مەلا بەختیار25/11/2019 202 جار بینراوە

كۆنگرە لە نێوان پلە و پرۆگرامدا

 

سێ‌ پرۆژەی بێ‌ پرۆگرام


دوای نیگەرانیەكی زۆر، سەرەنجام، بڕیاری كۆنگرە دراوە و ئەوەتا، كۆنفرانسەكانی كۆمیتەو، هەڵبژاردنەكانی مەكتەب و مەڵبەندەكانیش، ئەنجام دەدرێ.

پێش ئەم هەڵبژاردنە لۆكاڵیانە، سێ پرۆژەی جیا جیا، لە لایەن ئەنجومەنی ناوەند و گروپی فشاری كۆنگرە و، مەكتەبی رێكخستنیشەوە، بۆ پەیكەرەی یەكێتی، بەتایبەتی بۆ سەركردایەتی لە لوتكەوە بۆ دامێن، خراونەتە بەرباس. قسەمان لەسەر ئەم پرۆژانە زۆرە، كە چۆن داڕێژراون و دەشویسترێ، بەم پرۆژانە، چ ئامانجێكی تایبەتی بەدیبێت. ئەمەیان با هەڵبگرین بۆ ناو كۆنگرە، كە خۆشبەختانە ئەندامانی كۆنگرە، هێندەیان تاڵ و سوێری ململانێ‌ ناشەرعیەكانی دەستەگەری چەشتوە، بە ئاسانی رەش و سپی ناو پرۆژەكان لێك جوێ‌ دەكەنەوە. ئەوەی بەندە لە هەمووی لام گرنگترە، ئەوەیە، تا ئێستا نە لەناو پرۆژەكان و نە لە دەرەوەی پرۆژەكاندا، نە لە بڕیار و راسپاردەكانیشدا، دور و نزیك باسی پرۆگرامی یەكێتی و بەستنی كۆنگرە لەم سەردەمەدا، نەكراوە.
ئەم یەكێتییە كە لە هەناویا و لە دەرەوەیشدا، دوچاری كێشەگەلێكی زۆر هاتوە و روداوی چارەنوسساز دەگوزەرێ‌، بەشێكی گرنگی كێشەكانیش پەیوەندییان بەم گۆڕانكاریانەوە هەیە كە لە جیهان و ناوچەكەدا رودەدەن؛ تەواوی حكومەتەكان، حزبەكان، رێكخراوەكان، بیرمەند و نوسەران، سەرقاڵی لێكدانەوەی دیاردە و دەركەوتە نوێكانی سەردەمەكەن، كە سەردەمی جیهانگیرییە، لەم سەردەمەشدا، سۆسیال - میدیا، بۆتە خەم و خۆراكی بەشەریەت، كەچی یەكێتیەك كە بەرەو كۆنگرە گوڕی بەستووە (ئەگەر ببەسترێ) مێشی هزری سەردەمەكە میوانی نییە. سەر و بنی زمانی شۆڕەسوارانی دەستگەری، تەنهاو تەنها ئەوەیە:


- كێ ببێتە سەرۆك یان سكرتێر؟

- مەكتەبی سیاسی دەگۆڕدرێ یان ناگۆڕدرێ؟


- جێگرەكان چۆن دابنرێن و كوڕی كێ بن و لە چ دەستەگەرێك بن؟


- چ دەستە و گروپێك لە هەڵبژاردنەكاندا براوە و كامانەیان شكاون؟... تاد.


بەو قسەو باسانە، كۆنفرانسەكان سەرگەرم كراون و لە پەناشەوە، رۆنی دەم و لێو چەوركردنیش، دەسون بە دەستە دەستەكاندا.

گۆڕانكاری و پەیكەرەی یەكێتی


بێگومان چۆنێتی داڕشتنەوەی پەیكەرەی سەركردایەتی و كەسایەتی یەكەمی یەكێتی، بەتایبەتی دوای كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، هەستیار و گرنگە. بەڵام، پێش ئەوە، گرنگتر ئەوەیە، بزانرێ، پەیكەرەی یەكێتی، چۆن دوای گۆڕانكاری لە بەرنامە و فەلسەفە و ئایدیۆلۆژی یەكێتیدا، دەبێ‌ داڕێژرێ؟ واتا:


ئایە لەم سەردەمەدا و لەناو شەپۆل شەپۆل لە گۆڕانكاریەكانی جیهانگیریدا، ئایە یەكێتی گۆڕانكاری پێویستە یان نا؟


ئەگەر لە نێوان كۆنگرەی پێشوو، بۆ چوارەمین كۆنگرە، گۆڕانكاریەكان بابەتین، واتا: گۆڕانكاریەكان، رێكەوت نین و، مێژووكردن و، ژێرخان و، سەرخانی تەواوی حكومەتەكان و دەوڵەتانی گرتۆتەوە.. هاوكات، پەیوەندیە كۆمەڵایەتی و چینایەتیەكانی بابەتیانە هەڵگیراوە و كاریگەریشن لەسەر فەلسەفەی سیاسی و رێبازی ئایدیۆلۆژی، كەوابێ‌:


یەكێتی، وەكو حزبێكی سۆسیال - دیموكرات، بە حوكمی ئاڵوگۆڕەكانی بیركردنەوەی سۆسیالیست و سۆسیال - دیموكراتەكان، لەسەر ئاستی جیهان، لە بەرامبەر راسیزم و پۆپۆلیزم و لیبراڵەكان بەرە بەرە دێنە دی، ئیتر یەكێتی لە لایەنەكانی تر زیاتر ئەركێتی، گۆڕانكارییەكان بە قوڵی بخوێنێتەوە و هەر بەشێك و بنچینەیەكی پرۆگرامەكەی ئێستاشی، گەر نەگونجێ لەگەڵ گۆڕانكارییە بابەتیەكاندا، پێویستە گۆڕانكاریان تیادا بەدی بهێنێ‌.


ـ ئاشكرایە، مەیدانەكانی سیاسەت لە رۆژئاوادا، گۆڕانكاری هەمەلایەنەیان بەخۆیان دیوە.

ـ دیاردە و روداوی تازە، لە جیهان و ناوچەكەدا، سەریان هەڵداوە.

ـ ناسنامەی چینایەتی و، پیرۆزی مەزهەبگەرایی و، رێبازی ئایدیۆلۆژی دەهەكانی رابردوو، بەجێماوون.

ـ سیستەمی حوكمڕانی سەردەمی جەنگی سارد و، دوای راپەڕینی كوردستانیش، كەڵكی سەردەمی ئێستایان نەماوە.

ـ دەوڵەتدارێتی و حوكمڕانێتی و بەرژەوەندییە جۆراوجۆرەكانی ئابوری، ژێروژوربون..

ـ ئایدیۆلۆژیەت و فەلسەفەی حزبایەتی، كاریگەریان وەكو رابوردوو، لە دەستداوە.

ـ تەنانەت خەباتی رێكخراو و سەندیكاكان، گەوهەری پیشەیی كلاسیكیان نەماوە و ئێستا ئێن جی ئۆكان، دەتوانن شەقامی سیاسی ببزوێنن و رابەرایەتیشی بكەن.

ـ نەوەی سەردەم، نەوەی ژێر كاریگەریەكانی جیهان گیری و سۆسیال - میدیان و دابڕاوون لە هەژمونی نەریت و سیاسەت و كاریزماكانی سەدەی پێشوو!!.

بێباكی حزبی!

لە دۆخێكی گۆڕدراوی ئاوهای جیهانگیریدا، كە گۆڕانكاری كونج و كەلەبەری ئابوری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، سیستەم و هزری خەڵكیشی تەنیووە، ئایە، یەكێتی، دەتوانێ‌ لە بەرامبەر ئەو هەموو گۆڕانكاریانەدا، بە بێباكی حزبی و، بێمنەتی فەلسەفی و، خەمساردی رێكخراوەیی، بچێتە ناو كۆنگرە و لە كۆنگرەكەشدا، تەنها سوكە گۆڕانكاریەك لە چۆنیەتی هەڵبژاردنی سكرتێر و سەركردایەتی ئەنجام بدات؟ تۆ بڵێی بیركردنەوەی داخراوی ئاوها، لەگەڵ گۆڕانكارییە كراوەكانی سەردەمدا، بسازێ‌؟


خوێنەر، كە ئەو هەموو دیالۆگە لەسەر فەلسەفە و لەسەر ئایدیۆلۆژیەت؛ تەوژمی رەخنەی نوێ‌ و پیاچونەوە بە چەمكەكانی رابوردوو؛ ئاڵوگۆڕ لە هزر و ئەندێشەی لایەنەكان و سەركردەكان دەخوێنێتەوە و بەراوردی دەكات بەم خەمساردییەی سیاسەت و حزبایەتی لە یەكێتی و كوردستانیشدا، ئەوسا دەزانرێ‌ كە گۆڕانكاریەكان لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا چەند قوڵ و خێران، بۆیە لە هەموو رویەكەوە، پێشكەوتن و سەركەوتن دیننە دی. هەر لەبەر روانگە نەگۆڕدراوەكانی حزب و حكومەتەكانی كوردستان و عێراق و ناوچەكەشە، پێشكەوتنی گەورە بەدی نایەت، بەڵكو بە پێچەوانەوە، بەردەوام ئاستەنگ و قەیرانی گەورە گەورە، سەرهەڵدەدات؛ راپەڕینەكانی ئێستای عێراق و لوبنان و جەزائیر.. تاد زادەی ئەو دۆخە چەقیوەی حوكمڕانی و حزبایەتیە، تەنانەت گەندەڵی و مشەخۆریش، سەرەنجامی چەقبەستنی سەركردە و دەسەڵاتەكانە.. لەم جیهانە گۆڕدراوەدا. دەركەوت كە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها بە رواڵەت لەم سەردەمەدان.. بەڵام رەگەزەكانی راستەقینەی بیركردنەوەو حوكمڕانیان، هێشتا، لە سەدەكانی ناوەڕاستەدایە.


بەهیوام، هێندەی كات بەدەست یەكێتیەوە ماوە، كۆمیتەیەكی تایبەت بە پیاچونەوە بە پرۆگرامی یەكێتی دابنێ‌ و ئەوەندەی فریاشدەكەون، پرۆژەیەك بۆ گۆڕانكاری گونجاو، بۆ پرۆگرامی یەكێتی لە چوارەمین كۆنگرەدا ئامادە بكەن.. كە رەنگدانەوەی ئەركە نوێكانی یەكێتی بێت، لەم سەردەمەدا.

 

له‌كوردستانى نوێ وه‌ وه‌رگيراوه‌

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure