هه‌ردى حه‌مه‌ ڕه‌شيد8/5/2019 250 جار بینراوە

تەنزیمێکی فشەڵ و قیادەیەکی فاشیل!

دیمەنی یەکەم;
ڕۆژی ۲۸ی نیسانی۲٠۱۹ پاش کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، خانەی ڕاپەڕاندن لە چەند دێڕێکی لاستیکییدا (عەبدولڕەزاق شەریف)ی لەڕیزەکانی خۆی دەرکرد، بۆ سبەینێ ناوبراو لەڕوونکردنەوەیەکی سێ خاڵیی کورتدا ڕایگەیاند کە وەك خەڵك ئاگای لەبڕیارەکەیە و لە میدیاوە بینیویەتی و وەڵامی ئەبێت.

 

ڕۆژی ۱ی ئایاری۲٠۱۹ دوو ڕۆژ پاش بڕیارەکە، بەشی یەکەمی زنجیرە وتاری #ئیتر_قسە_ئەکەم ی بڵاوکردەوە و کۆمەڵێك نهێنیی بۆ ڕای گشتیی لەشێوەی بۆمبێکدا تەقاندەوە.

 

بەپێی دەستوور(پەیڕەوی ناوخۆ)ی گۆڕان خانەی ڕاپەڕاندن مافی دەرکردنی ئەندامی جڤاتی نیە، خانە ئەندامێكی جڤات دەرئەکات، بەبێ ئەوەی (لایەنی کەم) سەرەتا بڕیارەکە بنێرن بۆ خۆی و بەفەرمی ئاگاداری بکەن لەهۆکاری دەرچوواندنی بڕیارەکە، پاشان چاوەڕێن وەك چۆن لەخراپیی پارتی و یەکێتی و بێ دەرەتانیی خەڵکی ئازادیخوازدا، دیسان ئەمیش بێدەنگ بێدەنگ بچێتەوە بۆ ماڵەوە و کڕوکپی لێبکات و دۆخەکە بسپێرێت بەقەدەر!

 

ڕەزاق وەك یەکێك لە شاهیدەکانی ڕابردووی بەشێك لەسەرکردە و جڵەولەدەستانی گۆڕان، بەوریایی و زیرەکانە ڕستە و دەستەواژە و پەرەگرافەکان ئەچنێت، ڕووداوەکان لەشێوەی زنجیرەیی و هەندێ جاریش بەتەکنیکی فلاشباك ڕۆمانئاسا وێنای ڕووداوەکان ئەکات، (ئەگەرچی خوێنەر هەست بەجۆرێك لە تۆڵەکردنەوە ئەکات) بەڵام لەڕووی ئارگیۆمێنت و پێکەوبەستنی ڕووداوەکانەوە، ئەکەویتە بەردەم زنجیرە وتارێکی پڕ زانیاریی و پاڵپشتکراو بە بەڵگە و ڕیزکردنی ناوی کارەکتەر و شاهیدی زیندووەوە.

 

وتارەکە(کە تائەم ساتە دوو بەشی بڵاوکراوەتەوە) وەك ئاگری لەپوش بەربوو لە چلەی هاویندا شێر و بڵاوئەکرێتەوە، سەدان هەزار کەس بۆ یەکتری ئەنێرن، پارچە پارچە گوڵچن ئەکرێت و جومگە کاریگەرەکانی چەندبارە بۆ دێتەوە، هێشتا نەك ئەوەش بەدەنگێکی کاریگەرەوە ئەکرێت بە گرتەی دەنگیی و دەستاودەست خۆی ئەکات بە بۆکسی ماسنجەرەکەتدا!

 

مێژووی ئێمە سیخناخە بەم ڕووداو و سەنگەرگۆڕکێ و دەستەگەرییە، بۆ چما خەڵکی خوێندەوار و بەئاگا ئەکرێت شۆك ببێت بەم جۆرە گێڕانەوە و بەسەرهاتانە؟!

 

دیمەنی دووەم;


وەك هەمیشە خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێکخەری گشتیی قسەیەکیان بۆ وتن نیە، بەڵام خۆ پێویستە بەر بەم شەپۆلە بگرن، باشترین کەرەستەش بۆ ئەم کارە حەتمەن ڕێکخستنی گۆڕانە بە دوو پاڵنەر; بەشی هەرەزۆریان ئەهلی سیڤی و تالیبی پۆستن، بۆ خۆبردنەپێشەوە و عەرزی دڵسۆزییان بۆ دەسەڵاتداران و موخلیسییان بۆ بڕیاربەدەستان هەموو شتێك ئەکەن!


بەشێکیتریشی زۆر داماو و بێ زانیاریین تا ئەو ئاستەی کە پاشتر بەتەواوی لە زانیارییەکان دڵنیا ئەبن، ئەوەندە شۆك ئەبن کە لەکاردانەوەدا سەری خۆیان ئەکێشن بەداروبەرددا و بەدەنگی بەرز و هاوارکردن توڕەیی خۆیان لە دۆخەکە دەرئەبڕن، بەڵام درەنگ تێئەگەن!

 

بۆیە لەماوەی چەند سەعاتێکدا هەزاران مرۆڤ لەو دوو جۆرە، پۆست لەدژی ڕەزاق و بۆ پشتگیریی سەرانی گردەکە ئەنووسن!


هەڵمەتێکی کرچ و کاڵ و پاڵپشت بەوێنەی ڕێکخەری گشتیی و هەندێك لە ڕەمزەکانی گردەکە، پێچراو بە وتە و وتەزای سۆزئامێز و زۆرجاریش ڕمڵ لێدان بەناوی ئەم و ئەوەوە بڵاوئەکرێتەوە!

 

پرسیاری جدیی ئەمەیە ئەم دەنگدەرە مێشك پڕ لەخەونەی گۆڕان، کەی شیاوی ئەم جۆرە کادیر و هەڵسوڕاوە بێ تفاقانەن؟! (کە وەك کەنعان مەکیە لە کۆماری ترسدا باسی ئەکات) تەنیا چەپڵەلێدان ئەزانن!!


سەرنج بدە; پاش ئەوەی سەرانی گردەکە لە دوو هەڵبژاردنی یەك لەدوای یەكدا شکستیان هێنا و بەڵێنی قەبوڵ نەکردنی ئەنجامە ساختەکانی هەڵبژاردنیان گۆڕی بۆ چوون بۆ بەغدا بە فڕۆکەی تایبەتی بنەماڵە و ڕێککەوتن و تەسلیمبوون بە ماڵی بارزانیی!


بەڵێنی چاکسازیی ناوخۆیی و ئەنجامدانی کۆنفرانسی گشتییان گۆڕی بە پاکسازیی ناوخۆیی و دەرپەڕاندنی هەر دەنگێك کە ڕازی نابێت بەتەوریسی سیاسیی، بەکورتیی گۆڕانیان لەهێزێکی سەرچڵ و سرکەوە کرد بە گروپێکی دەستەمۆی فورسەت تەڵەب!


ڕێکخستن هاتن لەبری ئەوەی بەفیکە و چەپڵە ئەمانە دەرکەن، کەچی چەپڵە و هەلهەلە بۆ مانەوەیان ئەکێشن!


چوونەتە ناو تەفاسیلی زنجیرە وتارەکەی ڕەزاق، جەنابی لیدەری گشتی وابوو وا نەبوو، خۆت وابوویت وانەبوویت، فڵان چل ساڵی ڕەبەقە لەبەرەی کاك نەوشیروانە و تۆ خۆت حەرامزادە و خائینیت...تاد

 

لە زیهنی دەروێشێکی ڕێبازی(مام)ـدا، هیچ دووانەیەك لەمێژووی یەکێتیدا نابن بە مام جەلال و کاك نەوشیروان، ڕۆژگارێك هەردووکیان بۆ زۆرکەس هێڵی سوور بوون و گیانیان بۆ یەکتر دەرئەچوو، لەماوەیەکی زەمەنیی کورتدا تاڵەبانیی لە پلنیۆمی چوارەمی حیزبەکەیدا لە ئۆکتۆبەری۲٠٠۹دا ئەوەی نەشێت و تۆمەتی نەکردەنیی بێت بە کاك نەوشیروانی وت، لەبەرامبەردا کاك نەوشیروانیش بە زنجیرە وتاری #لەهاوخەباتییەوە_بۆ_تەخوین بەتوندیی وەڵامی دایەوە و ئەو مەقولەیەیان پشتڕاست کردەوە کە لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەمیشەیی نیە!

 

ئێستا بۆچی عەجایەب بێت بۆ ئەم ڕێکخستنە کە خوێنەر و بیسەری هەندێ تێکە و لێکەبن کە حەزیان بەبیستنی نەبێت و توشی ئەم جۆرە پەرچەکردارەیان بکات، ئەویش بە ڕێنمایی و گشتاندنی خودی خانە و جەنابی لیدەر بێنە جۆش و هەڵچوون!!

 

لەنێوان بڵاوکردنەوەی دوو بەشی ئەم زنجیرە وتارەی ڕەزاقدا، (ڕێبوار کەریم وەلی) کە یەکێکە لە عەڕابەکانی سیاسەتی پارتی و تەرجەمەکەرێكی باش و فرۆشیارێکی کارامەی هەنگاو و دنیابینییەکانی پارتییە لەم بازاڕە شێواوەدا، بۆمبێکی زۆر گەورە و کاریگەری تەقاندەوە و بە ڕوون و ڕەوان وتی:((ئەمجارە پارتی بە مەبەست و بۆ درووستكردنی جێپێیەكی قایم لە سلێمانی، گۆڕان وەكو ئەسپی تەڕوادە بەكاردێنێ))!!!

 

ئەم ڕێکخستنە فشەڵ و بێ ئاگایە، یەك ڕستەیان بۆ ووتن نەبوو لەسەر ئەم سفرکردنەوەیەی گۆڕان، یەك ئەندامی دەم گەرم و قاتلەبەری جڤات و هیچ نووسەر و کەڵەشێرخۆرێکی دەربار نەیانتوانی بڵێن (لەل)، بەبێدەنگیی ئەو دانپیادانانە سەرەتانییە تێپەڕیی، خێرە بۆ ئەم یاداشتانەی ڕۆژانی هاوخەباتی عەبدولڕەزاق و جەنابی لیدەر ئەوەندە کۆك بوون لەسەر هەڵمەتی جنێوباران؟!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure