عه‌بدوڵا كوێخا موباره‌ك19/11/2019 216 جار بینراوە

سیاسیەکانی باشور و سێ خاڵ..

 

١-پێی وایە ئەگەر لەگەڵ دز و گەندەڵ نەبێ لە کاروان جێ ئەمێنێت، خۆیشی بە چاکسازیخواز و فریاد ڕەس ئەزانێت،


لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا و بەتایبەت ئەم دوو ساڵەی ئەخیر پەیوەندیم بە چەندین کەسی دیاری سیاسیەوە کردوە و ھانام بۆیان بردوە لە ناو ھەمو ھێز و لایەنە بەناو ئازادیخواز و داد پەروەرەکان و تەنانەت چەند کەسایەتیەکی سیاسی بەڕواڵەت جیاوازی یەکێتی و پارتیش، زۆر مناقەشەی ئەوەم لەگەڵ کردون کە تا کەی ئەم ھەمو زوڵم و ستەمە، ئەم ھەمو گەندەڵی و بە ھەدەردانە لە حکومڕان و دەسەڵاتدارانی ھەرێمەکەمان قبوڵ بکەین؟ ئەگەر بیانو ئەوەیە کە توانامان نیە ڕێگریان لێ بکەین، بۆ ئەبێت شەرعێتیان پێ بدرێت؟ ئەگەر بیانو ئەوەیە شەرعێت پێ دانیشیان بە زۆرە ملێیە کە واش نیە، ئەی بۆ ئەبنە شەریکیان؟ ھەمویان جگە لەو چەند سەرکردە سیاسیە کەمەی لەئێستادا لە ماڵەوە دانیشتون لە وەڵامدا یەک ڕستەیان ھەیە بۆ وتن،
( ئەگەر لەگەڵیان نەبین لە کاروانەکە یان لە قیتارەکە جێ ئەمێنین)!!!


باشە ئەم جۆرە سیاسیە کە پێیان وابێت ئەگەر لەگەڵ دز و مافیادا نەڕۆن ئەسڕێنەوە یان جێ ئەمێنن ئیتر چاوەڕوانی چیان لێ دەکرێت؟.

٢- لە کەرکوک بەبێ تەقە ڕایانکردوە، ئێستا باسی مانەوەی ڕۆژئاوە ئەکەن بەھۆی ئەمانەوە،


بەھۆی ترسنۆکی و ھەڵەی سیاسی و دیبلۆماسیەوە نیوەی خاکی باشوری کوردستان و شارێکی گرنگی وەک کەرکوکیان لە دەستداوە بەبیانوی با خوێنی خەڵکەکەمان نەڕژێت، بەڵام خۆیان بەراورد ئەکەن بە سەرکردەکانی ڕۆژئاوا کە ڕوبەڕوی گەورەترین دیکتاتۆر و زلھێزی ناوچەکە بونەتەوە و ڕۆژانە چەندین شەھید لە ژن و پیاو ئەبەخشن لە پێناو پاراستنی خاکی کوردستان و کەرامەتی کورددا، زۆر جار واش خۆیان ئەنوێنن کە ئەمان لێرەوە ھاوکاری ڕۆژئاوان، بەڵام جورئەت ناکەن ناوی کەرکوک و ناوچە داگیر کراوەکانی لای خۆمان بھێنن.

 

٣-لە نێو چەقی ئاودەستەکە دانیشتوە و بە بۆگەنی ئەوێ ئەژێت، بەڵام وەکو من و تۆ ئەڵێت بەڵێ ئەم حکومەتە ئاودەستە و بۆگەنە،


وەکو ئەندامێکی پارتی و یەکێتی یان ھەڵواسراوێک بەو دوو حزبەوە بە پارەی دزراوی ئەم میللەتە ئەژێت و پاسەوانی ئەکرێت و موڵکی گشتی داگیر ئەکات، بەڵام ئەویش وەکو من و ھەمو ئەوانەی قوربانیان بە خۆیان داوە قسە ئەکات و ئەڵێت ئەم ناحەقی و گەندەڵیە ڕەوا نیە، ئەمە ڕێک وەکو ئەوە وایە ئێمە حکومەتی کوردی بە ئاودەستێکی بۆگەن ئەزانین و دورمان لێگرتوە و ئەڵێین کاس بوین لە بۆگەنیەکەی، ئەوانیش لە ناو چەقی ئاودەستەکە دانیشتون و بەو بۆگەنیە ئەژین، بەڵام وەکو ئێمە ئەڵێن بەڵێ گەندەڵ و بۆگەنە.

 

بۆیە داخ لە دڵانە ڕێگا بەخۆم ئەدەم بڵێم


ئەگەر تۆی ھاونیشتیمانی باشوری کوردستان یەکتۆز لە گەمژە و کۆیلەیەک باشتریت ئەم سێ خاڵە کافیە بۆئەوەی پشتیوانی لەم سیاسی و دەسەڵاتە درۆزن و فاشلە نەکەیت.

تێبینی

پێشبینی دەکرێت ڕوداوێکی گەورە لە ناوچەکە و عێراق ڕوبدات، برسێتی و ماڵ وێرانی و قوربانی زۆری لێ بکەوێتەوە، بەڵام دوای ئەوە کورد ببێت بە خاوەنی کیان و نیشتیمانی خۆی و سەربەخۆ ببێت، ئەگەر کار بۆ نەمانی ئەم سیاسیە خۆفرۆش و فاشلانەی ئێستا بکرێت تا دیسانەوە جارێکی تر کوردستان نە دۆڕێنن و نەفرۆشن.

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure