عه‌دنان كۆچه‌ر20/9/2019 333 جار بینراوە

بازگه‌چییه‌كانى پارتى‌و به‌ زیندانیكردنى هه‌ولێر

 

ئێمه‌ ووتمان، بارگه‌خستنى بنه‌ماڵه‌یه‌ك له‌ پایته‌خت بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌ك میوان بمێننه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسێبی خه‌ڵكه‌كه‌ى ببنه‌ خانه‌خوێ‌و كه‌س قسه‌ى نه‌كرد، ئێمه‌ ووتمان بازگه‌چیه‌تى كاربه‌ده‌ستانى ئه‌و شاره‌ بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ ئارامى ئه‌وێنده‌ر بپارێزن، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌ولێر بكه‌نه‌ زیندانێكى گه‌وره‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى‌و میرنشینێكیش بۆ خۆیان، كه‌چی كه‌س وورته‌ى لێوه‌نه‌هات، ئێمه‌ ووتمان، ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر بێ رێزی به‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مان هه‌موومان به‌ده‌نگ بێین‌و رێگه‌نه‌ده‌ین بكه‌رانى ئه‌و سه‌ركێشییه‌ وه‌ك به‌رزه‌كى بانان بۆى ده‌ربچن، كه‌چی به‌شی زۆر له‌به‌ر گرێ‌و گۆڵێكى ده‌روونى به‌رگریان له‌ پارتى كردو یوسفیان به‌ته‌نها له‌ناو ئه‌و گه‌له‌گوركه‌ جێهێشت، ئێمه‌ ووتمان، هه‌ولێر دیمۆگرافیاكه‌ى له‌به‌رده‌م گۆڕینێكى به‌ به‌رنامه‌دایه‌‌و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ى چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دات ده‌رگاى بۆ بخرێته‌ سه‌ر گازه‌رای پشت‌و ئه‌وه‌شی ره‌خنه‌یان لێده‌گرێت ئاودیوى دێگه‌ڵه‌ى بكه‌نه‌وه‌، كه‌چی پێتانوابوو ئێمه‌ زیاده‌ڕه‌ویی ده‌كه‌ین له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنى پارتیدا، ئێمه‌ وتمان‌و ئێوه‌ هیچتان نه‌كرد، وتمان‌و ئێوه‌ پێتانوابوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ده‌بێت چاوپۆشی بكه‌ن، ئێمه‌ وتمان‌و ئێوه‌ به‌ناوى رێككه‌وتنى ستراتیژییه‌وه‌ هه‌موو جارێك پشتتان له‌ خه‌ڵكى خۆتان كرد‌و به‌دوو ده‌ستى گه‌رم ته‌وقه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كردن.


رێگریكردنى بازگه‌چیه‌كانى پارتى ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ڤاڵ مه‌حمود سه‌نگاوى، هیچی تێدا نه‌مایه‌وه‌ بۆ هاوبه‌شی‌و شه‌راكه‌ت، به‌ڵكو نیشانیداین، كه‌ پارتى‌و بنه‌ماڵه‌ى بارزان، ئه‌و جوگرافیا موقه‌ده‌سه‌ى هه‌ولێر وه‌ك دیوه‌خان ده‌بینن‌و هه‌رچییه‌كیان ویست به‌ ویستى خۆیان‌و به‌زه‌بری هێز ئه‌نجامی بده‌ن‌و پاشانیش به‌ داوای لێبوردنێكى سه‌رپێی‌و ژێر به‌ژێر هه‌موو شتێك ئاسایی ببێته‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و چه‌شنه‌ ره‌فتارانه‌، ئه‌و به‌دخوییه‌ سیاسی‌و ئه‌منییه‌ى بازگه‌چییه‌كانى پارتى روداوێكى هێنده‌ ئاسان نییه‌ تا به‌ ئاسانی قوتبدرێت، چونكه‌ دواجار ئه‌وه‌ به‌رله‌وه‌ى به‌ ئامانجگرتنى هه‌ڤاڵ مه‌حمود سه‌نگاوى بێت، به‌ ئامانجگرتنى یه‌كێتى‌و باڵاترین ئۆرگانیه‌تى كه‌ مه‌كته‌بی سیاسییه‌، چونكه‌ به‌سه‌رێكدا سه‌نگاوى ئه‌ندامى ئه‌و ئۆرگانه‌ باڵایه‌یه‌و به‌سه‌ره‌كه‌ى دیكه‌شدا ئامانجی سه‌فه‌ره‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌و ئۆرگانه‌ بكات له‌ پایته‌خت، ئاخر خۆ سه‌نگاوى كه‌ رێی پایته‌خت ده‌بڕێت، بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێت به‌شداری كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكات، كه‌ یه‌كێك له‌ ته‌وه‌ره‌كانى راستكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى‌و پارتیه‌، به‌ڵام چونكه‌ پارتى نایهه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ راسته‌ڕێ ببنه‌وه‌، به‌ ئاسانى مه‌سجێك له‌رێی به‌دره‌فتاری ده‌سته‌بژێری باڵایانه‌وه‌ ده‌نێرێت‌و پێیان ده‌ڵێت، هه‌ولێر چیتر له‌ من جێگه‌ى كه‌سی تێدا نابێته‌وه‌.


رێگرییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی بازگه‌یه‌كى پارتى له‌كه‌سێك كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو له‌پێناو به‌رگری له‌یه‌كێتى ره‌خنه‌ى له‌ پارتى گرت، نیشانیده‌دات، كه‌ ئه‌و هێزه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆی له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌ بنبه‌ست گه‌یشتووه‌و به‌و فۆڕمى بیركردنه‌وه‌ى هه‌موو جۆرێكى هاوبه‌شی ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌به‌دڕه‌فتارى له‌به‌رامبه‌ر تیمى حكومه‌ت‌و كابینه‌ى نوێش ره‌نگیداوه‌ته‌وه‌و وه‌ك رۆژی روناكیش له‌ میدیاكانى پارتى بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت، به‌ڵام كاتێك یه‌كێتى به‌ ته‌نها به‌یاننامه‌یه‌ك‌و چاوه‌ڕوانى داواى بوردنێك دڵی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بێ رێزییه‌ سارد ده‌بێته‌وه‌، نیشانیده‌دات كه‌ ئیدى یه‌كێتى هێزى به‌رگریكردنى له‌خۆی له‌ده‌ستداوه‌، چونكه‌ دواجار ئه‌و مۆدێله‌ له‌خه‌مساردى له‌به‌رامبه‌ر سته‌مكاری پارتى ده‌شێت ئه‌و هێزه‌ له‌وه‌ زیاتر بكاته‌ كه‌ڵه‌گا.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure