عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف1/5/2019 4243 جار بینراوە

ئیتر قسه‌ ئه‌كه‌م .. !


"سه‌یره‌، هه‌مو گله‌یی له‌ بێ پاره‌یی بزوتنه‌وه‌كه‌ ئه‌كه‌ن، كه‌ یه‌كێكیش پاره‌مان بۆ په‌یدا ئه‌كات ئه‌و هه‌مو هه‌رایه‌ ئه‌نێنه‌وه‌"، له‌دوا كۆبونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانیدا، رێكخه‌رى گشتى به‌م قسه‌یه‌ ویستى كۆتایی به‌و مشتومڕه‌ بهێنێ كه‌ له‌سه‌ر (دانانى وه‌زیرى كۆچ‌و كۆچبه‌رانى پێشو له‌ لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندنى كاندیده‌كان) گه‌رم ببو. هه‌ندێ ناڕازی‌و هه‌ندێ به‌توندى به‌رگرییان ده‌كرد، تا گوێبیستى ئه‌و قسه‌یه‌ى رێكخه‌رى گشتى نه‌بوم، وام دانابو، قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ نه‌كه‌م، ئه‌و مه‌شهوره‌ به‌وه‌ى كه‌ له‌ كۆبونه‌وه‌كاندا، به‌ قه‌ده‌ر هه‌مو ئه‌ندامانى جڤات قسه‌ ئه‌كات. له‌گه‌ڵیا بیرى كۆبونه‌وه‌یه‌كم كه‌وته‌وه‌ له‌ به‌هارى ساڵى 2017دا رۆژانى پێنج شه‌ممان ئه‌م گروپه‌ى خانه‌ى راپه‌ڕاندن له‌گه‌ڵ رێكخه‌رى ژوره‌كان ئه‌یان كرد‌و تیایدا (ئارام شێخ محه‌مه‌د) وه‌ك نوێنه‌رایه‌تى به‌غدا باسى فایله‌كه‌ى ئه‌و تاقانه‌ وه‌زیره‌مانى هێنایه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌‌و رونى كرده‌وه‌ كه‌ (عالیه‌ نسه‌یف) چۆن ئه‌م مه‌له‌فه‌ى جوڵاندوه‌‌و له‌ڕوى یاساییه‌وه‌ چیتر ئه‌و ناتوانێ دواى بخات، بڕیارى كۆبونه‌وه‌كه‌شى له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ خسته‌ نێوان دو بژارده‌وه‌، یه‌كه‌میان: بچێته‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران‌و دڵنیای كردینه‌وه‌ كه‌ ده‌رناچێ‌و وه‌ك وشیار زێبارى متمانه‌ى لێ وه‌رده‌گیرێته‌وه‌، یان ئه‌وى تریان له‌ڕێگه‌ى (مالیكی)یه‌وه‌ بكه‌وینه‌ سوڵح، چونكه‌ (عالیه‌) ته‌نها به‌قسه‌ى (مالیكى) ده‌گیرێت.


وێڕاى ناڕه‌زایی خۆم‌و چه‌ند هاوڕێیه‌ك، به‌ڵام بژارده‌ى دوه‌م به‌ موبه‌ڕیڕى سومعه‌ى بزوتنه‌وه‌كه‌، بو به‌ بڕیارى زۆرینه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌.


ئه‌وكات‌و تا دوا كۆبونه‌وه‌ى جڤات‌و ئه‌و قسه‌یه‌ى رێكخه‌رى گشتى، من نه‌مزانیبو ئه‌م مه‌له‌فه‌ شه‌ریك‌و پشتیوانى گه‌وره‌ى له‌ بزوتنه‌وه‌كه‌دا هه‌یه‌.


به‌گێڕانه‌وه‌ى ئه‌و قسانه‌‌و هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر قسه‌كه‌ى رێكخه‌رى گشتى، مشتومڕ گه‌رمتر‌و دوڕدونگى‌و توڕه‌بونى شه‌ریكه‌كانى ئه‌و مه‌له‌فه‌ زیاتر بو، هه‌مو ئه‌و حیكایه‌تانه‌ى له‌سه‌ر گۆچانه‌كه‌ى سه‌ید عومه‌ر ده‌كرا، له‌ مێشكمدا هه‌ره‌سى هێنا.


(ئاخر هه‌زاران هاوڕێمان له‌و پێناوه‌دا شه‌هید بون، هه‌زاران خێزانمان بێ ده‌ره‌تان‌و سه‌رپه‌ره‌شتیار كرد، دواجاریش به‌م بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌، هه‌زارانمان توشى سزاى نانبڕین‌و تا روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى تیرۆر كرد، ته‌نیا شانازیمان ئه‌وه‌ بو كه‌ به‌رده‌وامین له‌ به‌گژاچونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى‌و پابه‌ندی ئه‌و خواست‌و هیوایانه‌ى هاوڕێكانمانین، ئێستا له‌به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ماندا، مه‌سئولى یه‌كه‌م به‌ ئاشكرا ده‌ڵێ پاره‌ى بۆ په‌یدا كردوین، كۆمه‌ڵێك شه‌ریكه‌په‌یداكه‌ریش له‌ هه‌راو زه‌نایه‌كدا،له‌ پێشیانه‌وه‌ ئه‌ندامانى خانه‌ى راپه‌ڕاندن، به‌گژما دێنه‌وه‌، ئێمه‌ به‌ڵێنمان ئه‌وه‌ بو ده‌ستى كۆمه‌ڵێ گه‌نج بگرین‌و بیانكه‌ین به‌ سه‌ركرده‌ى دوارۆژى میله‌ته‌كه‌مان، ئه‌وه‌ى ده‌گوزه‌رێ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و گه‌نجانه‌شیان فێرى ناشیرینترین‌و ناجۆرترین شێوازى دزیكردن كردوه‌).


هێشتا من له‌ ناو كۆبونه‌وه‌كه‌دا بوم، رێكخه‌رى گشتى له‌ ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه‌‌و له‌به‌رچاوى چه‌ند كه‌سێك وتبوى "جارێكى تر ئه‌م زه‌لامه‌ بێته‌ كۆبونه‌وه‌ى جڤات، من به‌شدارى ناكه‌م".


به‌یانى رۆژى دواتر، بڕیارى دورخستنه‌وه‌ى من، به‌ شه‌فه‌یی‌و عه‌شایه‌رى، به‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كه‌ى كۆمپانیاى وشه‌ ئه‌ده‌ن. له‌ژێره‌وه‌ش واى بڵاوئه‌كه‌نه‌وه‌، گوایه‌ من زانیارى كۆبونه‌وه‌كه‌ى جڤاتم به‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن داوه‌. من په‌یوه‌ندییه‌كى پته‌وم له‌گه‌ڵ گشت راگه‌یه‌ندكاره‌كانى كه‌ناڵه‌ جیاجیاكاندا هه‌یه‌، لێره‌وه‌ بێمه‌نه‌تى خۆم له‌وانیش‌و له‌ گشت ده‌زگاى راگه‌یاندنه‌كان راده‌گه‌یه‌نم، (هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ پێمداون، ئاشكراى بكه‌ن‌و به‌ناوى منه‌وه‌ بڵاوى بكه‌نه‌وه‌)، كه‌ روینه‌داوه‌. نایشارمه‌وه‌ له‌ مه‌جلیسێكى هاوڕێكانمدا نوكته‌یه‌كم له‌سه‌ر "راوێژكاره‌ چینییه‌كه‌ى رێكخه‌رى گشتى" وت‌و چه‌ند راگه‌یه‌ندكارێك له‌و مه‌جلیسه‌دا بوون، كه‌ زۆرجار نوكته‌‌و قسه‌ى خۆش له‌ مه‌جلیسه‌كانى رێكخه‌رى گشتییه‌وه‌ فێربوین.


وه‌ك له‌ رونكردنه‌وه‌ى پێشوودا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ڵێنم دا، له‌سه‌ر سێ خاڵى ناكۆكی نێوانمان درێژه‌‌و ورده‌كارى بڵاوبكه‌مه‌وه‌، لێره‌وه‌ به‌شى یه‌كه‌م ده‌ستپێده‌كات.

له‌جیاتى سه‌ره‌تا.. !


هه‌رسێ مامۆستا (جه‌لال‌و جه‌مال‌و سه‌ید عومه‌ر)، سێ ناوى دیارى ئه‌و مێژوه‌ن كه‌ من كارى سیاسیم تیایدا كردوه‌، (یه‌كه‌میان ساڵى 87‌و له‌ كوختێكى گوندى (بانیمۆرد)‌و له‌ مقه‌ڕى تیپى 51ى گه‌رمیان، دوه‌میان ساڵى 91‌و له‌ شه‌ڕه‌كانى به‌رگرى شاخى ئه‌زمه‌ڕ، سێهه‌میشیان له‌ 30/12/1991دا) بۆ یه‌كه‌مینجار بینیومن، ئه‌خیر كه‌سیان هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ دوو بوتڵ ویسكى به‌دیارى دامێ بۆ خۆم‌و هاوڕێكانم، تا سه‌رى ساڵى تازه‌ى پێ به‌ڕێ بكه‌ین، من به‌ ئه‌ركى وه‌رگرتنى موچه‌‌و نه‌سریه‌ى ده‌زگاى راگه‌یاندنى (ى ن ك) له‌ گه‌ڵاڵه‌ى حاجى ئۆمه‌رانه‌وه‌ هاتبوم بۆ ده‌زگاى دارایی له‌ قه‌لاچۆلان، كه‌ ئه‌و زاته‌ مه‌سئولى یه‌كه‌مى بو.


زیاتر له‌ 30 ساڵه‌‌و به‌ قه‌واڵه‌یه‌كى حیزبى، رێكخراوه‌یی، كۆمه‌ڵایه‌تى‌و ئه‌خلاقى به‌وانه‌وه‌ به‌ندم‌و ئه‌وانیش دور له‌ گشت به‌هایه‌ك، به‌بێ هیچ موبه‌ڕیڕێكى ده‌ستوری، عورفى سیاسى‌و ئیدارى، ته‌نانه‌ت مامۆستایه‌تیش، سه‌ریان نا به‌ سه‌رى یه‌كه‌وه‌‌و له‌ كاردانه‌وه‌ى ده‌مه‌قاڵێى ناو دوا كۆبونه‌وه‌ى جڤاتى نیشتمانیدا (پێشتریش له‌ چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ى تردا) زۆریان هێنا‌و تاكلایه‌نه‌ گشت قه‌واڵه‌كانیان به‌تاڵكرده‌وه‌، بێ ئاگاداركردنه‌وه‌، بێ گفتوگۆ‌و لێكۆڵینه‌وه‌، بێ مافى به‌رگری له‌خۆكردن. ده‌بێ هاوڕێكانى تریان، گۆڕانخوازان‌و خه‌ڵكى تر چ متمانه‌یه‌كیان به‌م سێكوچكه‌ى خڕه‌ (خانه‌ى راپه‌ڕاندن) بێت ؟ كه‌ گوایه‌ هى بزوتنه‌وه‌یه‌كه‌ به‌رگرى له‌ سه‌روه‌رى یاسا‌و مافى هاوڵاتیان ده‌كات.


ته‌نیا سوپاسم بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌، وایان كرد هه‌ندێ حه‌قیقه‌تى خۆیان‌و بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌و سنوره‌ ته‌سكه‌ى كۆبونه‌وه‌ى حیزبى بهێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ (كه‌ پێشتریش لێ بێده‌نگ نه‌بوم) بۆ رایگشتى‌و گۆڕانخوازان به‌یان بكه‌م، گه‌ر وانه‌بوایه‌، ده‌بوایه‌ هه‌ر له‌ ژورى كۆبونه‌وه‌كاندا بیڵێمه‌وه‌‌و وام دانابوو له‌ دوا ساڵه‌كانى ته‌مه‌ندا وه‌ك یاداشت بیانگێڕمه‌وه‌، ئه‌وسا هه‌رگیز گۆڕانخوازان‌و رایگشتى نه‌یاده‌بیست.

سێكوچكه‌ى خڕ‌و نه‌وشیروان مسته‌فا
هه‌وڵ‌و تێكۆشان‌و بیرى نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ كارى حیزبى، حوكمڕانى‌و ئاینده‌ى كورد دواى 15 ساڵ به‌رده‌وامى خه‌باتى شاخ‌و دواى راپه‌ڕین چڕو پڕتر بوه‌وه‌، مه‌سعود بارزانى سه‌رگه‌رمى ئاشتكردنه‌وه‌ى سه‌رۆك خێڵ‌و جێگیركردنى بنه‌ماڵه‌كه‌ی، مام جه‌لالیش ساڵانێك بو چالاكییه‌كانى خستبوه‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات‌و ته‌نانه‌ت فریاى ئاماده‌كارییه‌كانى راپه‌ڕین‌و به‌شداریكردنیشى نه‌كه‌وت. بۆیه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك كه‌سى یه‌كه‌م له‌ كایه‌ى سیاسى‌و حوكمڕانیدا ده‌ركه‌وت، له‌ (برایم خه‌لیل)ه‌وه‌ تا تخوبى (خانه‌قین) خۆى‌و هاوڕێكانى حوكمیان ده‌كرد.


خۆپاراستن، ئاشتى كۆمه‌ڵایه‌تى، ئیستیقرارى سیاسى‌و ئابورى‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى گونده‌كان، پرۆژه‌‌و به‌رنامه‌‌و گفتوگۆى كۆبونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌، رێكخستن، كه‌سایه‌تى‌و خه‌ڵك بو. هاوشانى ئه‌وه‌ كارى بۆ كۆنگره‌ى یه‌كه‌مى یه‌كێتى‌و ئاڵوگۆڕى سه‌ركردایه‌تى ده‌كرد، چونكه‌ پێ وابو به‌و سه‌ركردایه‌تییه‌، ئه‌و پرۆژه‌ گرنگانه‌ جێبه‌جێ ناكرێ.


بۆیه‌كه‌مجار ململانێ‌و كێشه‌ى ده‌سه‌ڵات‌و جیاوازییه‌كان له‌نێوان مام جه‌لال‌و نه‌وشیروان مسته‌فادا به‌ ئاشكرا ده‌ركه‌وت، هه‌وادارانى هه‌ردو جوامێر فه‌رز بون، سه‌ید عومه‌ر وه‌ك سه‌رۆكى كوتله‌ى سجن (فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر وازى هێنا بو، كارى بازرگانى ده‌كرد)، كه‌وته‌ ته‌ره‌فى مام جه‌لال‌و دواجار‌و پێش كۆنگره‌ش هه‌ردو مامۆستا (جه‌لال‌و جه‌مال) به‌هه‌مان شێوه‌، ئیتر له‌و ساڵه‌وه‌ هه‌تا دروستكردنى ره‌گ‌و كۆمپانیاى وشه‌، ئه‌وان فڕیان به‌سه‌ر پشتیوانیكردنى به‌رنامه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ نه‌بوه‌ (روداوه‌كانى ئه‌و ساڵانه‌ش چیرۆكێكى درێژه‌، ته‌مه‌ن ده‌رفه‌ت بدات بڵاوى ده‌كه‌مه‌وه‌).
دواى دروستبونى كۆمپانیاى وشه‌‌و له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتیدا، كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لى كه‌ سه‌رپه‌ره‌شتى كۆبونه‌وه‌كه‌ى ده‌كرد، پرۆژه‌یه‌كى بۆ چاكسازى پێشكه‌ش كرد (مه‌حزه‌ره‌كه‌ى ماوه‌، من له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بوم).


خاڵى یه‌كه‌م: نابێ هیچ مه‌سئولێك خزمى ده‌ره‌جه‌ یه‌كى بۆ هیچ پۆستێك كاندید بكا.
خاڵى دوه‌م: نابێ هیچ مه‌سئولێك خزمى ده‌ره‌جه‌ یه‌كى له‌ مقاولات‌و كۆمپانیا‌و ته‌نده‌ردا به‌شدار بێ.
خاڵى سێیه‌م: نابێ هیچ مه‌سئولێك به‌سه‌ر كادرو پێشمه‌رگه‌دا پاره‌ ببه‌خشێته‌وه‌.
خاڵى چواره‌م: ....
سه‌ید عومه‌ر هه‌ڵیدایه‌‌و وتى:
"راوه‌سته‌ كاكه‌.. راوه‌سته‌، ئه‌مانه‌ى تۆ ئه‌یڵێى كێ كردویه‌تى ؟! خۆت نه‌تكردوه‌ ؟! خۆت به‌ گونیه‌ پاره‌ له‌ مام جه‌لال وه‌رناگریت‌و ئه‌یبه‌خشیته‌وه‌ ؟!".
له‌وه‌ڵامدا كاك كۆسره‌ت وتى:
"ئیحترامه‌ن بۆ خۆت‌و كۆبونه‌وه‌كه‌ وه‌ڵامت ناده‌مه‌وه‌".
ئه‌رسه‌لان بایز كه‌ له‌ شانى راستى كاك كۆسره‌ت دانیشتبو، لاى سه‌ید عومه‌ریش به‌ "ئه‌رسۆ" بانگ ده‌كرا، وتى:
"جه‌نابى كاك كۆسره‌ت روخسه‌ت بده‌ من وه‌ڵامى بده‌مه‌وه‌".
- كاك عومه‌ر، ئه‌و پاره‌یه‌ هه‌مان ئه‌و پاره‌یه‌یه‌ كه‌ پێشتر مام جه‌لال بۆ دژایه‌تیكردنى كاك نه‌وشیروان ئه‌یدا به‌ تۆ ! ئێستا گۆڕیویه‌تى‌و ئه‌یدا به‌ كاك كۆسره‌ت ! جیاوازیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ گونیه‌كانى تۆ دۆلار بون، ئه‌وه‌ى كاك كۆسره‌ت دیناره‌ !
به‌ پرته‌‌و بۆڵه‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵگیرا‌و خاڵى چواره‌مى پرۆژه‌كه‌مان گوێ لێ نه‌بو.

له‌ چاوه‌ڕوانى دیداره‌كه‌ى مامدا !


شوباتى 2009 پێنج كه‌س (كۆسره‌ت ره‌سوڵ، عوسمان حاجى مه‌حمود، مسته‌فا سه‌ید قادر، سه‌ید عومه‌ر، جه‌لال جه‌وهه‌ر)بۆ فشاركردن له‌سه‌ر مام جه‌لال‌و بۆ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌یه‌كى چاكسازى‌و ئاشتبونه‌وه‌ى گشتى‌و گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌وشیروان مسته‌فا، گه‌یشتنه‌ بنه‌ست‌و ئیستیقاله‌یان دا، مام جه‌لال كه‌ پێى وابو، كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌ركردایه‌تیان ئه‌كا، په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامى پێوه‌ ده‌كرد، بانگى كرد بۆ به‌غدا‌و به‌دوایدا عوسمان‌و مسته‌فاشى بانگ كرد، چه‌ند رۆژێك له‌وێ مانه‌وه‌، هه‌ردو مامۆستا (جه‌لال‌و سه‌ید عومه‌ر)، نه‌ بانگكران‌و نه‌ په‌یوه‌ندیان پێوه‌كرا، سه‌ید عومه‌ر ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌مى سه‌ردان‌و په‌یوه‌ندییه‌كانى مام جه‌لالدا بو، ئه‌وه‌نده‌ ئاگاى له‌ ئیستیقاله‌‌و پرۆژه‌كه‌ نه‌مابو، بیستبوى كه‌ مام جه‌لال وتویه‌تى" ئه‌و دوانه‌ با بڕۆن‌و مسته‌فا‌و عوسمان چیان ده‌وێ بۆیان ده‌كه‌م". كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێنشیازى بۆ كردن كه‌ به‌و سازشه‌ى مام جه‌لال رازى بن‌و وه‌عدى جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه‌شى لێ وه‌رده‌گرین، به‌ڵام پێشتر هه‌ر پێنجیان رێككه‌وتنێكى ئه‌خلاقى‌و مه‌بده‌ئییان هه‌بو كه‌ پێكه‌وه‌ بڕیار وه‌ربگرن، سه‌ید عومه‌ریش ئیهمالكردنه‌كه‌ى مام جه‌لالى بینیبو، پێداگرى له‌سه‌ر رێكنه‌كه‌وتن ئه‌كرد. مام جه‌لال ته‌رحى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى له‌ جێگه‌ى عیماد ئه‌حمه‌د‌و دواتریش سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌ت له‌ جێگه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ عوسمان كردبو، ته‌رحێكى هاوشێوه‌ى ئه‌وه‌ش بۆ مسته‌فا، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌ردو مامۆستاكه‌ى نه‌خوێندبوه‌وه‌، ده‌مانبیست مام جه‌لال وتویه‌تى" ئه‌و دوانه‌ با بڕۆن لاى كاكه‌ نه‌وه‌ش تێكبده‌ن".


دواى نیوه‌ڕۆیه‌ك له‌ ژوره‌كه‌ى خۆم‌و له‌ مه‌كته‌بى سیاسى دانیشتبوم، زه‌نگى ته‌له‌فۆنه‌كه‌م لێى دا.
- كاك عومه‌ر ئه‌ڵێ هه‌ر ئێستا وه‌ره‌ بۆ ماڵه‌وه‌
ئه‌وه‌نده‌ى مه‌سافه‌ى رێگاكه‌‌و له‌ هۆڵى دانیشتنه‌كه‌ى سه‌ید عومه‌ر‌و به‌رامبه‌ر یه‌كترى خۆم بینیه‌وه‌:
- ره‌زاق مام جه‌لال داوایكردوه‌ بیبینم، ئه‌چم، به‌ڕاى تۆ چى پێ بڵێم ؟
- پێداگرى له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌تان بكه‌ن، چه‌ند خاڵێكى به‌په‌له‌ى پێ جێ به‌جێ بكه‌ن، زۆر گرنگه‌ هه‌ست نه‌كا تۆ تامه‌زۆرى دیدارى ئه‌وی.
ئه‌مه‌ى دوایم بۆیه‌ وت، چونكه‌ شاگه‌شكه‌ییه‌كى سه‌یر به‌ ده‌موچاوى سه‌ید عومه‌ره‌وه‌ دیار بو.
سه‌عات كه‌وته‌ دواى سێى نیوه‌ڕۆ و مه‌وعیدى دیدار سه‌عات چوار بو، هه‌تا چاره‌ك پێش چوار، چوارجار رێبوارى سكرتێرى بانگ كرد‌و ئه‌یوت "ته‌له‌فۆنیان نه‌كرد ؟!"، ئه‌ویش به‌ "نه‌خێر" وه‌ڵامى ئه‌دایه‌وه‌. چه‌ند ده‌یقه‌یه‌كى مابو بۆ چوار‌و رێبوارى بانگ كرده‌وه‌:
- كوڕم تۆ ته‌له‌فۆن بكه‌، بزانه‌ چى رویداوه‌، ئه‌وه‌ مام جه‌لال نیه‌ له‌ مه‌وعیده‌كانى دوابكه‌وێت.
ته‌له‌فۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ى هۆڵه‌كه‌ ئه‌نجام ئه‌درا، بۆیه‌ دواى چه‌ند ده‌قه‌یه‌كى تر‌و رێبوار به‌ ده‌موچاوێكى شێواوه‌وه‌ هاته‌ژوره‌وه‌:
- كاكه‌، وه‌ڵامیان دایه‌وه‌، ئه‌ڵێن مام جه‌لال له‌ناو ته‌یاره‌دایه‌‌و به‌ره‌و به‌غدا ئه‌فڕێ.
چه‌ند چركه‌یه‌ك‌و هه‌مو ئه‌و شادمانیه‌ى سه‌ر رووى سه‌ید عومه‌ر بو به‌ تاس‌و بێده‌نگى، كپبونى من‌و راوه‌ستانى به‌پێوه‌ى رێبوار، وایكردبو بیم‌و شۆكت به‌ روخسارى دیوار‌و قه‌نه‌فه‌كانیشه‌وه‌ هه‌ست پێئه‌كرد.


- ره‌زاق ئه‌گه‌ر بچینه‌ لاى گۆڕان‌و كاك نه‌وشیروان، تۆ‌و هاوڕێكانت چه‌ند كه‌س ئه‌بن ؟!


به‌م قسه‌یه‌، بێده‌نگى ژوره‌كه‌ى شكاند، رێبواریش چوه‌ ده‌ره‌وه‌‌و ده‌رگاكه‌ى لێ داخسین، هه‌ستم ئه‌كرد گشت شۆك‌و بیم‌و بێده‌نگى ژوره‌كه‌ هاتوه‌ته‌ ناخى منه‌وه‌، وتم:
- كاك عومه‌ر، من‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كین، ره‌نگه‌ په‌له‌نه‌كه‌ین، ببین به‌ 10 كادرو ئه‌ندام مه‌كته‌ب.


- قسه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌‌و خۆتان حازر بكه‌ن.


زیاتر له‌ ئه‌مرى فه‌رمانده‌یه‌كى سه‌ربازى ئه‌چو بۆ سه‌ربازه‌كانى، بۆیه‌ لاى منه‌وه‌ بێ وه‌ڵام تێپه‌ڕى. دواى چه‌ند چركه‌یه‌ك بێده‌نگى، روخسه‌تى پرسیارێكم لێ خواست‌و وتم:" دواى ئه‌م وه‌ڵامه‌ راى خۆم ئه‌ڵێم":


- تۆ مام جه‌لالت پێ باشه‌ یان كاك نه‌وشیروان ؟


هه‌رزو په‌شمان بومه‌وه‌ له‌وه‌ى پرسیارێكى ساده‌‌و مناڵانه‌م كردبێ، به‌ڵام بێ سێ‌و دو، وه‌ڵامى دایه‌وه‌:
- كاكه‌ مام جه‌لال به‌س نیه‌ گوێت لێ ئه‌گرێ، خۆ ئه‌وه‌ هه‌ر گوێشت لێ ناگرێ
له‌گه‌ڵ وه‌ڵامه‌كه‌یدا، قسه‌یه‌كى تریم بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ پێش چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك‌و له‌ژوره‌كه‌ى خۆى پێى وتبوم " مام جه‌لال له‌ قوڕ كادر دروستئه‌كا، ئه‌م نه‌وشیروانه‌ش ئاڵتونى بده‌رێ ئه‌یكا به‌ قوڕ"، وتیشى به‌رزانى ئه‌حمه‌د كورده‌ نمونه‌ى ئه‌وه‌ى مام جه‌لاله‌‌و نمونه‌كه‌ى كاك نه‌وشیروانیشى له‌ژێر لێوه‌وه‌ وت‌و لێى تێنه‌گه‌یشتم.


له‌وكاته‌دا نازانم‌و چۆن‌و چه‌ندین قسه‌ى ترى سه‌یدم له‌ گاڵته‌كردن به‌ كۆمپانیاى وشه‌‌و رۆژنامه‌ى رۆژنامه‌‌و ئۆپۆزسیۆنبون‌و.. هتد به‌خێرایی به‌بیردا هات‌و وتم:
- ئینجا كه‌وایه‌ كاك عومه‌ر ئێمه‌ بۆ ئه‌به‌یت، ئه‌وه‌ بڕیارمدا من نه‌یه‌م.


رۆژى دوایی‌و هه‌واڵى په‌یوه‌ندیكردنى چوار مه‌كته‌بى سیاسى له‌ میدیاكاندا، بڵاوكرایه‌وه‌.
ماویه‌تى ...

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure