هادى حه‌مه‌ ڕه‌شيد24/7/2019 682 جار بینراوە

ژەهر ڕشتن لەدژی د.غالیب!

د.شێرکۆ عەبدوڵڵا تەنزێکی زۆر خراپی لەسەر د.غالیب نووسیوە، خۆزگە سەرزەنشتێکی دۆستانەی ئەکرد لەسەر سکاڵا و فشار و ڕەخنە و لێدوانەکانی لەسەر فاروقی مەلا مستەفا و پڕۆژە تەواونەکراوەکەی.

زۆر ئاساییە شێوازی ڕەخنە و ڕێکارەکانی بەدواداچوونی لەسەر ئەو بابەتە بەپێی پێویست نەبێت، بەڵام زمان و دەربڕینە نالایەقەکەی د.شێرکۆ زۆر بێزارکەر و هاوکات جێگای لەسەر وەستانە!

 

هونەری نووسینی تەنز و ساتێر لە دنیادا هونەرێکی باڵایە، بەشێکی زۆر لە پەیڕەوانی ئەو جۆرە نووسینە، لەو ڕێگایەوە ڕەخنە لەدەسەڵات ئەگرن و بەشێك ئەبن لە گروپەکانی فشار، بەداخەوە لە کوردستاندا ئەم بارە وەك زۆر کایەیتر ئاوەژوو بووەتەوە، بەشێکی زۆر لە بەهرەدارانی ئەم تەکنیکە بە بڕبەنی دەسەڵات دەمیان تیژ ئەکەن و سڵ لەهیچ بەهایەك ناکەنەوە کە ببێتە پاساوێك بۆ پلار نەگرتن لە مرۆڤە باشەکان!

بەکورتی لێرە لە قولە و تاوەرە بەرزەکانی دەسەڵاتەوە پەلاماری ئازادیخوازان ئەدەن و فشار و پرێسێکیان بۆ سەر دەسەڵاتی ستەمکار لەگۆڕێ نیە، لە نموونەی حەمەسەعید حەسەن کە تا بڵێی شارەزای نووسین و ڕەخنەگرێکی شارەزای ئەدەبییە و پێش نووسین خوێنەرێکی بەسەلیقەی زمانە جیهانییەکانە، بەڵام کەدێتە سەر ڕەخنە لە دۆخە ناسازە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکە، ئیتر حەمەسەعید هێڵ و سەنگەری ڕوونە و ئەو شارەزاییەی کە هەیەتی لەو هونەرەدا شمشێرێکی تیژی لە کەلان هەڵكێشراوی پاڵپشتی بەرپرسانی پاشەڵ پیس و نەیاری سەرسەختی ڕەخنەگرانە!

 

لەم نێوەندەدا شێرکۆ عەبدوڵڵا کە زیاتر لە چارەکە سەدەیەکە لەو بوارەدا کارئەکات، نزیکەی دە ساڵە جدییانەتر ڕەخنە و ساتێرە وتار و شیعر و پۆستەرە چیرۆك و نووسینەکانی لەبواری تەنزدا هەوادارێکی زۆری هەیە، لەغیابی خوێنەری جدیدا، کە فیعلەن خوێنەرێکی زۆر تەمەڵمان هەیە و حەزی لە نووسینی کورت و سەرنجێکە کە بە کەمترین وشە تەقە لەبنی هەمبانەکە هەڵسێنێت، د.شێرکۆ بووە بە سوارچاکی گۆڕەپانەکە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەخێرایی نووسینەکانی دەستاو دەستیان ئەکرد.

 

تائێرە هیچ نەنگییەکی تیادا نیە و بگرە دیاردەیەکی ئەرێنییە، بەڵام کاتێك ئەم نووسەرە ڕێگا بەخۆی ئەدات لەبری ڕەخنە تەشهیر بە گەنجێکی ئازای وەك غالیب محەممەد بکات، ناونیشانی وتارەکەی "بۆ ئەو غالیبەی کە مەغلوبە"


غالیب بەکوردی واتە ئازا یان شکێنەر یان سەرکەوتوو، مەغلوب بەپێچەوانەوە واتە شکاو یان دۆڕاو، ئیتر ئەم نووسەرە خۆبەخۆ ئەچێتە سەنگەرێکی زۆر دزێوەوە!!

 

پاشان دێت فاروقی مەلا مستەفا ڕیزپەڕ (إستثناء) ئەکات لەڕەخنە، بە پاساوی ئەوەی کە گوایە سەرمایەکەی لەکوردستان خستووەتەگەڕ و زۆر خانەدانە و تا حەوت پشتی دیارە و پیاوێکی تێکۆشەر بووە و لە بواری نیشتیمانی و خەباتی چینایەتیدا جیڤارا بووە و خەڵکیتریش قارچکی تازە هەڵتۆقیو و بێ حەسەب و نەسەبن!!

 

بەشبەحاڵی خۆم بڕوام بە جیاوازی کەسیی(فروق فردي) هەیە لە نێوان خۆم و براکەم و هەموو دوو برا و دەستەخوشك و هاوڕێیەکیتریشدا، بەڵام سەرباری هەر ڕێزێکم بۆ کۆی بزنسمانانی کوردستان و بەتایبەتی ئەوانەیان کە بەردێکیان خستبێتە سەر بەرد(با ئیفرازاتی باجی کەسابەتیش بووبێت)، بەڵام زۆر بە نیگەرانییەوە لەم وتارەی د.شێرکۆ ڕامام، چۆن ڕێگا بەخۆی ئەدات بەم زمانە لەگەڵ بەرامبەردا بدوێت؟!

 

ئەگەر تەسلیمی هەموو بانگەشەکانی ئەو ببین لە هەمبەر فاروقی مەلامستەفا، هێشتا بۆچی ئەبێت لەسەروی ڕەخنەوە بێت؟!


ئێ باشە حەوت پشتیان دیار بێت و کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت بێت، هێشتا ناکرێت پێی بڵێن: کاك فاروق تو زاتی خوا فریامان بکەوە ئاسیا سێڵ گیرفانی هەڵتەکاندین، بەڕۆژی ڕووناك یەکەکانمانی دزی!!

 

ئێ باشە خۆ ئەزانین نزیکەی شەست ساڵە خەریکی خەباتی چینایەتییە و لەو بارەیەوە ڕێزدارە، بەڵام ناکرێت غالیب ناوێك بێت و بڵێت فڵانە پڕۆژەت یەك دوو سێ چوار خاڵم سەرنج لەسەری هەیە؟!

 

ئەزانم دەمێکە شەقاوە و باندی مافیا فاروقی مەلا مستەفا هەراسان ئەکەن و داوای سەرانەی لێئەکەن، لە مەحفەل و شوێنە گشتییەکانیشدا موجامەلەی ئەکەن و بەحساب پایەدار ڕایئەگرن، بەڵام ئەمەی غالیب جیاوازە، لەسەر پڕۆژەیەکی ئەو قسەی هەیە، بەدواداچوون ئەکات، ئەگەر لێرەولەوێ لێکگیرانێكیش هەبێت و شیاوی سەرنج بێت، ئەم زمان و لۆژیکی قسەکردنە مانای چیە؟!

 

بۆچی هەر کەسێك بابانی سلێمانی، یان خەڵکی قەراتی هەولێر و ئەسالەتی دهۆك و سیانزە ماڵەی هەڵەبجە و بەگزادەکانی کەلار و تاد نەبێت، (بەختیار عەلی وتەنی) ئیتر لە نەوەی مێروولەی خوساوە و تەنانەت بە دەنگی حەڵاڵی خۆی بوبێت بە نوێنەری خەڵك هێشتا بۆی نەبێت دەم هەڵێنی و قسە لەسەر کەموکورتییەکان بکات؟!

 

بەداخەوە تادێت هەست بە تۆکمەیی(تەحالوفی فاسیدین) ئەکەین و لەبەرامبەردا موسڵیحین نەك لە بەرەیەکدا کۆنەکراونەتەوە، بگرە وەك ئاردی بن دڕك هەموو بایەك پێیان ئەوێرێت!

 

لەگۆڕەپانەکەدا دەنگێکی ئەوتۆ نەماوە، لەم دۆخەی کە ئەڵێی خاکی مردوومان بەسەردا کراوە، دەنگی دلێری کاوە محەممەد و د.غالیب و ئەحمەدی حاجی ڕەشید(وەك لایەنی نوێنەرایەتی) جێگای نرخاندنە نەك هەجوکردن تا ئاستی تەشهیر!


زۆر بە گومانم لەبەرگریی کردن لە کەسەکان، چونکە ئەزمونێکی خراپمان هەیە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەم ڕوانگە فاشیستییەی نووسەران مایەی ئیست پێ کردنە، لۆژیکی کارکردنی منت پێ شیاو نیە، مافی خۆتە، دیسان مافی خۆتە کە من کەسێکی پەبلیکم قسەشم لەسەر بکەیت، بەڵام بەم ژەهر ڕشتنە؟!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure