عەزیز ڕەئووف20/5/2019 527 جار بینراوە

کێ نەوشیروان مستەفای کوشت؟

یەکەم: تەقدیسکردن و سەردانی سەر گۆڕی کاک نەوشیروان و لەپاڵیشدا ئەم هەموو ناشرینیەی شوێنکەوتووانی لە دەسەڵات لە هەولێر و بەغدا بینیمان، سەلێمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە زۆرن ئەوانەی ناشرینیەکانی خۆیان لەسەر گۆڕی کاک نەوشیروان دەشارنەوە و بە قسەی بێتامی" درێژەپێدەری ڕێیازەکەی کاک نەوشیروانین"، دەیانەوێت کۆی ئەو سیاسەتە هەڵە و تەماحی کورسی و داراییە کە وای لە زۆرێک لە شوێنکەوتووانی کردووە بە تەقدیسکردنی کاک نەوشیروان ناشرینیەکانی خۆیان بشارنەوە.


دووەم: ئەوەی لە دوو ساڵی دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا دەیبینین، ئەو نوسین و هەڵدانەوەی جوڵە شەخسیەکانی ئەم پیاوە لەلایەن شوێنکەوتەکانیەوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە کاک نەوشیروان نەیتوانی شوێنپێی کاریگەر جێبێڵێت. ئەو زمانە سادە و پڕ لەتەشهیر و ناشرینەی کە شوێنکەوتووانی کاک نەوشیروان بەرامبەر بەیەک دەریدەبڕن، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەم هێزە لە چ بەتاڵیەکی فکری و پەرورەدەیی و نەبوونی جیاوازی دا دەژێت .
سێیەم: بەبنەماڵەییکردنی ئەم بزوتنەوەیە هەوڵێکی زۆر خراپ بوو بۆ کوشتنی ئەو خەون و دنیابینیەی نەوشیروان مستەفا. کاک نەوشیروان دژ بە تەوریسی سیاسی بوو، بەڵام ئێستا بەئاشکرا بزوتنەوەکەی خۆی دوای دوو ساڵ لە جێهێشتنی شوێنپێی نەوەکانی بەسەر سیاسیەت و میدیا و مڵک و ماڵی ئەم هێزە دەردەکەوێت و ئەمەش گورزێکی کوشندەیە لە خەباتی سیاسی و کەلتوری ئەم پیاوە.


چوارەم: بۆ پارتی سیاسی پەروەردە گرنگتر بوو لە بەشداریکردن لە دەسەڵات. بێنە پێش چاوت گۆڕان لە 2014 بەشداری دەسەڵاتی نەکردایە و لەجیاتی ئەوە لەماوەی ئەو دە ساڵەدا سەدان گەنجی خوێنگەرمی پەروەردە بکردایە بە فکری سیاسی و دنیابینی نوێ و مۆدێلێکی تری سیاسی، ئێستا چ کاریگەری و شوێنپێیەکی گرنگی جێدەهێشت نەک قەڵەوکردنی مرۆڤی گرگن لەناو پارلەمان و وەزارەت و ڕاوێژکاری بێ ڕاوێژ لە کوردستان و بەغدا کە هەندێکیان بوونەوە بە یەکێتی و پارتی. ئەم کردەیە وایکرد بەشداری دەسەڵات چ گورزێکی کوشتندە بدات لە جەستەی گۆڕان (کە بە نوسین پێمان وتن بەشداری دەسەڵات مەکەن). بەشداری دەسەڵات و نەبوونی پەروەردەی سیاسی لەناو گۆڕاندا دوو هەڵەی گەورەی کاک نەوشیروان بوو.


پێنجەم: تەسەور ناکەم نە لەناو گۆڕانی ئێستا و نە لەناو گۆڕانخوازە ناڕازییەکاندا کەس هەبێت بتوانێت نەوشیروان مستەفا بخوێنێتەوە. هەرچەندە کاک نەوشیروان کەسێکی ئایدۆلۆژی نەبوو، یان بەمانایەکی تر شتێک بەناوی ڕێبازی نەوشیروان بوونی نەبوو،بەڵکو سلوکی سیاسی جیاوازی هەبوو. گۆڕانی ئێستا توزقڵێک لەو سلوکە سیاسیەی ئەو پیاوە ناچێت و ئەوەی لەم ماوەیە لە پارلەمان کردنیان خۆی بۆخۆی کوشتنی خەونی نەوشیروان مستەفا و سلوکی سیاسی ئەم پیاوە بوو.


شەشەم: لە دوو ساڵەی کۆچی دوایی ئەم پیاوە چەند پرسیارێک دەوروژێنم؟ بۆ کاک نەوشیروان بەشداری ئەو دەسەڵاتەی کرد کە خۆی دەیزانی چاکسازی ناکەن؟ ڕای خۆی بوو یان دەوروبەری دەیانوسیت بەشدار بن؟ بۆ کۆی مومتەلەکاتی گۆڕان تاپۆ کرا لەسەر کوڕەکانی؟ دەستی خۆی بوو یان دەوروبەرەکەی ئەوەیان دەخواست؟ بۆ بزوتنەوەی گۆڕان خاوەن فکر و جیهانبینی نەبوو؟ بۆ کاک نەوشیروان هەوڵی ئەوەی نەدا کە ئەم بزوتنەوەیە لەوانی تر جیاواز بێت؟ شوێنپێی ئەم پیاوە لەکوێدا دەردەکەوێت؟ بۆ کاک نەوشیروان سەرکەوتوو نەبوو لە هەڵبژاردنی ئەو کارەکتەرانەی بۆ پۆستە حکومیەکان لە بەغدا و کورستان دیاریکردن و مۆفەق نەبوون و لەوانی تر جیاواز نەبوون؟ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: کێ خەون و جیهانبینی نەوشیروان مستەفای کوشت؟ خودی خۆی یاخود کوڕ و لایەنگر و شوێنکەوتووانی؟ هاوڕێکانی شاخ، یاخود سەرکردەکانی ئێستای گۆڕان؟

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure