مه‌ريوان وريا قانع11/6/2019 71 جار بینراوە

واقیعی تەزویرکراو

 

سەرەتا واقیعێکی سیاسیی ناشیرین، لە ڕێگای تەزویرێکی گەورە و کەموێنەوە، دروستدەکەن و دەیسەپێنن، دواتر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئەو "واقیعە تەزویرکراو"ە ڕێکبخەن و بیگۆڕن بە "واقیعێکی ڕاستەقینە". پرۆسەی گۆڕینی تەزویر بۆ واقیع، پرۆسەی سیاسیی ژمارە یەکی ناو مێژووی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەیە. لەو واقیعەدا تەنھا "تەزویر" ڕاستیەکی ڕەھایە و شوێنی لانی ھەرەکەمی گومانلێکردن و دوودڵیی نییە. لەم یاریە ناشیرینەدا ھەموو شوناسەکان بە یەکتری تێکەڵدەبن و ھێزەکان دەکەونە ململانێیەکی گەورەی لەیەکتری چوونەوە. بەھێزەکەیان وێنە تەزویرکراوەکەی خۆی دەکاتە مۆدێلێک بۆ لاساییکردنەوە، چەند یارییەکەش درێژەبخایەنێت ھێندە پرۆسەی کۆپیکردن و لەیەکچوونەکە بەھێزتر و قووڵتر دەبێتەوە. ھەر کاتێکیش ئەم یارییەیان بە ئاسانی بۆنەکرا، ئیتر بەردەبنە گیانی یەکتر و گیانی کۆمەڵگاکە، بە زمانێک دەدوێن بۆنی ڕشاندنەوەیەکی بۆگەنی درێژخایەنی لێدێت. درۆ و ھەڕەشە و ئیھانەکران دەبنە گرامەری ئەو زمانە سیاسیی و ئەخلاقییەی قسەیپێدەکەن، ھەموو دەزگاکان، بەتایبەتی میدیا میلیشییایەکانیان، و ھەموو خوێندەوار و ڕۆشنبیرە بەیعەچییەکانیان دەخەنەکار و باس لە نیشتیمانپەروەریی و حەکیمبوونی ئەمیان و خیانەت و نۆکەری ئەویتریان دەکەن. سنوورێکی ئەخلاقیی نامێنێتەوە نەیبەزێنن و شەرمێکیش نامێنێتەوە نەیشکێنن. کەی لەسەر دابەشکردنی غەنیمەکان گەیشتنە ڕێکەوتن، ئیدی دەستدەکەنە ملی یەکتر، بەڕیز لەپاڵ یەکتردا دادەنیشن و مەدح و سەنای یەکتردەکەن. باس لە خەمی نیشتیمان وگرنگیی یەکدەنگیی سیاسیی، دەکەن. باس لە ھاتنەکایەی واقیعێکی نوێ و ئەگەری وەدەستھێنانی دەسکەوتی تازە دەکەن. باس لەوەدەکەن ئەمانەتێکیان پێسپێردراوە و پێیویستە بە دڵسۆزییەوە بیپارێزن. لەسەر شاشەکان دەردەکەون و سوێندی درۆ بۆ خۆیان و بۆ یەکتری دەخۆن، بەڵێنی درۆ بە خەڵک ئەدەن و بە درۆش وەک برا یەکتری پڕ بەدەم، ماچ دەکەن. لە ھەموو ئەو ساتانەدا سەرجەمی بوونیان درۆیەکی گەورەیە، تەنھا لەیەک شتدا ڕاستدەکەن: جگە لە دەسکەوت و قازانجی شەخسی خۆیان و منداڵەکانیان بیر لە ھیچ شتێکی دیکە ناکەنەوە.


ئەم مەھزەلە سیاسییە ڕۆژ بە دوای ڕۆژدا بەردەوامە و کۆمەڵگای ئێمەش تا دێت نائومێدتر دەبێت. لەم دۆخەدا چارەسەر ئەوەنییە کۆمەڵگای ئێمە لە سیاسەت دووربکەوێتەوە، یان سیاسەت وەک یارییەکی پۆخڵ و ناشیرین وێنابکرێت و بە خەڵک بگوترێت خەریکی شتێکی دیکە بن، بەوەش نابێت پشت بکرێتە ئەو ھەموو ناشیرینییە گەوارانەی کە ھەن و باس لە پێداویستی گەڕان بەدوای جوانیدا بکرێت، بەوەش نابێت ھیچ چالاکییەکی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی تر بکرێتە ئەلتەرناتیڤی چالاکیی سیاسیی. ئەوەی پێویستە برەودانە بە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ سیاسەت وەک چالاکییەکی ئینسانیی بنەڕەتیی، وەک کردەیەکی بەرپرسیارانەی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھاوبەش و یەکسان، وەک ئاکتی دروستکردنی جیھان، وەک ئیتیما بۆ ئەو پرۆژە ئینسانییانە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ویست و خاوەن ڕێز مامەڵەدەکات. ئەوەی پێویستە گەشەدانە بە وێنەیەک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بەرگریکەر، گەشەدانە بە ڕوانینێک بۆ بەرگریی وەک یەکێک لەسەرەکیترین و ئەخلاقیترین کارەکانی مرۆڤ.

لەناو ساتەوەختێکی تاریکیی بە تەزویر دروستکراوی وەک ئەم ساتەدا، ئەوەی پێویستە کۆڵنەدانە لەو بەرگرییە ڕۆژانەیە کە مانایەک بە ژیان و بە مرۆڤبوون دەبەخشێت. بەرگرییەک وادەکات مرۆڤ وەک کەسێک بژی، لانیکەم ڕێزی بۆ بوونی خۆی وەک مرۆڤ ھەبێت، بەرگرییەک بە درۆ بڵێت درۆ و دەمامک بەناوە ڕاستەقینەکەی خۆیەوە وەک دەمامک ناوبنێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure