سيروان عه‌بدوڵا 14/5/2019 176 جار بینراوە

هێرش بۆ سەر مافی حیزبایەتیی شاسوار عەبدلواحید ڕاگرن!
«چەند سەرنجێک لەسەر کەیسی نەوەی نوێ»


بەشی یەکەم

(١):
ئەوەی کە لە کاتی سەرئاوکەوتنی کێشەی نێوان پەرلەمانتاران و سەرۆکی نەوەی نوێدا، هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ژیانی شەخسیی وەک چەکێک بۆ پاشەکشەکردن بە پەرلەمانتاران بەکار هاتووە، ئەوە یاساشکێنییەکە کە دەبێت لەڕێگەی مولاحەقەی یاساییەوە کار بۆ سزادانی بکەرانی بکرێت بەو بڕە سزایەی کە یاسای سزادان بۆ ئەو جۆرە کردارەی داناوە.

(٢):
مولاحەقەی یاسایی بۆ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی «ئینتیمەیت»، کارێکی گرنگە، بەتایبەت لە ئێستای گەشەی تەکنۆلۆجییدا کە سەدان کچ لە کچانی کوردستان و چەندین کچی ناسراوی ناو ناوەندی گشتیی و زۆرێك لە سیاسەتکاران ڕووبەڕووی ئەو جۆرە هەڕەشەیە دەبنەوە، چونکە ئەو هەڕەشەیە هەم ڕێگرە لەبەردەم ژیانکردنی ئازادانەی کچاندا و، هەمیش لەبەردەم سیاسەتکردن و بەشداریی کچان لە ژیانی کۆمەڵگادا و، هەمیش کولتورێکی دیبەیت و مونافەسەی ناساغڵەم و زەرەرمەند بۆ دیموکراتییەتی لێ دەکەوێتەوە.

(٣):
ئەو بەناو مولاحەقە یاساییەی کە داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە و دەزگای ئاسایش بۆ ئەو کەیسەی دەکەن، بە ئەندازەیەک پرۆسەیەکی نائوسوڵیی و گەندەڵانەیە کە خەتەرناکە خەڵک و ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی و میدیایی وەک کاری ئوسوڵیی و ڕەوای دەزگای داواکاری گشتیی و دادگای لێکۆڵینەوە و دەزگای ئاسایش ڕەسمییەتی پێ بدەن.

 

ئەوەی کە ئەو دەزگایانە «ئیستینقائیی» کار دەکەن و باز بەسەر هەزاران کەیسی لەو جۆرە هەڕەشەی ناوزڕاندنە لە کوردستاندا دەدەن و، دێن شکاتی ئەندامێکی نەوەی نوێ بەو هەموو جیدییەتە زۆرەوە وەردەگرن و هەموو ئیمکاناتی تەکنیکیی لێکۆڵینەوەی بۆ مۆبیلیزە دەکەن، یان ئەو مافەی مرۆڤ پشتگوێ دەخەن کە تۆمەتبار مافی هەیە پارێزەرێکی هەبێت و لە کاتی ئیفادەدا لەگەڵیدا بێت، نیشاندەری ئەوەیە کە کۆنتاکت و تەنسیق هەیە لەنێوان ئەو دەزگایانە و دەسەڵاتی سیاسییدا، وە مولاحەقە یاساییەکە، چی لەڕێگەی گوشارەوە بێت یان لەڕێگەی ڕەفاقەت و کڵایەنتەلیزمەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی سیاسییەوە ئۆردەر کراوە و داوای ئەولەوییەتی بۆ کراوە. کارێکی وا زۆر دەڵێت لەسەر ئەوەی کە ئەو دەزگایانە و فیگەرەکانی ناویان چی ئێتیکێکی پیشەیی لاواز و چی مۆڕاڵێکی شەخسیی خراپ و چی ئینتیگریتییەکی شلیان لەبەردەم دەسەڵاتدارانی سیاسییدا هەیە. ئەولەوییەتدان بە کەیسێک و پشتگوێخستنی چەندینی تر، پێشێلکردنی پرەنسیپی هاوڵاتیی یەکسانە لەلایەن کەسانێکەوە کە بڕیارە ئەرکی پاراستنی ئەو پرەنسیپەیان لە هەر پێشێلکردنێک لە ئەستۆ بێت. بۆیە قایلبوون بەوەی کە متمانە و ڕەسمییەت بدەیتە ئەو جۆرە بەناو مولاحەقە یاساییەی کە دەزگای ئاسایش لەم کەیسەدا دەیگرێتە بەر، پاڵپشتییەکی کوشندەیە بۆ پشتگوێخستنی حوکمی یاسا و بنکۆڵکردنی دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستاندا.

(٤):
دەزگای ئاسایش لەڕووی یاساییەوە مافی ئەوەی نییە ئەو جۆرە لە ڤیدیۆ بڵاو بکاتەوە کە لە کوردستاندا دەسەڵاتداران ماوەیەکە دەستی بۆ دەبەن و ناوی «ڤیدیۆی دانپیانان»ی لێ دەنێن. بۆیە ئەگەر کەسانێک هەبن لەم نێوەدەدا کە یاساشکێنیی خەتەرناکیان ئەنجام دابێت و شایان بە سزای یاسایی بن، ئەوا بەر لەو یانزە تۆمەتبارەی نەوەی نوێ کە دەستگیر کراون، ئەو بەرپرسانەی ئاسایش و پیاوە حیزبییەکانی پشتیانن کە شایان بە سزادانن. ئەوەی کە ئاسایش پلاکاتێکی گەورەی سەر دیواری بۆ پۆستەکانی فەیسبوک دروست کردوە و، یەک بە یەک بە لایتی لیزەر فەرمان بە تۆمەتبارەکان دەکات باسی کامیان بکەن، ئەوە پیشانی دەدات کە ئاسایش لەڕێگەی زەلیلکردنی دەستگیرکراوەکانەوە، زیاتر کاری بۆ دروستکردنی سکانداڵ کردووە تا لێکۆڵینەوەی بێلایەنانە.

(٥):
لە کاتێکدا ئاسایش مافی نییە ڤیدیۆ دروست بکات و بڵاوی بکاتەوە، لەبەرامبەردا فەرزە لەسەری لە قۆناغێکی لێکۆڵینەوەدا کە ئیتر خەتەری لەناوچوونی بەڵگە نامێنێت و بە بڵاوبونەوەی داتاکان ئەمنییەتی کۆمەڵگا و تەندروستیی لە خەتەردا نابن، زانیارییەکانی ناو پەروەندەکە، لەوانە دەنگی تۆمارکراوی ئیفادەوەرگرتنی فیعلیی کە ئەگەر هەبێت لە دادگا وەک بەڵگە بەکار دێت، بۆ ڕای گشتیی و میدیاکان بەردەست بکات. ئەمە یەکێکە لە تەبەعاتەکانی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاریی. بۆیە دروست نییە بوترێت یاسا ڕێگە نادات ئیفادەی تۆمەتباران و زانیارییەکانی ناو پەروەردەکانیان بگاتە دەست خەڵک. ئەو شەفافییەتەیە زەمانەتی ئەوە دەکات خەڵک ببێت بە ڕەقیب بەسەر دادگاوە و نەهێڵێت ببێتە دەزگایەکی نادادپەروەر و چەکی دەستی دەسەڵاتی سیاسیی.

(٦):
هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن کە ئێتیکی ڕۆژنامەوانیی و ئەرکی میدیا تێگەیشتبێت و هەست بە کەمترین بەرپرسیارێتیی بکات لەئاست دادپەروەریی بۆ هاوڵاتییان و پارێزراویی کەرامەتی خەڵک و ئیحتیمالی هەبوونی ئەشکەنجەدان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا و هەبوونی پڕۆپاگەندەی سیاسیی لە فۆرمی دۆکیومێنتی حقوقییدا، ناتوانێت ئەو فیلمی پرۆپاگەندە مۆنتاژکراو و ئیخراجکراوانە وەک هەواڵی تازە بۆ دەزگای ئاسایش بڵاو بکاتەوە. ئەوەی ئاسایش دەیکات زانیاریی نییە تا میدیا ئەرکی بێت بڵاوی بکاتەوە، هەوڵی شاردنەوەی زانیارییە. ئەوە دۆکیومێنتێکە کە ئاشکرا دیارە دەستکاریی کراوە و جێگەی هیچ متمانەیەک نییە. میدیاکان ئەرکیانە ڕەخنەییانە سەیری سەرچاوەی هەواڵ بکەن و هەموو شتێک بڵاو نەکەنەوە یان لەگەڵ بڵاوکردنەوەیدا بە هەموو گومانەکانی خۆیان و خەڵک کارکردی نێگەتیڤانەی ڤیدیۆکە لەسەر حەقیقەت باڵانس بدەنەوە. میدیاکان لەم کەیسە و چەندین کەیسی تردا وەک ئەحمەقێکی بەسوود دەزگای ئاسایش بەکاریان دەهێنێت بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی جێگەی گومانی ڕەوا. ئەو ڤیدیۆیەی ئاسایش هەوڵی مانیپۆلکردنی ڕای گشتییە بۆ قایلبوون بە ئەنجامگیریی لێکۆڵینەوەیەکی جینائیی کە تەواو نائوسوڵیی و گەندەڵ و تەجاوزکارانەیە. نمونەیەکی ئەم تەجاوزەی دەزگای ئاسایش لە مێژوودا، ئەو ڤیدیۆی دانپیانانە بوو کە پیاوە بچووکەکانی ناو لیژنەکانی مەسعود بارزانیی لە کەیسی سەردەشت عوسماندا ئیخراجیان کرد و دایانە دەرەوە، کە بێگومان بۆ دەیان ساڵی داهاتووی ناو مێژووی کوردستان، وەک سکانداڵێکی بارزانیی هەر دەمێنێتەوە.

 

(٧):
ئەو خراپبەکارهێنانەی دەسەڵاتدارێتییە لەلایەن ئاسایشەوە لە بارودۆخی ئاسایی حوکمی یاسادا بکەرانی شایان بە سزای زۆر توند دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە جێگەی نکۆڵیی نییە کە دەزگاکانی ئاسایشی ینک و پدک دوو دەزگای سەرکوتگەرن کە تیایاندا بە مەدایەکی بەرفراوان تاوانی ئەشکەنجەدان، هەڕەشەی ئیغتیساب، سوکایەتیپێکردن و ترساندنی تۆمەتبار لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەنجام دەدرێت. ناڕەوا نییە کەسێک گومانی ئەوە بکات کە هەموو ئەو زیادەڕۆییانە پێشتر بەرامبەر ئەو تۆماتبارانە کرابێت کە لەو ڤیدیۆیەدا پیشان دەدرێن. بڵاوکردنەوەی دانپیانانی مۆنتاژکراو، تەجاوز و تاوانی ناوزڕاندێکی ترە لەلایەن بەرپرسانی ئاسایشەوە کە لە گەورەییدا بەراورد ناکرێت بەو یاساشکێنییەی ئەو تۆمەتبارانەی لەسەر گیراوە. ناچارکردنی تۆمەتبار بە قسەکردن لەبەردەم کامیرادا تەجاوزکردنە سەر کەرامەت و ئینتیگریتیی زیندانکراوە کە دەستوری عێراقیی لە ماددەی (٣٧) بڕگەی یەکەمدا قەدەغە و سزاداری کردووە ئەگەر هەر دەزگایەکی یان کەرمەندێکی دەسەڵاتی تەحقیقیی دەستی بۆ ببات، وە بڕگەی حەوتی پەیماننامەی مافە مەدەنییەکانی نەتەوەیەگکرتووەکان، کە عێراقیش ئیمزای کردووەو مولزەمە پێی، وەک پێشێلکردنێکی خەتەرناکی مافی مرۆڤ پێناسەی کردووە.

 

(٨):
ئەوەی کە ئەو تۆمەتبارانە لای دادگای لێکۆڵینەوە ناوی شاسوار عەبدلواحید ناهێنن وەک بەشداربوویەک لە تاوانی وێنەگرتنەکەدا یان ناردنی هەڕەشەکەدا، بەڵام لای ئاسایش گوایە لە ئیفادەدا وتویانە ئەو کەسە لە هەردوو تاوانەکەدا بەشدار بووە، ئەو ئیفادەیە لەڕووی یاسایی و سەڵاحییەتی موحەقیقەوە کافیی نییە بۆ تۆمەتبارکردنی شاسوار عەبدلواحید و ئیحالەکردنی بۆ دادگا. دەڵێم لەڕووی یاساییەوە، چونکە نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر کە شاسوار عەبدلواحید ببەستێت بە یەکێک یان بەهەردوو ئەو تاوانەوە، قەت مانای ئەوە نییە کە ئەو کەسە لە واقیعدا دەستی لە یەکێک یان لە هەردوو تاوانەکەدا نییە. لە ناوەندی یاساییدا دەوترێت «نەبوونی بەڵگە، بەڵگەی نەبوون نییە». واتە ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەر لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت کەسێک لە تاوانێکی دیاریکراودا دەستی هەیە، ئەوە قەت بەڵگەی سەلمێنەری ئەوە نییە کە ئەو کەسە دەستی لەو تاوانەدا نییە. بەڵام لە یاسادا وایە کە ئەگەر بەڵگەکان کافیی نەبوون، نە پۆلیس مافی هەیە کەسەکە ئیحالەی دادگا بکات، وە نە دادگا مافی هەیە سزای بدات.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure