فەرید ئەسەسەرد18/5/2019 79 جار بینراوە

دایەلۆگ لە بەرگێكی ئەكادیمیدا

لە 28 و 29 ی مانگی رابردوو كۆنگرەی دایەلۆگی كورد- عەرەب لە كۆیە، بە هاوبەشی لە نێوان زانكۆی كۆیە و زانكۆی بەغدا، بەڕێوە چوو. هەرچەند زۆریی بەشداربووان بە كورد و عەرەبەوە عیراقی بوون، بەڵام رێژەیەكی بەرچاو لە وڵاتانی تری عەرەب بەشدار بوون، لەوانە ژمارەیەك بیرمەند و رۆژنامەنووس و توێژەری گەورەی وڵاتانی عەرەب كە ئەمەش روخسارێكی نێودەوڵەتیی بە دایەلۆگەكە دا، بە تایبەتی كە لە كۆنگرەكەدا بابەتی دایەلۆگ تەنها لە دایەلۆگی نێوان عەرەبی عیراق و كوردی عیراق قەتیس نەكرابوو، بەڵكو بوارێكیش بۆ باسكردنی مەسەلەی كوردی سوریا رەخسێنرا بوو.


بەشداریی زانكۆی بەغدا لە دایەلۆگەكەدا قورساییەكی زۆری بە گفتوگۆكان دا. زانكۆی بەغدا یەكێكە لە دێرینترین دە زانكۆی جیهانی عەرەب و دێرینترین زانكۆی عیراقە. هەرچەند ساڵی 1957 دامەزراوە، بەڵام ریشەكەی بۆ ساڵی 1908 دەگەڕێتەوە، كاتێك خوێندنگەی ماف لە عیراق دامەزرا و پاشان خانەی باڵای مامۆستایان و چەند دامەزراوەیەكی تر دامەزران. دواتر خوێندنگەی ماف كرایە كۆلیجی ماف و لەم سەروبەندەشدا خانەی باڵای مامۆستایان كرایە كۆلیجی پەروەردە و لە ساڵی 1957 لە كۆی كۆلیجەكان زانكۆی بەغدا دامەزرا.


گەڕانەوە بۆ كەلتووری دایەلۆگ خۆی لە خۆیدا هەنگاوێكی پێشكەوتووە. بەدڵنیاییەوە سیاسەت لە دایەلۆگی كۆیە ون نەبوو، بەڵام گفتوگۆكان بە زمانی سیاسەت بەڕێوە نەدەچوون، بەڵكو بە زمانێكی ئەكادیمی و بە پشت بەستن بە سەرچاوە و بەڵگە و لۆجیك هەڵدەسوڕان. كۆیە گیانی بە بەر پرنسیپی دایەلۆگدا كردەوە و پەیامی كوردایەتیی بە هێمنی و بە تۆنێكی لەسەرخۆ گەیاند.


سەرەڕای ئەو هەموو دایەلۆگانەی كە لەمەوبەر لە ناوچەكە بەڕێوە چوون، بەڵام كەمترینیان پەیامی خۆیان گەیاندووە. هۆی ئەم دیاردەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هێشتا كەلتووری دایەلۆگ لە ناوچەكە سەقامگیر نییە و هێشتا زۆر بەربەستی لە بەردەمدایە. ساڵانێك لەمەوبەر بانگەشەیەكی زۆر بۆ دایەلۆگی مەزهەبەكان لە ژێر چەتری لێك نزیك كردنەوەی مەزهەبەكان كرا. مەبەستی سەرەكیی بانگەشەكە كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان مەزهەبی شیعە و سوننە بوو. هەوڵێكی زۆر لەم بارەیەوە درا، بەڵام هیچیان نەیانتوانی ئامانجەكەیان بپێكن. لە كۆتاییدا مەزهەبەكان لێك نزیك نەبوونەوە و دیوارەكانی نێوانیان نەڕوخان. زۆریش هەوڵ درا پەرە بە دایەلۆگی نێوان ئایینەكان بدرێ‌ و لەم بوارەدا مەبەست لێك نزیك كردنەوەی ئیسلام و مەسیحیەت بوو. ئەو سەركەوتنەی لەم رووەوە هاتە دی، بناغەیەكی توندوتۆڵی پێ‌ دانەمەزرا، بەڵام لانی كەم ئاشنایەتیی لە نێوان دەستەبژێری هەردوو ئایین دروست كرد.


لە ناوچەیەكدا كە هێشتا كەلتووری دایەلۆگ رەگی دانەكوتاوە، ئەستەمە لێك تێگەیشتن بە ئاسانی بێتە دی. بەڵام دایەلۆگی كۆیە بڕێك ئومێدبڕییەكەی كەم كردەوە و نیشانیدا كە دایەلۆگی ئەكادیمییانە بەوەی كە بڕێكی زۆرتر كرانەوە و لێبوردەیی لە خۆ دەگرێ‌، مرۆڤانەتر بۆ جیاوازییەكان دەچێ‌ و دەتوانێ‌ هەموو ناسنامە جیاوازەكان لە ناسنامەی مرۆڤایەتیدا كۆ بكاتەوە.


لە راستیدا بەشداربووەكان زۆر بە روونی پەیامەكانی خۆیان گەیاند. دەبێ‌ ئەوەش لەبەرچاو بێ‌ كە لەوەتەی ریفراندۆم لە كوردستان كراوە، عەرەبەكان ئەو پرسیارە لە ناخیاندا وروژاوە كە ئایا چی وای لە كورد كردووە بیر لە جیابوونەوە بكاتەوە؟ بە درێژایی ماوەی پاش ریفراندۆم، زۆربەی دامەزراوە زانستییەكانی عیراق خوێندكارەكانیان هانداوە لەسەر كەلتوور و مێژووی كورد و كوردستان بنووسن. ئەم دیاردەیە تەنانەت دەرەوەی عیراقیشی گرتۆتەوە. عەرەبەكان تازە بەو راستییە گەیشتوون كە هیچ دەربارەی كورد نازانن. بۆیە سەرقاڵی ئەوەن لە كورد بگەن و پاڵنەرەكانی پشت رەفتارەكانیان بزانن. هەر بە هۆی ئەمەوە تیمی عەرەب لە دایەلۆگەكەی كۆیە زۆر باش خۆی ئامادە كردبوو و لە ئاستی هیچ مەسەلەیەك دانەدەما.


دایەلۆگەكەی كۆیە دەریخست كە هێشتا كەموكوڕی لە ناساندنی مەسەلەی كورددا هەیە و ئەم پرۆسەیە بە رێكوپێكی بەڕێوە نەچووە و پێویستی بە كاری زۆرترە، هەروەك نیشانیشی دا كە كورد بە بەراورد لەگەڵ لەمەوبەر، ناسراوترە و پەیامەكانی روونترن. بەڵام كاتی ئەوە هاتووە كورد دەستبەرداری وتاری ستەملێكراوی بێ‌ و واز لە تۆڵەكردنەوەی رابردوو بهێنێ‌. هەموو سەردەمێك بەهاكانی خۆی هەیە. كاتی ئەوە هاتووە بەهاكانی ئەم سەردەمە تێبگەین.

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure