جه‌مال ئيبراهيم17/7/2019 310 جار بینراوە

مەلا كرێكار، وەستای قسان و كۆڵەواری دەستان:

مێژووی ئەم پیاوە لەناو ئیسلامگەرادا، بەردەوام هاشوهووش بووە. هەر ئەمەشە لە دیدارێكییدا "عەلی عەبدولعەزیز"، ڕابەری پێشووتری بزووتنەوەی ئیسلامیی وا لێدەكات لە وەسفی مەلا كرێكاردا بە توانجێكەوە بڵێ: خەتیبێكی باشە! زۆرتر گرنگی بە شكڵ و شێوە داوە، حیكمەتیار بە چ شێوەیەك عەمامەی ببەستایە ئەمیش تەقلیدی ئەوی دەكرد و وەك ئەو دەیبەست.

 

لە سەرەتای نەوەدەكاندا تا كۆنگرەی ٧ی بزووتنەوەی ئیسلامیی ڕەقەمێكی گەورە بوو، زۆرترین ئەندامی بزووتنەوە بە تایبەتی گەنجەكان(بەشی هەرە زۆری ئەندام و پێشمەرگەكانی بزووتنەوە گەنج بوون) وەلائیان بۆ ئەم پیاوە بووە؛ گوتارە ئاگرینەكانی مزگەوتی جیهاد، كۆمەكیان بەم پیاوە كردبوو.

نەیارە سیاسییەكانی مەلا كرێكار، لەناو بزووتنەوەدا بەردەوام بۆ شكاندنی ئەوەیان باسدەكرد كە لە ئەوروپا دەژی و توانای ئەوەی نییە دەستبەرداری ژیانی ئەوێی ببێت و لە مقەڕەكاندا لەگەڵ پێشمەرگەدا نانێكی ئاسایی بخوات. ئەمە خاڵی لاوازیی بوو، هەر ئەمەش بوو كە لە كۆنگرەی یەكەمی بزووتنەوەی یەكبووندا لە ساڵی ٢٠٠٠ لە تەوێڵە لە كۆی ٣١ ئەندامی هەڵبژێردراوی نوێی سەركردایەتی دەنگی ٢٦ەمین بێنێت، كە ئەمەش بوو بە سەرەتای خۆرئاوابوونی ئەم ئەستێرەییەی ناو ئەو سەحوە ئیسلامییەی كە بەشێكی زۆری ژیانی خۆی تێدا سەرفكردبوو.

 

كە باڵەكەی(ڕەوتی ئیسڵاح)، لەگەڵ جوندولئیسلامدا یەكیانگرت، بوو بە ئەمیری ئەنسارولئیسلام، بەڵام زیاتر هەر ناو بوو، ئەوە شورا و جێگرەكەی(ئەبو عەبدوڵڵای شافیعی) بوون هەموو شتێكیان بە دەست بوو.

 

كرێكار كەسێكی ڕێزلێگیراو نەبوو ئەگەرچی ئەمیری ئەنساریش بوو، لەو -هودنە-یەی نێوان یەكێتی و ئەنساردا، كرێكار بە قات و ڕیباتەوە ڕۆشتبوو بۆ دانیشتنەكەی قەڵاچووالان، دواتر كە گەڕابووەوە تووشی لێپێچینەوە بووبوو، كە بۆچی جلی سەڵیبییەكانی لەبەركردووە!


جارێكیش لە پێشمەرگەیەك تووڕە بووبوو، لەسەر ئەم ئەتوارەی عەقوبە درا و چەند كیلۆمەترێك ڕایان پێكردبوو، وەك تۆڵەكردنەوەیەك.


لە مێژووی ئیسلامدا، كە حیزبە ئیسلامییەكانیش لە تەواوی دونیا درێژكراوەی ئەو مێژووەن؛ ئەمیر و ڕابەر هەمیشە پێگە و مەقامی ڕێز لێگیراوبووە، گوێڕایەڵیكردنی ئەمیر لە دوای گوێڕایەڵی خوا و پێغەمبەر بووە، ئەوەی بەسەر كرێكاردا هێنایان نوێ بووە و لادان بووە لەو پرنسیپانەی پێشوو.

 

ئەوەی وایكرد كرێكار پێگەجەماوەرییەكەی لەناو ئیسلامییەكاندا نەمێنێت، ئەو قسە زۆرانەی بوون كە دەیكردن، قسەی ناواقیعی و فەتوای ژەهراوی(فەتوای كوشتنی چەندین ڕۆشنبیر بە نموونە).

 

كرێكار لە قسەدا ئامانی نییە. ئەو هاوسۆزییەی كەسانێك لە فەیسبووكدا بۆی دەردەبڕن(بەدەر لەو كەسانەی كە هاوسۆزییەكانیان ئایدۆلۆژیستیانەیە)، پەیوەندی بەوەوە هەیە كە كرێكار لەم ساڵانەی دوایدا بووە بە فیگۆرێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، لە لایڤەكانی كەناڵەكەیەوە(شاهیدان)، بەردەوام قسە دەكات، قسەكانی بۆ فەیسبووكوانان جێی سەرنجە، كەسێك كە گوێی لێدەگرێت و هیچ مەعریفەیەكی نییە، خۆی كەڕ و كوێر و لاڵ كردووە، لە بیر و فیكری مەلا كرێكار(یان هەر دەركی پێناكات)، بێگومان دەكەوێتە ژێر كاریگەرییەوە.


كرێكار لەناو ئەو هێزە ئیسلامییەی كە بەشێك بوون لە ژیانی، ئەو ڕۆڵەی هەبوو كە (تائی تەئنیسی ساكینە) هەیەتی لە ئیعرابی عەرەبییدا، ئیتر هاوسۆزبوون و خۆ خەمباركردن بۆی دەچێتە خانەی گێلێتییەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure