ڕێبین تەها18/8/2019 798 جار بینراوە

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌یگه‌ڕێنێته‌وه؟!

سنور میدیا

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ناوه‌ ناوه‌‌ به‌ مه‌رامی دوورخستنه‌وه‌ی چاوه‌كان له‌ سه‌ر غه‌در و ناحه‌قیه‌كانی خۆی و مێرده‌كه‌ی په‌یام و قسه‌ی ناراست و سواو ئاراسته‌ی ئه‌م و ئه‌و ده‌كات، دوا ڤێرژنی به‌ ناو په‌یامه‌كانی شاناز، كۆسره‌ت ره‌سوڵی كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌ی خۆی كردۆته‌ ئامانج، له‌ راستیدا زۆر كه‌م یه‌كێتیه‌كان ئاره‌زوو ئه‌كه‌ن وه‌ڵامی نوسین و په‌یامه‌كانی شاناز بده‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك ده‌ستی پشت نوسینه‌كه‌ی كه‌شفه‌ و یه‌كێتیه‌كان ئه‌زانن مه‌رامی له‌م نوسینانه‌ چییه‌ بۆیه‌ بۆیان گرنگ نییه‌، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ بۆ زۆرینه‌ی خه‌ڵكی به‌ ئاگای ناو یه‌كێتی روونه‌ شاناز نه ‌توانای ده‌ربڕینی هه‌یه‌ نه‌ نوسینه‌كانی هی خۆیه‌تی، به‌ڵكو وه‌ك زۆر له‌ ئه‌رستۆكرات و پاره‌داره‌كانی دنیای سه‌رمایه‌داری و دیكتاتۆریه‌ت، شانازیش یه‌ك دوو نوسه‌ری ده‌رباری راگیركردووه‌ وتاره‌كانی بۆ ئه‌نوسن و به‌ ناوی خۆیه‌وه‌ بڵاویان ده‌كاته‌وه‌!


له‌ راستیدا هه‌رگیز پێم خۆش نیه‌ چه‌له‌حانێ له‌ گه‌ڵ شاناز و ئه‌و تایپه‌ له‌ خه‌ڵك بكه‌م، كه‌ به‌ سود وه‌رگرتن له‌ نه‌خۆشكه‌وتنی مام و نه‌مانی ناوه‌ندی بڕیار له‌ یه‌كێتیدا بون به‌ خۆره‌ی یه‌كێتی، به‌ڵام كه‌ په‌لاماره‌كانی شاناز بگاته‌ ئاستێك شه‌رم له‌ جه‌سته‌ی شه‌كه‌ت و ماندوو و خوێناوی كۆسره‌ت ره‌سوڵ نه‌كات، پێویسته‌ به‌ زمانی خۆی وه‌ڵام بدرێته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێوستم زانی به‌م چه‌ند خاڵه‌، كورته‌ وه‌ڵامێكی بده‌مه‌وه:


شاناز له‌ سه‌ره‌تای په‌لاماره‌كه‌یدا وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ ژێر ناوی دڵسۆزی بۆ یه‌كێتی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی په‌لاماره‌كه‌ی ده‌ستپێكردووه‌، كه‌ به‌ حساب خه‌می یه‌كێتی و كۆنگره‌یه‌تی بۆیه‌ په‌یام ئه‌نێرێ، به‌ڵام پیێویسته‌ بپرسین كامه‌ به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌كه‌ په‌رتبكرێ و هێنده‌ی تر له‌ لایه‌ن شاناز و داروده‌سته‌ و ته‌كه‌توله‌كه‌یانه‌وه‌ كۆنترۆڵ بكرێ بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ئه‌رزه‌ و ڤێلا و مۆڵه‌كانی سلیێمانی له‌ سه‌ر خۆیان تاپۆ بكه‌ن، یان به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وه‌یه‌ شاناز و هاوئاوازه‌كانی له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانه‌كان دوربخرێنه‌وه‌ و دۆخی یه‌كێتی ئاسایی بكرێته‌وه‌، به‌ره‌و كۆنگره‌یه‌كی سه‌ركه‌واتوانه‌ی یه‌كێتیانه‌ به‌ ئامانجی نوێبونه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنی زیاتر؟

 

یه‌كیێتیه‌كان به‌ چاوی خۆیان شۆڕشگێڕ و سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌بینن كه‌ له‌ ئیتالیاوه‌ تا ده‌گاته‌ كوردستان وه‌ك ره‌مزی قاره‌مانێتی و شۆڕش ئه‌ناسرێ، كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌بینن كه‌ به‌ هۆی پارچه‌ و فیشه‌ك و بۆمباران و برینداربوونه‌وه‌ به‌ شێك له‌ توانا جه‌سته‌ییه‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌ و توانای ده‌ربڕینی خراپ بووه‌، له‌ به‌رامبه‌ردا جه‌سته‌یه‌كی تر ئه‌بینن كه‌ هی شانازه‌ و به‌ هۆی كێشانی جگه‌ره‌ی مالبۆرۆ و خواردنه‌وه‌وه‌ ئه‌ویش دیسان توانای ده‌ربڕینی خراپ بووه‌ !

 

2- شاناز له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانیدا ئه‌ڵێ من‌ له‌و دار( بی ) یانه‌ نیم بله‌رزم به‌ وه‌لامی كادرانی نزیك له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ، شاناز له‌مه‌یاندا راستده‌كات و دڵنیام نه‌له‌رزیوه‌ و باكی پێ نه‌بووه‌، ئاخر شانازێك به‌و هه‌موو غه‌دره‌ی له‌ كادرانی یه‌كێتی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و تۆرانی سه‌دان و هه‌زاران ئه‌ندام و كادری یه‌كێتی له‌ ده‌ره‌وه‌ و داگیركردنی موڵكی گشتی و یه‌كێتی و تاپۆكردنی له‌ سه‌ر خۆی و مێرده‌كه‌ی و مناڵه‌كانی نه‌له‌رزیبێ و خورپه‌یه‌ك به‌ دڵیدا نه‌هاتبێ ئێستا چۆن به‌ وه‌ڵامی چوار كادری یه‌كێتی بۆ به‌رگریكردن له‌ یه‌كێتی ناو یه‌كێتی و گه‌وره‌یی كۆسره‌ت ره‌سوڵ ئه‌له‌رزێ؟ ! ‌

3- شاناز بۆ راكێشانی سۆزی یه‌كێتییه‌كان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندیان ، ئه‌یه‌وێ خۆی بكاته‌ خاوه‌نی ئه‌و داوا ره‌وایه‌ی یه‌كێتیه‌كان كه‌ داوای كۆنگره‌یه‌كی باش و سه‌ركه‌وتووانه‌ بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی و نوێبونه‌وه‌ ده‌كه‌ن، شاناز كه‌ به‌ زمانی زبر باس له‌ كۆنگره‌ ئه‌كات و ته‌شه‌نوج دروست ئه‌كات، ئامانجییه‌تی هه‌رچۆن هه‌یه‌ كۆنگره‌ی یه‌كێتی نه‌كرێ و به‌ بێ شه‌رعیه‌ت به‌رده‌وام بێ له‌ تاڵانی و تاپۆكردنی ده‌یان هه‌زار مه‌تری تر زه‌وی سلێمانی له‌ سه‌ر كور و كچ و مێرده‌كه‌ی، به‌ڵام پێویسته‌ بزانێ به‌ له‌ربه‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی گونجاو یه‌كێتیه‌كان بڕیاری كۆنگره‌ ئه‌ده‌ن و كۆنگره‌ ئه‌بێته‌ وێسته‌گه‌یه‌ك بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و داگیركارییه‌ی شاناز و ته‌كه‌توله‌كه‌یان، به‌ڵێ كۆنگره‌ی یه‌كێتی سنورێك دائه‌نێ بۆ پاره‌به‌خشاندنه‌وه‌ و داگیركردنی ئه‌و ناوه‌نده‌ راگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیانه‌ی كه‌ به‌ پاره‌ی یه‌كێتی دروستكراون و ده‌عم ئه‌كرێن و شاناز كردویه‌تیه‌ دامه‌زرا‌وه‌ی فیتنه‌ و ئاژاوه‌ی نێو یه‌كێتی،

 

باشتره‌ شاناز وه‌ك مژده‌ی به‌ستنی كۆنگره‌، به‌ جورئه‌ته‌وه‌ دان به‌ داگیركردن و تاڵانكردنی موڵكی یه‌كێتییه‌كاندا بنێ و ئه‌گه‌ر بۆ یه‌كجاریش بووه‌ ویژدانی بجوڵێ، و پێش كۆنگره‌ رایبگه‌یه‌نێ ته‌واوی ئه‌و ئاپارتمان و ڤێلایانه‌ی له‌نده‌ن كه‌ به‌ پاره‌ی یه‌كێتی و خوێنی شه‌هیدان و ره‌نجی كادرانی یه‌كێتی كردراون و شاناز له‌ سه‌ر خۆی تاپۆی كردوون ئه‌گه‌ڕێنێـته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی، با شاناز هیچ نه‌بێ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و خانووه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌غداد بێت كه‌ به‌ پاره‌ی یه‌كێتی له‌ جادریه‌ كڕراو له‌تیفی مێردی ده‌ستی به‌سردا گرت و ئێستا داویانه‌ به‌ باڵوێزخانه‌ی كوه‌یت و ساڵانه‌ زیاتر له‌ ملیۆنێ دۆلار كرێ وه‌رده‌گرن! با شاناز جورئه‌تی هه‌بێ بۆ جارێك له‌ پای ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی له‌ سه‌ر حسابی مێژوو و هیلاكی كادر و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی كۆی كردۆته‌وه،‌ بڕیاربدا ئه‌و ده‌یان هه‌زار مه‌تره‌ زه‌ویه‌ی ده‌باشان كه‌ له‌ سه‌ر له‌تیفی مێردی تاپۆی كردووه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر شاناز خۆیشی ئه‌و بڕیاره‌ نه‌دات، ئه‌وه‌ ده‌بێت دڵنیا بێت یه‌كێتی دوای به‌ستنی كۆنگره‌ و دانانی به‌رن مه‌ی نوێبونه‌وه‌، هه‌موو ئه‌و موڵك ماڵ و پاره‌ ده‌ستبه‌سه‌راگیراوانه‌ی له‌ لایه‌ن شانازه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. ئاخر ناكرێ كه‌سوكاری شه‌هیده‌كانی ئێمه‌ پاره‌یان پێنه‌بێ، كادره‌كانمان موچه‌یان نه‌بێ، پێشمه‌رگه‌كانمان بێ كه‌ره‌سته‌ و چه‌ك و تفاق بن بۆیه‌ داوای نوێبونه‌وه‌ و كۆنگره‌ بكه‌ن، كه‌چی ملیۆنێرێكی هه‌ڵتۆقیوی دوای سه‌رده‌می مام، بێت و هه‌روه‌كو ئه‌وان داواكاری هه‌بێ و خۆی و ئه‌وان به‌ یه‌كچاو سه‌یر بكات !

 

4- شاناز له‌ به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا ئه‌ڵێ ئیتر كه‌س چاوه‌ڕێی كاك كۆسره‌ت و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ناكات بۆ به‌ستنی كۆنگره‌، شاناز و داروده‌سته‌كه‌یان باش ئه‌زانن ئه‌م سه‌ركردایه‌تیه‌ و هه‌ردوو جێگری سكرتێری گشتی شه‌رعیه‌تی كۆنگره‌ و پلینۆمی یه‌كێتیان هه‌یه‌ و له‌ سه‌رده‌می مام بژارده‌ی مام و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی بوون، وه‌ هه‌ر ئه‌وانیش ئه‌توانن بریار له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ بده‌ن و به‌شێكیان ده‌ستبه‌رداری شوێنه‌كانیان بن به‌ ئامانجی نوێبونه‌وه‌ی یه‌كێتی و به‌شێكی تریشیان درێژه‌ به‌ خه‌بات و ژیانی حزبایه‌تی بده‌ن. حه‌قه‌ شاناز وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بداته‌وه‌، ئه‌وه‌ خێره‌ له‌ سه‌رده‌می جه‌نابی مام هه‌ر نه‌یتوانی خۆیشی بۆ سه‌ركردایه‌تی كاندید بكات، كه‌چی ئێستا دوای نه‌مانی مام ئه‌یه‌وێ به‌ هه‌ر جۆرێك هه‌یه‌ بگاته‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ؟!

 

له‌ كۆتاییدا زۆر شتی تر هه‌یه‌ له‌ سه‌ر شانازی برایم ئه‌حمه‌د و مێرده‌كه‌ی، به‌ڵام بۆ ئه‌م جاره‌ هێنده‌ به‌سه‌ و هیوادارم ئه‌م وه‌ڵامه‌ ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ به‌خۆداچونه‌وه‌، چونكه‌ خۆی ماڵی له‌ شوشه‌ و ناكرێ به‌رد بگرێته‌ ماڵی كه‌س ، خۆ ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بێ ، ئه‌وه‌ شاناز ده‌یان به‌ڵگه‌ و دۆسیه‌ی ترسناكی گه‌نده‌ڵی و ئاژاوه‌ و كۆنترۆڵكردنی نایاسایی ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتی هه‌یه‌ و جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی لێی بێده‌نگ نابن .

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure