دڵشاد ئه‌نۆر8/11/2019 128 جار بینراوە

مەزڵوم کۆبانی و کاریگەری دوورکەوتنەوەی لە گۆڕەپانەکە!


.
کاتێک گەنجێکی شەڕەنگێز و نەخوێنەوار و پابەند نەبوو بە یاسا، دەڕواتە دەرەوەی وڵات و دوای چەند ساڵێک دەگەڕێتەوە هەرێم، تێبینی دەکرێ، ئەم گەنجە هێندە گۆڕاوە، کاتێک سواری سەیارە دەبێت، خێرا پشتوێنی سەلامەتی دەبەستێت، ئەمە سستمە ئەو گەنجەی لە گەنجێکی خراپەکارەوە بۆ گەنجێکی پابەندبوو بە یاسا گۆڕیوە.


سستم ئینسان و کۆمەڵگای تەندروست بەرهەم دێنێت، سەرکردە دروست دەکات، وڵات بونیات دەنێت و وایلێدەکات بەرگەی ئەزمە و قەیران بگرێت، بە پێچەوانەشەوە غیابی سستم، کۆمەڵگای تێکشکاو دەسەڵاتێکی لەقی لێ بەرهەم دێ.


رۆژاوای کوردستان بە ماوەی پێنج ساڵ، بووە خاوەنی هێزێکی گەورە و پشتیوانیەکی بەهێزی دەرەکی، بووە خاوەن چەندین سەرکردەی تازە دەرکەوتوو، ئەمە پەیوەندی بەو سستمەوە هەیە، کە ئەم قەوارە سیاسیە تەمەن کورتەی لەسەر بونیاتنرا.


سستم تەنها سەرکردە و هێزی باشی لێ بەرهەم نایە، بەڵکو کۆمەڵگایەکی ئینتیمادار و باوەڕبەخۆبوو دروست دەکات، وەکئەوەی دەبینین، کوردانی سوریا لەو دۆخە خراپەدا، کەچی بەبەرد ڕووبەڕووی تورک و هێزە دەرەکیەکان دەبنەوە.


بەم دواییانە، زۆر قسە لەبارەی ئەگەری هێرشی تورکیا و کـوژرانی مەزڵوم کۆبانی کرا، ئەم ترسە زیاتر لە باشور قەبەکرا، چونکە وادەزانن دۆخی سوریا وەکو باشورە، وا دەزانن رۆژاوا، یەکێتی و گۆڕانە، بەنەمانی مام جەلال و کاک نەوشیروان بپوکێنەوە، وادەزانن پارتیە و بەنەمانی کاک مەسعود لەبەردەم هەرەشەی نێوخۆییدا بێت.


لە وڵات و قەوارەی خاوەن سستم دا، سستم وڵات بەرێوەدەبات نەک شەخس، راستە دۆخی سوریا و لێدوانەکانی ترەمپ، مەزڵوم کۆبانی زۆر دەرخست، بەڵام بەنەمانی کۆبانی، سستمی رۆژاوا،سەدان مەزڵومی تری دروستکردووە و هێشتا دەرنەکەوتوون.


ئەردۆغان تێدەگات لەوەی بە کوژرانی مەزڵوم کۆبانێ هیچ لە دۆخی سستمداری رۆژاوا ناگۆڕێ، دەزانێت پەکەکە دەیان مەزڵومی تریان دروستکردووە، بەڵام نەمانی وەجهە دیارەکانیشی بەلاوە گرنگە.
هەرێمی کوردستان ٢٨ ساڵ تەمەنیەتی، کەچی بە ئێستاشەوە بەرگەی بچوکترین قەیرانی سیاسی و ئابوری و سەربازی ناگرێت، چونکە چی حکومەت و چی حیزبەکانیشی خاوەنی سستم نین.


نەبوونی سستم لە هەرێمی کوردستان یاخود سستمە گەندەڵ و بەشەخسەنەکراوەکەی، کۆمەڵگای لە ئینتیما داماڵیوە، بۆیە پێچەوانەی بەردگرتنی کۆمەڵگای رۆژاوا بە دەبابەی تورک، کۆمەڵگای باشور لە بچوکترین حاڵەتدا هەڵدێت، وەکو ئەوەی لەچەند ساڵی رابردوودا بینیمان، یاخود بە بچوکترین دەنگۆ، خۆراک و سوتەمەنی لە بازاردا نەمێنێت.


سستمە گەندەڵ و بەحیزبی کراوەکەی، سلکی سەربازی هەرێمی وا لێکردووە بەرگەی بچوکترین مەترسی دەرەکی نەگرێت، سستمە سەقەتە سیاسیەکەی هەرێم وایکردووە، گوێ لە ڕای دونیا نەگیرێت و بەپرۆسەیەک، هەرچیت بەدەستهێنا لەدەستی بدەی.


بنەما حیزبیە سەقەتەکە وایکردووە، حیزبەکان بەدیلی سەرکردەکانیان دروست نەکەن، یاخود لەزۆر حاڵیشدا، کەسی یەکەمی حیزبەکان لەبری پەروەردەکردنی قیادەی بەهێز بۆ جێگرەوەیان، کەچی خەڵکی لاواز دێننە پێشەوە و نایانەوێ بەدیلیان بێ.


گرنگە جیاوازتر لە دۆخی رۆژاوا بڕوانرێت، چونکە ئەو ئەزمونە کەم تەمەنە، بووەتە خاوەنی سستمێک کە نەمانی سەرکردە، تەنها ڕۆیشتنی وەجهێک و هاتنی وەجهێکی ترە ( ساڵح موسلم چوو، یەکێ تر هات)، ئەگینا کاریگەری لەسەر داڕووخانی وڵات و پوکانەوەی ئەزموون نابێت.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure