عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح15/5/2019 216 جار بینراوە

ناچارتان کردین ڕاستی بڵێین

باوەڕم بە وەڵامدانەوەی ھاوڕێکانم نەبوە، ھەرگیز نەمویستوە بچمە ئەم دۆخی وەڵام و وەڵامکاریە.

 

حەوت مانگە زیاترە کاک عەبدوڵاو ھاوڕێکانی قسەی ناڕەوا نەما بەناوی من و ھاوڕێکانمەوە نەیکەن، تۆمەت و بوختان دەکەن و ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبەن، ئێمە لەبەرخاتری گۆڕان بێدەنگین.

ئەم تۆمەتانە ریاتر بوو ... لەو کاتەوەی کە کاک عەبدوڵا نەکراوە بە سەرۆکی لیستی گۆڕان و لەھەڵبژاردنی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردندا دۆڕا.


دوای ئەوەش ڕامانگەیاند، کە ڕێککەوتنمان کردوەو خانەنشینی شەش ملیۆنی پەرلەمانتارو پلە باڵا نامێنێت ئەم ھێرشی تۆمەتانە زیاتر بووە بۆ سەرم. بۆیە ئێمەش لەمەودوا ناچارین وەڵام بدەینەوە.

کام ڕێباز؟

- ئەو کاتەی کاک عەبدوڵا لە گردەکە ژور بەژور لەگەڵ ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و دواتریش ئەندامانی جڤات دەگەڕاو دەیگوت: دەبێت بۆ ریفراندۆمەکە بڕۆین لەگەڵ پارتی رێکبکەوین و دەنگ بە بەڵێ بدەین وئەوانە دەربکەین کە دژی ریفراندۆمن، لەسەر رێبازی نەوشیروان مستەفا ئەو داوایەی دەکرد؟یان چۆن ؟

 

بۆ ئەو کات رێکەوتنی لەگەڵ پارتی پێ گرنگ بوو ؟!

 

با پێمان بڵێ بۆ پێیوابوو ئەوەی دەنگ نەدا بە ریفراندۆم خیانەت دەکات ، تەنانەت لە رووداوەکانی ۱٦ ی ئۆکتۆبەر بەھەمان نەفەسی پارتی تەخوینی باڵێکی یەکێتی دەکرد ھۆکار چی بوو ؟

 

- بەپێی بەرنامەی گۆڕان، خانەنشینی پەرلەمانتارو پلەباڵا دەبێت بەپێی تەمەن و ساڵی خزمەت بێت، کاک عەبدوڵا ھەر بەگەنجی خۆی بەشەش ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار خانەنشینکرد و لە فەیسبوکیش وا بڵاودەکرایەوە مانگانەکەی دەدا بەنەخۆشخانەی ھیوا، لە کاتێکدا جگە لە ٤٩ ملیۆنی ئیکرامیەکە، مانگانەی نەداوە بە ‌نەخۆشخانەی ھیوا؟ ( پێدانی ٤٩ ملیۆنەکە بە نەخۆشخانەی ھیوا کارێکی باش بوو)

 

خولی پێشوو کاک عەبدوڵا خۆی لە سەھۆڵەکە بە منی وت: خانەنشینی کەمبکەوە بەس مەیبڕن، ئەمە ڕێبازی گۆڕانە، یان بەرنامەی گۆڕان دەڵێت: دەبێت پەرلەمانتار وەک فەرمانبەر بەپێی تەمەن و ساڵی خزمەت خانەنشین بێت.

 

یان وەک ٢٤ ھاوڕێکەی دیکەت ئازایانە بڵێ خانەنشینەکە بە یاسایەو وەریدەگرم و موزایەدەبەسەریانەوە نەکات؟

 

نازانم کاک عەبدوڵا ئاوا باسی دادپەروەری دەکات چۆن دەتوانێت مانگانە لە بانک شەش ملیۆنی خانەنشینی وەربگرێت و فەرمانبەرێکیش دوای ئەو ھەموو خزمەتە ٢٠٠ ھەزاری ھەبێت.

 

یان بە فعلی وەک من بڵێ: بڕیارمداوە خانەنشینی ڕەتبکەمەوە؟

 

- تەنیا جارێک لە گۆڕاندا سەرۆکی لیست بە ھەڵبژاردن دانرابێت من بووم، کاک عەبدوڵا کردی بەھەرا، کەباوەڕت بە ھەڵبژاردن نەبوو بۆ ھاتیتە نێو کێبرکێی ھەڵبژاردنی سەرۆک لیست، کە لە دەنگدانیش دۆڕای بۆ قبوڵت نەکرد؟ دەیگوت: من پێشتر دانرابووم، لە کاتێکدا لەھیچ کۆبونەوەی جڤات و ھیچ بڕیارێکدا کاک عەبدوڵا دانەنراوە . ئەگەر لە مانگی ١١ی ٢٠١٧ش ھەڵبژاردنی پەرلەمان بکرایە ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندن سەرۆک لیست بوو، کاک بەڵێن ئیسماعیل لیستەکەی تەسلیمی کۆمسیۆن کرد، بەھیچ شێوەیەک ناوی کاک عەبدوڵا لە لیستەکە نەبووە.


لام سەیر بوو کاک عەبدوڵا لە ھەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن خۆی بۆ ئەو بەڕێزانە کشاندەوە و ھیچی نەگوت، بەڵام لە ھەڵبژاردنی سەرۆکی لیست بە دەنگدانێکی نھێنی دۆڕا ئەم بەزمەی خولقاند.

دوای ئەوەی من دەرچوم بە ھەڵبژاردن وەک سەرۆک لیست، نامەم بۆ کاک عەبدوڵا ناردو وتم: بادانیشین و چیت پێباش بوو وادەکەین، بەڵام ئەو بڕیاری دژایەتی دابوو.

 

نامەم بۆ ڕێکخەری گشتیش ناردو وتم: من نامەوێت ئەم گرفتە ھەبێت و بەڕێزێکی دیکە دابنێن ، بەڵام وتی: لە ھەڵبژاردن دەرچویت و کاری خۆت بکە.

 

ئایا ئەگەر ئەم بەڕێزە بکرایە بە سەرۆک لیست و دواتر سەرۆکی فراکسیۆن ئەم دوژمنایەتیەی ئێستای گۆڕانی دەکرد یان نا ؟!

 

پێش یەکلابونەوەی سەرۆکی لیست کاک عەبدوڵا زۆرجار لەماڵی کاک نەوشیروان بووە، ھیچ گرفتێک نەبوو دۆستی چیاو نما بوو، بەڵام دوای یەکلابونەوەی سەرۆک لیست و پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پرۆژەیەکیان نووسی و وتیان" گردو تەلەفزیۆن داگیرکراوە و کوڕانی کاک نەوشیروان دەستیان بەسەر ھەموو شتێکدا گرتووە!" ئەی بۆ دوو ڕۆژ پێش یەکلابونەوەی سەرۆک لیست ئەم پرۆژەتان نەنوسی؟ بۆ گرد داگیرنەکرابوو؟

 

ئەم پرۆژەو جەماعەتی بایکۆت زیانی گەورەیان بە گۆڕان گەیاند لە ھەڵبژاردن.

 

- بۆ سیستمی پەرلەمانی ئەوەی لە ڕابردودا وتومە ئێستاش باوەڕم پێیەتی، بەڵام دانوسان ھەموو شت بە دڵی تۆ نیە؟ زۆر بەرنامەی گۆڕان جێگیرکراوە لە ڕێککەوتن و ھەندێکیشی نەکراوەو دەبێت بەردەوام کاری بۆ بکەین.

کاک نەوشیروان مابوو لە ساڵی ٢٠١٥ لە دوا کۆبونەوەی چوارحیزبەکە ‌و پارتی لە ھوتێلی شاری جوان، ھەر چوار حیزبەکە ڕازی بوون سەرۆکی ھەرێم دەسەڵاتی ھەبێت بەمەرجێک لە پەرلەمان بێت پارتی ڕازی نەبوو، ئەندامانی وەفدو ھەموو بەڵگەکانیش ماون؟

کاک عەبدوڵا بۆ ئەو کات ھیچی نەوت! .

ئەوەی من تائێستا کردومە جێیەجێکردنی بڕیاری سیاسی گۆڕانە لە پەرلەمان، ھەموو مرۆڤێکی تێگەشتوو دەزانێت لە ھیچ فەرھەنگێکی سیاسیدا نیە؛ سەرۆک فراکسیۆن پەیوەست نەبێت بە بڕیاری سەرکردایەتی .

ئایا دەکرێت من سەرۆکی فراکسیۆن ی گۆڕان بم و پەیوەست نەبم بە بڕیاری جڤات.

- دەیەوێت بڵێت: ھۆکاری تێکدانی پەیوەندی ئێمە ‌و یەکێتی لەسەر سەرۆکایەتی ھەرێم منم، ئەمە جگە لە بوختانێکی ناڕەوا ھیچی دیکە نیەو ئەوەی ئەو ھۆنیویەتیەوە من لێی بێ ئاگام، ئەو لە پەرلەمان نەبووەو نازانێت تا دوا ھەنگاو لەگەڵ یەکێتی پێکەوە بوین.

لای ھەموان ڕوونە کە تێکچونی ئەو دۆخە بەھۆی ئەوەوە بوو کە سەرۆکی پەرلەمان ڕێگری لێکراو یەکێتی مەوقیفی نەبوو، تاوەکو کاتی ڕێگریەکەش باشترین پەیوەندیمان ھەبوو.

تێکچوونی ئەو پەیوەندیە بەھۆی ھەڵوێستی یەکێتی بوو بۆ ڕێگری لەسەرۆکی پەرلەمان کە لەسەر یاسایەک بووە پێکەوە پێشکەشمان کردو ئەوان بەرگریان لێنەکرد.

وەک موجامەلەیەکی یەکێتیش دەیەوێت بڵێت: تێکچونی ئەو ھەماھەنگیە بەھۆی من بووە نەک ھەڵوێستی یەکێتی.

(من باوەڕم بە باشکردنی پەیوەندی گۆڕان و یەکێتی ھەیەو زۆریش ‌ھەوڵمان بۆداوە).

ماوەیەکە ھەرچی لە گۆڕاندا ڕوودەدات ئەم بەڕێزانە دەیخەنە ئەستۆی من و ھاوڕێکانم، واتە: نەچڤات و نەخانەو نە ڕێکخەر بڕیار نادەن!ڕۆژێک دەیان گوت: چیا و نمای کاک نەوشیروان و ئێستاش ناوی ئێمە دێنن.

ئێمەش سەرنج و رەخنەمان زۆرە، بەڵام ھەرگیز سەنگەر لە گۆڕان ناگرین و ھەوڵی باشکردنی ئەدەین و قسەو ڕەخنەی خۆم دەبەمە کۆبونەوەکان. ڕوونیش دەبێتە تا کۆتایی ڕێگا کێ خزمەتکاری گۆڕانە، ئەم تۆمەت و بوختانانەش بۆ خەڵک ڕوندەبێتەوە.

- کاری پەرلەمانی بەدواداچون و لێکۆڵینەوەو چاودێری و کارکردنە لە لیژنەکان، نەک تەنیا قسەکردن، دەوام نەکردن لە لیژنە و وەرگرتنی ٥٠٠ ھەزاری مانگانەی لیژنەش.

نزیکەی ١٠٠ دۆسیەم لە سەر تاڵانکردنی پارەی کوردستان داوە بەدادگا لە سەرۆکی حکومەتەوە بۆ خوار، دەیان بەدواداچونم کردووەو ئەنجامی ھەبووە، تەنھا لە دوو بەدواداچونی ساڵی ڕابردوو ڕێگەم لە بەفیڕۆدانی ٧٥٠ ملیۆن دۆلاری ئەم وڵاتەگرتووە ( حکومەت بڕیاریدا بۆ ٧١٤ ملیۆن دۆلاری قەرزی بازرگانەکان بەچەکی بازاڕ وەربگرێت بەھۆی بەدواداچونی ئێمە ڕاگیراو دەبێت بەکاش وەربگیرێتەوە ، ٥٠ ملیۆن دۆلاری پرۆژەکانی کەرکوک کە لە بانکی کوردستان بوو گەڕاندمانەوە)،گە لە دەیان گەندەڵی و تاوان کە ڕێگریمان لێکردوە، ئەمە ئیشی پەرلەمانتارە، نەک ئەوەی لە چوار ساڵی پەرلەمانیدا بەڵگەنامەی چوار بەدواداچونت نەبێت .

پلانێکی تۆکمەمان داناوە بۆ چاکسازی و دژایەتی گەندەڵی و پشت بەخوا ئەنجامی دەبێت. ناچم مانگانە بەم گەنجیە شەش ملیۆنی خانەنیشینی لە پارەی خەڵک وەربگرم و جگە لە قسە ھیچی دیکەم نەبێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure