دانا مه‌نمى16/10/2019 543 جار بینراوە

تیرۆركردنی ئامانج بابانی و هاوژینه‌كه‌ی

 

ئه‌مجاره‌یان ده‌ستی تیرۆرو كوشتن، به‌رۆكی گه‌نجێكی ترو رۆژنامه‌نوسێكی ئازاو چاونه‌ترسی گرته‌وه‌ ،ده‌ستێكی غه‌در ئامانج بابانی جوانه‌مه‌رگی كرده‌ قوربانی مه‌رامێكی گڵاو، بیستنی مه‌رگی ئامانج بابانی هاوژین و منداڵه‌كه‌ی هێنده‌ ناخۆشه‌ هه‌موو تاساوین، بۆیه‌ هه‌موومان گوێ هه‌ڵده‌خه‌ین تا گوێبیستی هه‌واڵی ده‌ستگیركردنی بكوژه‌كانی ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ بین ، له‌راستیدا ئه‌وه‌ كوشتن‌و تاوانێكی زۆر گه‌وره‌یه‌، ته‌نها ڕۆژنامه‌نووس هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر نییه‌ ،به‌ڵكو هه‌موو مرۆڤێكی ئازاو بوێر هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ره‌ ، له‌به‌رامبه‌ریشدا هه‌زاره‌ها قه‌ڵه‌مفرۆش هه‌ن كه‌ كاریان بریتییه‌ له‌جوانكردنی سیما ناشیرینه‌كانی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌و بوون به‌به‌شێك له‌م سیستمه‌وبوون به‌به‌شێك له‌و گه‌نده‌ڵیه‌ی له‌سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستانداهه‌یه‌.

 

مرۆڤ سه‌ری ده‌سوڕمێت له‌ پشتی بانگه‌شه‌ی ئازادی و دیموكراسی و تۆلێرانسه‌وه‌ ئه‌م هه‌موو تفه‌نگه‌ به‌ده‌سته‌ چی ده‌كات؟ ئێمه‌ ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌رێمێكی خوێن و ته‌قینه‌وه‌ و كوشتن و سڕینه‌وه‌ی یه‌كترو هه‌رێمێكی پڕ له‌ مژده‌ی درۆزنانه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌و دونیای پڕله‌ موجامه‌له‌ی به‌رپرسه‌كان ، تێرۆری‌ سیاسی
یه‌كێكه‌ له‌ ڕه‌هه‌نده‌كانی ئه‌زمونی سیاسی و حوكمڕانی كوردی ، ده‌سه‌ڵاتی كوردی هه‌ڵگری توخمی تۆتالیتاریی‌و پاشماوه‌ی فاشیزمه‌، ناكرێت ئه‌م دۆخه‌ ناجێگیره‌ به‌رده‌وام بێت ، له‌ كاوه‌ گه‌رمیانیه‌وه‌ بیگره‌ بۆ سۆران مامه‌حه‌مه‌ له‌ سه‌رده‌شت عوسمانه‌وه‌ بیگره‌ بۆ وه‌دات حسێن هه‌موو ئه‌م تیرۆرو تیرۆكاریانه‌ خاڵی لێكچوون و په‌یوه‌ستكردنی تیرۆری به‌عسه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆری كوردیییه‌وه‌ ،په‌یوه‌ستكردنی فاشیزمی به‌عسه‌ به‌فاشیزمی كوردییه‌وه‌ ، سروشتی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ خانه‌قین تا زاخۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خه‌ڵك بكوژێت ،چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ درێژكراوه‌ی جه‌سته‌ی به‌عسیزم ، ئه‌مانه‌ قوتابییه‌ به‌ئه‌مه‌كه‌كانی به‌عسن، سیاسیی كورد نه‌یتوانیوه‌ به‌عس تێپه‌ڕێنێت، سیاسیی كورد نه‌یتوانیوه‌ مۆدێلی حزبی تۆتالیتاری تێبپه‌ڕێنێت.

 

هه‌موو په‌یامێكی تیرۆری سیاسی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ترس وه‌كو په‌رچه‌كردارێك و ستراتیژێك و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سیاسی به‌رهه‌م بهێنێت ، ترس هێزێکی سایکولۆژییە ، ترس ئینسانی بچکۆلەو دەستەمۆکراو و کۆیلە و بێکاراکتەر بەرهەم دەهێنێت ، ترس مرۆڤی تەسلیم بوو بێ ئیرادە دروست دەکات ، حیزبی کوردی داوای قڕوقەپی سیاسی کۆمەڵایەتی و کلتوریمان لێدەکات ، دەیەوێت ناچارمان بکات کە ببینە مرۆڤێکی ترساو بێئیرادەو بێ زمان ، تێرۆری سیاسی كرده‌یه‌كی سیستماتیكییانه‌ی ترس‌و تۆقاندن‌و كوشتنه‌ له‌پێناو كۆمه‌ڵێك ئامانجی سیاسیدا ، ئه‌م تیرۆره‌ی هه‌رێمی كوردستان تیرۆرێكی سیستماتیكییه‌ ، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رده‌شت و كاوه‌و سۆران و وه‌دات یه‌كه‌م كه‌س نه‌بوون ،له‌ڕوی ستراتیژو ئه‌ته‌كێتی بیركردنه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌‌ تۆ بڵێیت ئامانج بابانی دوایین كه‌س ده‌بێـت ،هه‌موو ده‌بێت چاوه‌ڕێ بكه‌ین كه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مكارو فاشیزمه‌ كه‌سێكی تر تیرۆر بكات !

 

ساڵی‌ ۲۰۰۸ له‌شاری‌ كه‌ركوك رۆژنامه‌نووس سۆران مامه‌ حه‌مه‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا تیرۆركراو تائێستاش بكوژه‌كانی‌ به‌شاراوه‌یی‌ ماونه‌ته‌وه‌، دووساڵ‌ دواتر له‌شاری‌ هه‌ولێر رۆژنامه‌نووس سه‌رده‌شت عوسمان له‌به‌رده‌م كۆلێژه‌كه‌ی‌ خۆی‌ رفێنراو دواتر له‌شاری‌ موسڵ‌ به‌ تیرۆركراوی‌ دۆزرایه‌وه‌و ئه‌میشیان بكوژانی‌ ئاشكرا نه‌بوو،كاوه‌ گه‌رمیانی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ گۆڤارێكی‌ "رایه‌ڵ‌"‌و پەیامنێری سایتی‌ ئاوێنه‌نیوز له‌ساڵی ۲۰۱۳له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ شارۆچكه‌ی‌ كه‌لار له‌به‌رچاوی دایكیدا تیرۆریان كرد ، وه‌دات حسێن له‌ ۱۳ی‌ ئابی‌ ۲۰۱٦ له‌ پارێزگای‌ دهۆك تیرۆر كرا ، تائێستا بكوژنی هیچ كام له‌م نوسه‌رو رۆژنامه‌نوسه‌ ئازاو بوێرانه‌ ده‌ستگیر نه‌كراون و كه‌یسه‌كانیان دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌ كراون ، حاڵه‌ته‌كانی‌ تیرۆروكوشتن زه‌قترین ئه‌و پێشێلكارییانه‌ن كه‌ به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت، به‌ڵام ئاماری‌ رێكخراوه‌كانی‌ چاودێری‌ ره‌وشی‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌ریده‌خات كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ژینگه‌یه‌كی‌ ته‌واو له‌بار نییه‌ بۆ كاری‌ رۆژنامه‌نووسی‌.

 

لای خۆمه‌وه‌ به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆرستییه‌ى ئه‌مشه‌و له‌ شاری سلێمانی ده‌كه‌م كه‌ تێیدا رۆژنامه‌نوس ئامانج بابانی و هاوژینه‌كه‌ی و منداڵه‌كه‌یان تیرۆركرا، داوا له‌ به‌رپرسیانی ئاسایش و پۆلیسی ئه‌و شاره‌ ده‌كه‌م زۆر به‌په‌له‌ كار بۆ ئاشكراكردنی تاوانباران و ده‌سته‌ رِه‌شه‌كه‌ى پشتی ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌ ئاشكرا بكه‌ن .

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure