د.محه‌مه‌د عه‌لى9/9/2019 222 جار بینراوە

سەید عمر...


سەڕەڕای ڕێزم بۆ خەباتی شاخ و زیندانیکردنی لەلایەن بەعسەوەو برینداربونی، کاک عمر دوساڵ لەمەوپێش بوبەڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەڵام:


یەکەم: لەم دوساڵەدا، دەشێ سەید عمر لەخۆی بپرسێ گۆڕان چەند دەنگ و کورسی پەرلەمانی کەمیکردوە؟


دوەم: چەند کەس لەسەردەمی ڕێکخەری ناوبراودا، پەیوەندی کردوە بەگۆڕانەوەو چەندکەسیش وازی ھێناوە؟ ڕاستە ھۆکاری زاتی و مەوزوعی ھەبوە بۆ ئەم دوخاڵەی سەرەوە، بەڵام لەحاڵەتی شکستی ھەر حیزب و دامەزراوەیەک و تەنانەت لە یارییەکی وەرزشیشدا، کەسی یەکەم بەرپرسیارێتێ دەکەوێتەسەرشان. ئەڵبەتە بۆ دۆخی سەرکەوتنیش، کەسی یەکەم پشکی شێری بەردەکەوێت.
سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان تاڕادەیەکی باش لەسەرەتاوە خاوەن ناسنامەو گوتاری ڕونی خۆیبو، بەڵام لەسەردەمی سەیدا، گۆڕان توشی سەرلێشێوای سیاسی و ونبونی ناسنامەبوە. بزوتنەوەی گۆڕان کاریگەری سیاسیشی نەما، لەسەردەمی سەید عومەردا کۆمەڵێک بومەلەرزەی سیاسی گەورە لە کورستاندا ڕویاندا. دیارترینیان پرۆسەی ڕیفراندۆم و ڕوداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر بوو. ئەگەر مێژوو ئەم ڕوداوە هەستیارانە بگێڕێتەوە، بزوتنەوەی گۆڕان وەک دووەم هێزی سیاسی لەو سەردەمەدا، گەورەترین غائیب و بێ ئەکتی سیاسیە، نەک هەر لە لێکەوتەکانیدا، بەڵکو لە ڕودانیشدا تاکە هێزی سیاسی پرس پێنەکراو و حساب بۆ نەکراوە.


چوارەم: لەم دوساڵەدا بزوتنەوەکە توشی نیفاقی سیاسی بوەو بۆخۆشی نازانێ پاساوەکانی مانەوەو بەردەوامی کامانەن. بۆنمونە: لەتەوای کۆبونەوە فەرمی و نافەرمیەکانی حیزبدا، جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی: ئەگەر گۆڕان نەچێتە حکومەتەوە، توشی قەیرانێکی دارایی قوڵ دەبێت و ناتوانن بژین و پێویستە بەھەرجۆرێک بوە، گۆڕان بەشداربێت لەحکومەتی ھەرێمدا و خۆیان وتەنی (حزبایەتی بەگیرفانی بەتاڵ ناکرێت). بەڵام لە ڕاگەیاندنەکانەوە دەڵێن: لەپێناو خەڵکدا دەچین و چاکسازی دەکەین!


پێنجەم: لەم دوساڵەی ڕابردودا ، جگە لەوەی بزوتنەوەکە بو بەشێک لەسیستیمی حیزبە تەقلیدیدیەکانی کوردستان و ناسنامەو گوتارە سیاسیەکەی کەبۆی دروستبوبو لەدەستیدا (عەدالەت، سەروەری یاسا، بەھێزکردنی دامەزراوە و دژایەتی تەوریسی سیاسی و گەندەڵی )، لەناوەوەش بزوتنەوەکە داغان بوەو زۆربەی دامەزراوەکان لاوازو تاڕادەیەکی زۆریش ئیفلیج و بێکاریگەرو سەرگەردان بون.


شەشەم : ژمارەیەک ئەندامی جڤات، سەید عمر ، حەمە تۆفیق، ھۆشیار عبداللە، ساماڵ سەردار، علی حەمە ساڵح، یوسف محمد، عدنان عوسمان، ئاکۆ حەمەکەریم، مستەفای سەید قادر....ھتد ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان ھەبو لە تەسلیمکردنی گردەکەو کەی ئێن ئێن و تاڕادەیەکی زۆریش دارایی بە کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا.(بێماناترین وەڵام بۆئەم ڕایە: لەباوکیانەوە بۆیان بەجێماوەو لەڕوی یاساییەوە ھی کۆمپانیای وشەیە! وەک ئەوەی قۆرخکاریەکانی یەکێتی و پارتی و کۆمپانیاکانیان -کارو نۆکان-لەئەستێرەیەکی ترەوە بۆیان ھاتبێ و بە یاساییش نەکرابن! ) ئەم گروپە و کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بونە ئەندازیاری وێرانبونی گۆڕان و تەوریسی دارایی و سیاسی و میدیایی، ھاوکات ڕۆڵی گەورەیان ھەبو لە دروستبونی حیزب لەناوحیزبداو لاوازبونی دامەزراوە فەرمیەکانی گۆڕان و دروستبونی ماڵی نەوشیروان مستەفا لەبەرامبەر ماڵی دەباشان و بنەماڵەی بارزانی. لەوساشەوە یەکێک لەجیاوازیە سەرەکیەکانی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی نەماو باسکردنی سەروەری یاسا، شەفافیەتی دارایی و ڕۆڵی دامەزراوە بۆ حکومڕانی ھەرێم لەلایەن کاربەدەستانی گۆڕانەوە، بوەتە گەورەترین نیفاقی سیاسی و چەواشەکاری.


حەوتەم: بەرمەبنای پشتگیری ئەوگروپەی سەرەوە، وتارە ٥٢ خولەکیەکەی سەید عمر لەکۆبونەوەی ٢٠١٨/٣/١٠ی جڤاتی نیشتمانی، گەورەترین لادانبو لە پرنسیپە ھەرە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی گۆڕان. لەم وتارەدا، سەید بەدورودرێژی پاساوی ھێنایەوە بۆ خاوەندارێتی گردەکەو میدیاو کارگەی چیمەنتۆی بازیان بۆ کۆمپانیای وشەی کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا. سەید بوبە ئەندازیاری ملکەچبونی بزوتنەوەکە بۆ کۆمپانیای وشە نەک بەپێچەوانەوە! (سکرتێری جڤات بەنامەی فەرمی داوای لەژوری یاسایی کردبو: ڕای یاسایی خۆیان بدەن سەبارەت بە خاوەندارێتی کەی ئێن ئێن -وشەبێت یان گۆڕان- ، سەڕەڕای ئەوەی داوامانکرد وەڵامەکەو ڕاکەی ژوری یاسایی لەکۆبونەوەکەی جڤاتدا بخوێنرێتەوە، بەڵام سەید عمرو سکرتێری جڤات (بەپشتگیری ئەو ناوانەی سەرەوە)، ڕێگەیاننەدا و ئەوساش و ئێستەش کەس ئەو نامەیەی نەبینی، بەڵام ھۆکاری ئاشکرانەکردنی ناوەڕۆکی ئەو وەڵامە مەعلومە!).


ھەشتەم: لەپێکھێنانی خانەوەو پاشتر بەڕێوەبردنی کۆبونەوەکان، ھاوکات ھەمو بەڵگەکان و بڕیارەکانی ناوبراو لەماوەی دوساڵی ڕابردودا پێماندەڵێن: وەک پیشەیی ھەمیشەیی کاری سیاسی، سەید عمر کوتلەو گروپی خۆی بەلاوە مەبەست بوە نەوەک بەرنامەو ئێستاو داھاتوی بزوتنەوەکە.


نۆیەم : کاک عمر یەکێک بوە لەو کەسانەی کە لەساڵی ٢٠٠٤دا ئیمزای کردوە کە جەلال تاڵەبانی تەمەنی گەشتوەتە سەرو حەفتا ساڵ و پێویستە وازبھێنێ لە سکرتێری گشتی یەکێتی. بەڵام سەیدعمر تەمەنی سەرو ٧٤ ساڵەو وازیش ناھێنێت!


دەیەم : لەوەدەچێ ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی و چونە حکومەت بەیەکێک لەدەستکەوتەکانی سەید عمر ئەژماربکرێت. بەڵام ئایا ئەم ڕێکەوتنە (ڕاستر تەسلیمبونە بەئیرادەی پارتی) چ جیاوازیەکی ھەیە لەگەڵ تەسلیمبونەکانی حیزبە بچوک و گەورەکانی تر لەگەڵ پارتیدا لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا ؟ بەواتایەکی تر، ڕازیبون بەھەمو یان زۆبەی زۆری سیاسەتەکانی پارتی، چ داھێنان و ھونەرێکی نوێی سەرکەوتنی دیبلۆماسی و سیاسی تێدایە؟


یازدەیەم : کاک عمر لەسوید ژیاوەو ھەڵگری رەگەزنامەی ئەو وڵاتەشە، ئایا حیزبێکی سویدی دوچاری ئەو ھەمو قەیران و دابەزینی دەنگە ببێت، سەۆکی حیزبەکە دەستلەکاردەکێشێتەوە یاخود خۆی کاندید دەکاتەوە بۆسەرۆکی حیزب؟


دوانزەیەم : نەبونی تەماعی شەخسی دنیایی، شەفاعەت ناکات بۆ کەسێک کە بێدەنگبێت لە دەیان کەیسی گەندەڵی و پەردەپۆشکردنیان.


سێزدەیەم: دروستبونی حیزب لەناو حیزبداو قبوڵکردنی وصایەت یان بەڕێوەبردنی حزب بەوەکالەت نەك ڕێکخەری حەقیقی بزوتنەوەکە، دیارترین سیمای ئەم دوساڵەی ئیدارەی سەید عمربوە.


چواردەیەم : ڕوداوێک زۆر بەزەحمەت لەبیرم دەچێتەوە: بێھەڵوێستی یان بێدەنگبون لە لێدان و عەزیەتدانی سەباحی علی قارەمان لەناوگردەکە لە ٢٠١٨/٣/٢٤دا. بێھەڵوێستی و کەمترین بەدواداچون بۆ ئەو ڕوداوە، یەكێکە لە گەورەترین فەزیحەکانی ژیانی سیاسی سەید عمر.


پازدەیەم: لەڕێگای جڤاتەوە، کاک عومەر یەکەم سەرکردەی سیاسیە کە داوای زیندوکردنەوەی کۆبونەوەی سەرکردایەتی هێزە سیاسیەکانی کرد. لەکاتێکدا ئەم داوایەی سەید تەواو پێچەوانەی سیاسەتی ڕابردوو و بنەماو پرنسیپەکانی حزبەکەیەتی کە پێشتر بەتوندی دژایەتی کردووە، بەوپێیەی بێبەهاکردنی دەزگاو دامەزراوە شەرعییەکانی هەرێمی کوردستانە. سەیرەکە لەوەدایە تائێستا نە بارزانی و نە پارتی وەڵامیان نەداوەتەوە! لەمەش سەیرتر تائەم ساتەش بارزانی ئامادەنیە سەید ببینێت، بەڵام لەماوەی ڕابردودا، بارزانی کوڕی دووەمی ڕێکخەری پێشوی بزوتنەوەی گۆڕانی بینیوەو زۆر شتیش باسکراوە. کاک عمر پێبزانێ یان نەزانێ: بنەماڵەو خێزانە سیاسیەکانی حیزبەکان بەردەوام لەپەیوەندیدان، یەکتر دەپارێزن، بەرژەوەندی ھاوبەشیان ھەیەو زۆر زەحمەتیشە دژایەتی یەکتربکەن!

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure