سەردار مەحمو27/5/2019 386 جار بینراوە

لەل و نیو لەل!

بەڕێزان،کاک بافڵ تاڵەبانی سکرتێری فیعلی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان .

کاک چیا مستەفا، ڕێکخەری گشتی - فیعلی بزوتنەوەی گۆڕان .کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی داهاتوی پارتی دیموکراتی کوردستان،ڕێزی بێ ئەندازەم بۆ ئێوەی زۆر بەڕیز.


+ لە ساڵی ١٩٦٤ ەوە تا ئەمڕۆ شەڕی نێوان (جەلالی و مەلایی) ڕوویداوە، شکور بۆ خودا، نە کەسێک لە خێزانی بارزانی و نە کەسێک لە خێزانی تاڵەبانی لە(شەڕی براکوژی) دا خوێن لە پەنجەیان نەهاتوە !


+ لە پاش ئەوەی (پیرەژنە قژ سورەکە) مادلین ئۆلبرایت، پاش ساڵەها شەڕ، جەنابی مام جەلال و جەنابی کاک مەسعودیان ئاشت کردەوە، جەنابی کاک مەسعود فەرمووی: ئەگەر دادگایەکی عادیلانە هەبێت، من و جەنابی مام جەلال لەم شەڕەدا بێ گوناه دەردەچین ! ئەمە لە کاتێکدا بەڕێزیان دەیفەرموو: ئەو پەنجە دەبڕم لەگەڵ یەکێتی ئیتفاق بکەم، جەنابی مام جەلالیش نەفیر عامی بۆ پارتی کوشتن دەرکردبوو !


+ پاش چەند ساڵێک جەنابی کاک مەسعود، حەملەیەکی گەورەی کرد، بۆ ئەوەی جەنابی مام جەلال ببێت بە سەرەك کۆماری عێراق، جەنابی مام جەلالیش دەیفەرموو: نەك هەر ئەم دەورە، دەورەی داهاتووش جەنابی کاک مەسعود سەرۆکی هەرێمی کوردستانە !


+ کە جەنابی کاک نەوشیروان مستەفا گۆڕانی دروستکرد، مام جەلال فەرمووی: نەوشیروان بەرپرسە لە کیمیا بارانی هەڵەبجە، کاک نەوشیروانیش فەرمووی: مام جەلال خۆزگەی خواستوە دووهەڵەبجەی تریش ڕووبدات، بۆ ئەوەی لەدەرەوە کەیسی کورد بە هێز ببێت !
دواتریش یەکێتی مانگی چارەکە ملیۆنێک دۆلاری دەدا بە گٶڕان و گۆڕانیش قەت نەیتوانی سێبەری یەکێتی نەبێت بەو حاڵەشەوە !

 

+ کە خۆپیشاندانەکانی حەڤدەی شوبات ڕویدا، (دە )کوڕی خەڵکی تێدا بوو بە قوربانی، ڕاگەیاندنەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان بە شێوەیەك بەربوبونە یەکتر ئەو سەری دیار نەبێت، تەنانەت گۆڕان نەیانهێشت، پارتی (لایەك) لە خێزانی قوربانیەکانیش بکاتەوە .
شەو ڕۆژ، باس باسی پاکیج و دادگایی تاوانباران بوو، کەچی کە حکومەت پێکهات جەنابی کاک نەوشیروان فەرمووی: چوارسالی داهاتوو چوار ساڵی ئاشتی و پێکەوە ژیانە !

جا خوا مناڵ و مەزنی ناشارەزا و تازە پیاکەوتوو بگرێت وەزعەکەیان تێکدا !

+ کە بەڕیز یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمان بوو، ڕکی گرتبوو لە کاک مەسعود و دەیووت: بە نەخوێندەوار حوکمڕانی ناکرێت ، کە ئەمساڵ چاوپێکەوتنی لە گەڵ کرا ئەیووت: ناوی کەسم نەبردوە !


ئەم کارەساتە ناخۆشانە، بە توونی بابا و ئاوی ئاموون بڕۆن و قەت نەیەنەوە!

 

ئێستا بافڵ تاڵەبانی ئەڵیت: کاک مەسعود کارێزامایە و مامی منە !دڵنیام چیای کاک نەوشیروانیش مام جەلال بە مام و هێرۆخان بە ئامۆژن دەزانێت !
کەواتە ئێوە هەموو بەرە باب و ئامۆزای یەکتر و سەرۆکی ئێستاو داهاتووی ئێمەشن ...

ئێمەش هەندێکمان لەوە تێگەیشتوین کە:


دەروێش دەبێت بە خەلیفە، بەلام قەت نابێت بە شێخ .
مسکێن دەبێت بە سەرکار و تا کوێخاش دەڕوات ، بەلام هەرگیز نابێت بە ئاغا و بەگ !
ئێمەش تا سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی حیزبەکانی ئێوە(گەر گوێ لە مستی ئێوە بین) هەڵدەکشیین، بەلام قەت نابین بە پیاو !

بۆیە لە ڕۆژهەلاتا حیزب هی کەسی یەکەمە و بەس حیزب هی خێزانەکانە و بەس !

 


قوربانی لوتفتان بین،وەک ئێمە ئەقڵمان نی یە، ئێوە بەزەیتان بە ڕەعیەتەکانی خۆتاندا بێتەوە و (هەرسێ ئامۆزاکە) لەسەر "ئەوی بۆ ئێوە باشە" ڕێک بکەون و جەنابی کاک مەسعود، وەکومەرجەع و مامی گەورەتان، بە جێگا پرس و ڕاتان دیاری بکەن و هەر یارییەک کە ئەیکەن پیرۆزتان بێت. ئێمەی گەلی گێلیش تۆپەکەتان بۆ ئەهێنینەوە !
ئێوە دانیشن بە خێر،ئێمەش دەستەونەزەر لە حوزورتاندا ڕاوەستاوین !.


تێبینی/ کە مەسعود حەیدەر وتی: کاک مەسعود بارزانی مەرجەعە، یەک ملێۆن جنێوی بۆ چوو !
کەچی کە بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: کاک مەسعود کارێزماو مامی منە، یەک پیاوم ئەوێ لە ناو یەکێتیدا بڵێ: (لەل) !
کە چیای کاک نەوشیروانیش هەر بڕیارێک دەردەکات، یەک گۆرانم دەوێت بەومەرجەی لە ناو گۆڕان بمێنێتەوە، بڵێت: (نیوو - لەل)
دیارە برایانی پارتیش لەوە تێگەیشتوون، (لەل) چەندە کارەساتبارە !
.

 

مولاحەزە/(لەل) وەک ووشە، مانایەکی دیارو سەربەخۆی نیە ، بەلام ماناکەی ئاوایە، وەک کورد دەڵیت: پیاوم ئەوێ بکۆکێت

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure