و پارتی دا خاڵی ناکۆک و خاڵی کۆک هه‌یه‌ ،بۆ ئەوەی ململانێکان گەورە نەبن و رێگەله‌ شەری براکوژی بگیرێت، پێویسته‌ پارتی و په‌كه‌كه‌ لە سەر خاڵە کۆکەکان لە یەکتر نزیک ببنەوە رێکبکەون و خالە ناکۆکەکان ھەلگرن بۆ قۆناخێکی تر، پارتی و په‌كه‌كه‌ بەو ئەنجامە گەیشتون کە کیشەكان سیاسیین و بە شەری راگەیاندن چارەسەر ناکرێن،دیالۆگ و گفتوگۆوکۆبونەوە لە ئاستی باڵادا بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکییه‌كان و رێکەوتن باشترین بژارده‌یه‌ .


توركیا سودێكی زۆری له‌هاوكاری پارتی بینیووه‌و به‌هاوكاری پارتیش به‌رده‌وام سوپای توركیا خاكی هه‌رێم و سه‌روه‌ریه‌كانی عێراق ده‌به‌زێنێت، توركیا به‌هاوكاری پارتی چه‌ندین ساڵه‌ مۆڵگه‌‌و باره‌گای سه‌ربازیی‌‌و هه‌وڵگریی خۆی پته‌و ده‌كات ،مێژووی‌ جێگیركردنی‌ ئه‌و باره‌گا سه‌ربازیی‌‌و هه‌واڵگرییانه‌ی توركیا له‌ خاكی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ڕێكه‌وتنی نێوان پارتی و توركیا له‌ سه‌رده‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ دا ،هه‌رچه‌نده‌ به‌ پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ وابڕیار بوو كه‌ باره‌گا سه‌ربازی و هه‌واڵگرییه‌كانی توركیا بۆ ماوه‌ی‌ ۱۰ ساڵ له‌ناو خاكی‌ هه‌رێمی كوردستاندا بمێننه‌وه‌‌و له‌ساڵی‌ ۲۰۰۷ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتی‌ خۆیان، به‌ڵام تائێستا ماونه‌ته‌وه‌ و به‌پێی زانیارییه‌كانیش توركیا به‌ هۆی بوونی سه‌ربازگه‌ هه‌واڵگرییه‌كانی له‌ ناو خاكی كوردستان كۆنتڕۆڵی‌ ته‌واوی‌ سنوره‌كان‌و جموجۆڵی‌ حكومیی‌‌ و حیزبییه‌كانیان كردووه‌ ، توركیا هه‌ر به‌وه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌و له‌ باره‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ سنوره‌كانی هه‌رێم و له‌ قه‌زای شنگال و مه‌خمور ژورێكی عه‌مه‌لیاتی سه‌ربازیی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پارتی له‌ ڕووی هه‌واڵگیرییه‌وه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگیی پێكهێناوه‌ وچاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت حكومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی هاوكارییه‌كانی بۆ توركیا زیاتر بكرێت .

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure