نه‌به‌ز گۆڕان9/5/2019 229 جار بینراوە

یاسایەك پڕبەبەری كارەكتەرێكی خێڵ

زیاتر لە (18) ساڵە كێشەی سیستەمی حوكومڕانی بووەتە كێشەیەك، زۆرترین قسەی لەسەر دەكرێت. هێزێكی خێڵەكی بارگاوی بە ئایدۆلۆژیاییەك، بەرگری لە مانەوەی خۆی و دەسەڵاتەكەی دەكات، بەرامبەر بە هێزێك دەیەوێت سیستەمی حوكومڕانی هەرێم، ببێتە سیستەمێكی تەندروست.(بۆ زیاتر زانین لەمبارەیەوە بگەڕێوە بۆ ساڵانی 2000 سەردەمی رۆژنامەی هاوڵاتی و پاشان ئاوێنە... هتد تا ئەو رەخنەو گفتوگۆیانە ببینی پێشتر لەمبارەیەوە بڵاوكراونەتەوە.) هەموو خولێك كێشەی سیستەم، یەكێكە لەو كێشە بنەرەتیانەی، بەردەوام بەو ئاقارەدا دەڕوات، لە سیستەمێكی تەندروستەوە بكرێتە دامەزراوەیەك لەخزمەت كارەكتەری خێڵەكی و حیزبیدا بێت!


(بارزانی) لابراو، لە بەرواری (20_8_2017) لە كاتژمێر (10_16) خولەك بۆ رژنامەی(عوكاز)ی (سعودی) دەڵێت: " نەخۆم، نە كەسە نزیكەكانم، بۆ سەرۆكایەتی هەرێم خۆمان كاندید ناكەین!" ئەم رستەیە شایەنی لێوردبوونەوە نییە، چونكە هەرشتێك لەبارەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتەوە بڵێت، یان هەرشتێك لەبارەی دروستكردنی سیستەمێكی تەندروستی ناخێڵەكی و نائایدۆلۆژی خزمەت بە خۆیان بڵێت: شایەنی بڕواپێكردن نییە. بەڵام بۆئەوە جارێكی دیكە رستەكەیەم هێنایەوە، خوێنەر بەرچاوی رونبێت لە فریودان و، تێبگات هەمیشە پێچەوانەی قسەكانی راستی دەدۆزرێتەوە.
لەسەر كەیسی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، لە ئێستادا هەرسێ‌ حیزبەكە ( پارتی، گۆڕان، یەكێتیی) یەك پاكێجن و، ناكرێت جیاوازیان تێدابكرێت. ئەگەر پێشوتر جیاوازێك لە روانین هەبووبێت لەنێوان ئەم سێ‌ حیزبەدا، لەسەر ئەو كەیسە، ئێستا جیاوازییەك لەئارادا نییە و، پێكەوە كاردەكەن بۆ بە یاساكردنی دەسەڵاتی كارەكتەری خێڵ. ئەو بانگەیەشەی كە دەڵێت: " ئەمە هەمان پرۆژەكەی نەوشیروان مستەفایە." بانگەشەیەكە بۆ شێواندنی بیركردنەوە و پرۆژەكانی ئەو سەركردە كۆچكردوە و، بانگەشەیەكە لە تەنیشت تارمایی ناوەكەی ئەودا، مانا بەو خزانە دەدات ئەمڕۆ ئەو هێزە تێیكەوتووە. دەیەوێت لەرێگای شێواندنەوە دەمامكێك بخاتە سەر خزانەكەی.


لە دیدارێكدا (نەوشیروان مستەفا) دەڵێت: " گونجاوترین سیستەمی سیاسیی بۆهەرێم، سیستەمێكی سیاسیی پەرلەمانیە، هاوشێوەی عێراق." ئەم رستەیە زۆر روونە. سیستەمی حوكومڕانی _عێراق_ سیستەمێكی پەڕلەمانییە. سەرۆك كۆمار، كارەكتەرێكی تەشریفاتییە و، كەمترین دەسەڵاتی هەیە. واتە دەسەڵاتەكان دابەشبوون بەسەر دوو دامەزراوەدا، دامەزراوەی پەرلەمان، دامەزراوەی ئەنجومەنی وەزیران. لێرە سەرۆكی هەرێم (24) دەسەڵاتی هەیە. پڕۆژەكەی (نەوشیروان مستەفا) نەك ئەمەی ئێستا، ئەم دەسەڵاتانە دابەشدەكات. دەسەڵاتە یاساییەكان دەداتە پەڕلەمان و، دەسەڵاتە تەنفیزییەكانیش دەداتە ئەنجومەنی وەزیران وچەند دەسەڵاتێكی دیاریكراویش بۆ سەرۆكی هەرێم دەهێڵێتەوە. واتە پرۆژەكەی ئەو بەهەمان سیستەمی _عێراق_ سیستەمی حوكومڕانی هەرێم، دەبێتە سیستەمێكی پەرلەمانی. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، رێك پێچەوانەی ئەو پرۆژەیە و ئەو دیدگایەبوو، كە چاودێران پێیانوابوو ئەمە روونادات!


سیستەمی هەرێم، بەناو كراوە بە پەرلەمانی، سەرۆكی هەرێم ئەمڕۆ یاسایەكی بۆدرا بەدورین، كە پڕ بەبەری ئاست و قەبارەی خۆی بێت. دەسەڵاتەكانی دابەشنەكران! جێگرەكانی نەخرانە ناو گفتوگۆی پەرلەمان و پرۆژە یاساكەوە، بەڵكو خۆی (تەعین)یان دەكات! پەڕلەمان لە دامەزراوەیەكەوەلە بەرگری لە سیستەمەوە كرایە دامەزراوەیەك بۆ تێپەڕینی یاسا، بۆكارەكتەرێكی خێڵ. ئەو نەوەیەی ئێستا لەناو ئەو حیزبە دەسەڵاتییان هەیە، دوربوون لە خوێندنەوە، بۆیە بڕگەیەكیان بۆ داتاشرا، تا لەرێگەی ئەو بڕگەیەوە ئیشكالیان بۆ دروستنەبێت، لەقۆناغی ئایندەدا نەوەكانی تریان كەدێن،بڕوانامەیان هەیە و دەسكاری ئەو بڕگەیە دەكرێت بۆیان. بەڵام هێزی ئەو بڕگەیە لێرەدا، جگە لەوەی بێ بڕوانامەیەی كرا بە یاسا لەبەر خاتری كارەكتەرێكی خێڵ، هێزە سیاسییەكەی ئەم بڕگەیە لەوەدابوو، پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن مەخولقێكییەوە وتبووی: " حومەكڕانی بە كەسی نەخوێندەوار ناكرێت." ئەمڕۆ پارتی بەو هێزەی وتەوە: دەبێت ئەو بڕگەیە بخرێتە دەنگدانەوە و، تۆش بە ئاشكرا دەنگی پێبدەیت، بۆئەوەی جارێكی دیكە رستەی وا بەرامبەر بە من دووبارە نەكەیتەوە، رێك مەبەستەكەی پێش ئەوەی لێدانبێت لە پەروەردە و بڕوانامە، لێدانبوو لەو بزوتنەوەیەی خۆی بە سەرمەشقی دژایەتیكردنی حوكومڕانی نەخوێندەوار و كارەكتەری خێڵ دەزانی.


مەترسی ئەم یاساییە لەم خاڵانەدایە:


یەكەم: یاسا لەپێناو گشتیدا دەرناچێت، لەپێناو یەك كارەكتەرەدا دەردەچێت و، ئیدی كارەكتەرێك دەتوانێت چەندین یاسا لەپێناوخۆی دەربكات بەبێ‌ ئەوەی لەناو هۆڵی زۆرینەی بوكەڵەكاندا، نەنگیەك بێتە رێگای.


دووهەم: ئەو هێزەی بەرگری لە حوكومڕانی تەندروستدەكرد، لەم كەیسەدا چووە پاڵ هەردوو حیزبەكە و بەرگری لەو مۆدێلە حوكومڕانییە دەكات، پێشوتر دوو حیزبەكە كردبوویانە مۆدێلی دەسەڵاتی خۆیان.


سێهەم: پەڕلەمان لەم خولەدا، كرایە هۆڵێك بۆ زۆرینەی بوكەڵەكان. سەرۆكی پەڕلەمان وەك دایكی بوكەڵەكان، بروانامەكەی و شارەزاییەكەی لە یاسادا هیچ مانایەكی نییە و، جگە لە دایكی بوكەڵەكان بۆ خزمەتكردنی كارەكتەر و دەسەڵاتی خێڵ، لەناو ئەو هۆڵەدا ئەركێكی دیكەی نییە. ( ئەوانەش رونكردنەوە دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان پاكبكەنەوە لەم نمایش و گاڵتەكردنە بە سیستەم، راست ناكەن، چونكە لە كۆتاییدا دەنگیان بە كۆی یاساكەدا.)


چوارەم: جارێكی دیكە، دامەزراوە یاساییەكان، لەگەڵ كۆی دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم، خرانە گۆشەیەكەوە، حیزب و كارەكتەری خێڵ ئاراستەیانبكات و، ناوەوە و دەرەوە لەوە تێبگەن، كوردی ئەم پارچەیە چاوەرێی دروستكردنی حوكومڕانییەكی تەندروستی لێناكرێت و، هەمیشە هەنگاوەكانی گەڕانەوەیە بۆ دواوە. (وەك كۆمیدیایەكیش ناوی سیستەمەكە گۆڕا، بەبێ‌ ئەوەی ئەم گۆڕینی ناوە، گۆڕینێكی واقیعی بێت لەرووی دەسەڵاتەكانەوە!) تەواوی نمایشی هۆڵی زۆرینەی بوكەڵەكانی ئەمڕۆ، بریتیبوو لە: یاسا لەپێناو كارەكتەری خێڵدا دەردەكرێت، نەك لەپێناو گشتیدا.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure