عه‌دنان كۆچه‌ر 14/10/2019 224 جار بینراوە

چاوقایمى قه‌یومه‌كانى هه‌ولێر



چاوقایمى داگیركه‌ران، هه‌ڕه‌شه‌و سوكایه‌تى دوژمنانى ئێمه‌ هه‌ر به‌وه‌نده‌ ناوه‌ستێت كه‌ له‌به‌ره‌كانى جه‌نگه‌وه‌ وێناى تێكۆشه‌رانى كورد وه‌ك تیرۆرست بكه‌ن، به‌ڵكو ئه‌و بوێرییه‌یان گه‌یشتۆته‌ ئاستێك كه‌ له‌هه‌ولێری پایته‌ختى باشوریشه‌وه‌ جنیۆفرۆشی‌و دڵڕه‌قی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌زموونى خۆڕێبه‌ری رۆژئاواو شۆڕشه‌ گه‌وره‌كه‌یان تاقیبكه‌نه‌وه‌، له‌وه‌شدا كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی هه‌ولێر نیشانیداین، كه‌ چیتر ئه‌و ناوچانه‌ روبه‌ڕووى داگیركاریی نابنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ داگیركراون.


گوتارى چه‌ند رۆژی رابردووى پارتى‌و به‌شێك له‌ روخساره‌كانى له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانى توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوا وانمایش ده‌كرێت كه‌ ئیدى ئه‌و هێزه‌ جارێكى تر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ریزى نیشتمانى، به‌ڵام دیوێكى ئه‌و گوتاره‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ست بێت به‌مه‌ترسییه‌كانى پارتى له‌ستراتیژى داهاتووى توركیا‌و ئاكپارتى، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ى خۆڵكردنه‌ چاوى خه‌ڵكه‌، چونكه‌ ناكرێت باوه‌ڕ به‌وه‌ بكرێت هێزێك دژى داگیركاریی به‌شێكى كوردستان بێت كه‌ به‌شێكى زۆرى خاكه‌كه‌ى خۆى، به‌ره‌زامه‌ندی خۆى راده‌ستى هه‌مان داگیركه‌ر كردبێت، ناتوانین ئه‌وه‌ په‌سه‌ند بكه‌ین كه‌ پارتى دژ به‌ توركیا بێت له‌كاتێكدا خۆى سه‌ربازگه‌كانى ده‌پارێزێت، چۆن باوه‌ڕ به‌وه‌ بكه‌ین ئه‌و هێزه‌ له‌توركیا ده‌سڵه‌مێته‌وه‌، له‌كاتێكدا هێشتاش خۆى قه‌ده‌ری خۆى به‌و رژێمه‌وه‌ به‌ستۆته‌وه‌، فرمێسكى پارتی بۆ رۆژئاوا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چونكه‌ بۆ میدیایه‌، ناچێته‌ گیرفانى كه‌سه‌وه‌، خۆ هیچ نه‌بێت ده‌توانێت ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان به‌سه‌ر رۆژئاوادا بكاته‌وه‌و نه‌یه‌ڵێت چیتر ئه‌و گه‌مارۆ دڵڕه‌قه‌ به‌رده‌وام بێت، ده‌توانێت رێگه‌نه‌دات خاكى باشوور بۆ دژایه‌تى ئه‌و هێزانه‌ى رۆژئاوا به‌كاربخرێن، ئاخر هه‌رێمێك كه‌ خه‌ریكى موزایه‌ده‌یه‌ به‌سه‌ر رۆژئاواوه‌، بۆ ده‌بێت سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمه‌كه‌ى‌و حكومه‌ته‌كه‌ى‌و په‌رله‌مانه‌كه‌شی ئه‌وه‌نده‌ بوێری‌و دڵسۆزییه‌یان نه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و داگیركارییه‌ نوقه‌یه‌ك بكه‌ن، هه‌ر هیچ نا به‌ ئه‌ندازه‌ى میسرو سعودیه‌و ده‌وڵه‌تانى تر ده‌بوایه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و شه‌پۆلی داگیركارییه‌ بوه‌ستن.


كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی هه‌ولێر، شه‌پڕه‌وى ئه‌و ده‌سه‌ڵات‌و حوكمڕانیه‌مان بۆ به‌یانده‌كات كه‌ له‌سه‌رێكه‌وه‌ وه‌ك عه‌رابی كوردایه‌تى خۆى به‌یانده‌كات‌و له‌سه‌رێكیشه‌وه‌ رێگه‌ ده‌دات له‌ناو پایته‌خته‌كه‌ى به‌ شۆڕشگێڕانى كورد بووترێت تیرۆرست، ئیدى ئه‌وه‌ كۆتایی چیرۆكێكه‌ ته‌نها خۆیان ده‌بێت چه‌پڵه‌ بۆ خۆیان لێ بده‌ن.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure