كمال محه‌مه‌د19/11/2019 156 جار بینراوە

ئاسۆی ڕوانین و سێبەری گۆڕانكارییەكان

 

لە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەمڕۆی جیهانیدا تا دێت جیهان بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتایبەت گۆڕانكاری گەورە بە خۆیەوە ئەبینێت ، خودی سیستەمی سەرمایەداری هەمیشە ناوەندی شۆڕش و دژە شۆڕشەكانی لە بەرژەوەندی خۆی كۆتایی پێهێناوە ، ئەمەو جگە لە شەڕە ئایینی و مەزهەبییەكان كە بەردەوام كۆمەڵگای دوچاری شەڕ و پێكدادان كردوە لەنێوان خۆیانداو سەرەنجام دەسەڵات سیستەمی سیاسی سەرمایەداری هێزی زیاتری خۆیان بەدەست هێناوە لە ئەنجامی ئەو ئایدۆلۆژیا ڕاسیزم و ناسیۆنالیزمە توندەڕەوەوە .

 

زۆرینەی كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی ئەمڕۆ بوە بەو كێكەی ڕۆژئاوا و هەردو جەمسەری جیهانی شەڕی لەسەر بكەن ، "نیال فێرگستۆن "خاوەنی كتێبی شارستانییەت و هەژمونی ڕۆژئاوا بەسەر ڕۆژهەڵاتدا بۆ یەكێك لە فاكتەرەكانی ڕكابەرایەتی شۆڕشی زانستی ئەگەڕێنێتەوە .

 

ئێستای گەلانی ناوچەكە گەشتونەتە ئەو بڕوایەی چیدیكە ئیسلامی سیاسی و خاوەن مەزهەبییەكانی ناتوانن دەستەبەری ژیانێكی هاوچەرخ و یەكسانیان بۆ فەراهەم بكەن ، بۆیە لەسەروبەندی خۆپیشاندانەكانی ئێران و عێراق هەوڵێكی زۆر و بەهێز بۆ دەربازكردنی ئەو لاوازییانە هاتۆتە گۆڕێ كە ئەمڕۆی گەلانی تێدا داناوەو هەردەم لە جیاتی ئەوەی دیسپلینی رێكخستن و عەقڵییەتی وەك پێویستییەكی ژیانی ئازاد ببینین هەمو كات لەلایەن دەسەڵاتدارنییەوە كۆنتڕۆڵ كراون .

 

گرنگی و جیاوازی خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی گەلانی ناوچەكە تا دوا ڕادە لەو پێناوەدا گونجاو لەبارە كە داواكارییەكانیان ئەو ئامانجە بەدی بێنێت كە گەلێكی ئازاد هەوڵی بۆ ئەدات و هەر جۆرە تواناو دەرفەتێكیان بۆ گۆڕینی ژیان و گەڕانەوە بۆ عەقڵانییەت و گۆڕانی كردار گەرایی و بەدەستهێنانی مافەكانی تاك و كۆمەڵگایەكی ئازاد و دەنگی دلێر و ڕاپەڕیویان لە بەرژەوەندی گەل بشكێتەوە .

 

سۆسیۆلۆژیای مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ڕاستینەیی كۆمەڵگای لە ساتی ئێستادا خنكاندوەو بەشێوەیەكی ڕادیكاڵ لەرێگەی چەواشەكردن و پەردەپۆشكردنەوە لەهەوڵدایە پەیوەندییەكانی كۆمەڵگا بە مێژوو و ڕابردوەوە داببڕێت و هێندەی دەستی پێ بگات لەسەرجەم راستییەكانی حەقیقەتی كۆمەڵگا دوری دەخاتەوە ، دەمەوێت بڵێم دورنییە بەرژەوەندی سەرمایەداری ببێتە هۆكار بۆ ڕێككەوتنی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەكە و وڵاتان و سەرەنجامیش خوێنی هەمو ئەوانەی لە هەوڵی خۆ ڕزگاركردنیان بون لە سیستەمە سەرمایەدارییەكە بە فیڕۆ بچن و دواجار ڕزگاری ژیانی گەلانیش بكرێتە قوربانی .

 

ئاسۆی ڕوانینی گەلان بۆ دەسەڵات وچۆنێتی دەستەبەركردنی مافەكانیان بۆ جێگیركردنی ژیانێكی كۆمیۆناڵە لەسەرجەم سێكتەرەكانی ژیانی كۆمەڵگادا ، بەتایبەت كۆمۆنە ئابورییەكان چونكە نەریتی ئابوری كۆمیۆناڵ ڕۆڵی سەرەكی لە كۆمەڵگایەكی سەردەم و یەكساندا دەبینێت و هەروەها ڕێگای ڕزگاری لە هەژمونی سەرمایەداری جیهانی دەكاتەوەو لە هەمو جۆرە قۆرغكاری و چەوسانەوەیەك دەربازی ئەبێت ، بۆیە ئەو خاك و كۆمەڵگایانەی كە ئەیانەوێت لە هەژمونی سەرمایەداری وسیاسەتەكەی ڕزگارییان بێت پێویستە گەورەترین شۆڕش لە بەرامبەر مۆدێرنێتەی سەرمایەداری ئەنجام بدەن .

 

بێ گومان نەخشەو ستراتیژی زلهێزەكان لەمیانەی سیاسەتیان لە مێژە ئەو ئاستەیان دەرباز كردوە كە مرۆڤایەتی و ژینگەكەی قوت بدەن ، بۆیە بەردەوام كۆمەڵگاكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست دوچاری هەمان ئەو وێرانكارییانە هاتون كە دنیای سەرمایەداری بە سەریدا سەپاندون و هەمیشە لە هەوڵدا بون كێشەی بێ چارەسەری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەبێت ، بۆیە لەو بڕوایە داین كە پێویستە گەلانی ناوچەكە لە ئەگەری گۆڕانكارییەكان ئاگاداری ئەوە بن گۆڕینی قیبلەكانی نوخبەیەكی سیاسی دەسەڵاتداران لەسەر هەمان هێز و بیركردنەوەیان دوبارە ئاواكردنەوەی پاوان و قۆرغكارییە بە گوێرەی زهنییەت و بەرژەوەندییەكانی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری زلهێزەكان و ڕێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و سەرلەنوێ نەبێتەوە هەژمونی سە رمایەدارییە لەسەر هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ، چونكە هەر بێ ئاگایی و نەبونی ڕێكخستنێك لە رودانی هەر گۆڕانكارییەك و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا بەشی گەلان دوبارە ڕەگ داكوتانەوەی ناچارەسەری و قوڵكردنەوەی زیاتری كێشەكان ئەبێت .

 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure