ره‌حمان غه‌ريب19/11/2019 136 جار بینراوە

میلیشیای ئەلیكترۆنی حزبەكان

نازانم كێ بوو رێگا دورودرێژەكەی پێناسەی حزبی بە سادەیی بۆ كورتكردینەوە؟ ئەوەی ووتی" حزب شەمەندەنەفەرە لە شوێنێكەوە دەتگوازێتەوە بۆ شوێنێكی تر"، ئەم كادێرە پوختكراوەی پێناسەی (هاوڕێ لینین) و نوسەرە كلاسیكیەكانی كۆمۆنیستی، بەسادەیی لەناو كتێبە تیۆرییەكانەوە، گواستەوە ناو خەڵكی تینوو بۆ گۆڕانكاری، لەدژی چەوسانەوەی كۆمەڵایەتی وئیستبدادی سیاسی.

 

زۆرینەی شەمەندەنەفەرە سیاسییەكانی ئەم هەرێمە لەسەر بنەمای یەك چوارچێوەی رێكخراوەیی، یەك ئیرادە، یەك بڕیار، یەك ڕێبازی فكری وسیاسی داڕێژراوە، بونیادێكە لەدابەشكردنی دەسەڵات وئەرك ومافەكانی ئەندام، كە ئەستەمە كەمینە هەموو كاتێك مافی جیاوازبوونی لەگەڵ خەتی گشتی ئەو حزبانە پارێزراو بێت.

 

یەك جۆرو یەك رەنگ و یەك ئاراستە، مۆدێلێك لەحزبایەتی كە جۆرج تەرابیشی بە "تاعونی دیموكراسی" ناوی دەبات ، سیستەمی یەك بیركردنەوەو قسەكردنی حزب بەناوی هەموانەوە.

 

بەو پێیەی كەلتوری حزبایەتی ئێمە زۆر لەیەكتر نزیكە، هەر لە مەرجەكانی بوون بەئەندام، ئەرك‌و مافەكان، سزادانی ئەندام، پێكهاتەی رێكخراوەیی، ئۆرگانەكان، تا دەگاتە دیسیپلین ‌و ئابونەدان، بۆیە قەیرانەكانیشمان زۆر لەیەكتردەچن. بۆیە رەنگە گشتاندن ( تعمیم) رەوابێت بۆ واقیعی حیزبی سیاسی كورد و زۆرێك لە پرۆسەی وازهێنانی ئەندامان بە تخوینكردنی هاورێ‌و هەڤاڵ‌و هاوبیرەكانیاندا تێپەڕبووە.

 

جاران كاتێك لە ناو مەكینەی ئەم شەمەندەنەفەرەدا، ئەندام بەهەر هۆكارو بیانویەك دەهاتە دەرێ، ئەوانیتر لە رۆژنامەی ناوخۆیی و كۆبونەوەی حزبی بەردبارانیان دەكرد، ئێستا میلیشیای ئەلیكترۆنی بۆ دەجوڵێن، فەرهەنگێكی وشكی حزبایەتییە كە وا تەماشای ئەندامانیان دەكەن كە تا ئەندام‌ وكادێری پێشكەوتوی حزب بن بەڕێزو سەنگینن، هەرلە یەكەم رۆژی دەستلەكاكێشانەوەشیان ئیتر حزبی كوردستانی هیچ بەهایەك بۆ مێژوو رۆژە جوانەكانی خەباتیان ناهێڵێتەوە و بەدبەختیان دەكەن.

 

دەزانم ئەندامیش هەن پاش وازهێنانیان رێزیان بۆ میژوی خەباتی خۆیان‌و حزبەكانیان هێشتبێتەوە زۆر كەمن، بە پەنجەكانی دەست دەژمێردرێن. دەگمەنن نامەكانی وەفایان بۆ رۆژانی سەرەتای خەبات‌و سوپاسگوزاری بۆ یەكەمین رۆژی پەیوەندی و یەكەمین شانە‌و یەكەمین كۆبونەوە.

 

بەڵام لێرەدا قسەم لەسەر پرۆسەی هێرش و ناوزڕاندنی ئەم چەند رۆژەیە، كە میلیشیای ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەستیان پێكردو كە مێشكوژی ئەلیكترۆنیش فریای نەدەكەوت، هۆكارەكەیش ئاماژەدانی كادێرێكی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان بوو بە نەمانی "پەیوەندی حزبی و ئۆرگانی" لەگەڵ حزبەكەی.

 

ئەی لەناو پەیڕەوی ناوخۆی هەموو حزبەكاندا نەنوسراوە: وەك چۆن بوون بە ئەندام ئارەزوومەندانەیە، وازهێنان‌یش ئارەزمەندانەیە؟ خۆ نەنوسراوە "بەزۆرملێ" نوسراوە "ئارەزوومەندانەیە".

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure