مه‌ريوان وريا قانع28/4/2019 167 جار بینراوە

خێڵ یاخود پرۆسەی بەخێڵکردنەوە؟

سەرنجێکی خێرا لەسەر ڤێستیڤاڵی ئێلی جاف
یەکێک لە خورافەتە ھەرە گەورەکانی فیکری ئینشایی باڵادەست لەناو ڕۆشنبیریی ئێمەدا، فیکرێک کە نووقمە لەناو سەدبارەکردنەوەی پێشداوەرییە ھەڵەکانی فیکری"خۆرھەڵاتناسیی" کۆن و ھاوچەرخدا، وێناکردنی کۆمەڵگای ئێمەیە وەک کۆمەڵگایەکی خێڵەکیی و بینینی خێڵیشە وەک یەکەی سۆسیۆلۆژیی سەرەکیی و نەگۆڕ و بنەڕەتیی ناو پێکھاتەی ئەو کۆمەڵگایە. یەکەیەک کە گوایە سەدەھا ساڵە بەبێ ھیچ گۆڕانکارییەک ئامادەیە و لەناوەوە مێژووی ئێمە بە خۆدوبارەکردنەوەیەکی ئەبەدیی ھەمەلایەن مەحکوم دەکات. ئەم فۆرمە لە بیرکردنەوە ھەرچییەکی تێدابێت شتێکی بەناوی بیرکردنەوەوە تێدا نییە، بیرکردنەوەیەک کە لانی ھەرە ھەرەکەمی میتۆدییبوون و زانستیبوونی لەخۆیدا کۆکردبێتەوە.


بەشی ھەرەزۆری ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر "ڤێستیڤاڵی ئێلی جاف" گوترا، نموونەی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەیە، کە لەڕاستیدا جگە لە ئینشانووسی شتێکی تری نییە لەسەر دیاردە تازەکانی ناو دونیای ئێمە، بیانڵێت. خوێندنەوە و نیشاندانی دیاردەی وەک ئەم ڤێستیڤاڵە وەک دەرکەوتێکی سروشتیی لە دەرکەوتەکانی خێڵگەرایی خۆرھەڵاتیی لە دونیای ئێمەدا، ئەوەی بە ئینگلزیی پێیدەگترێت Tribalism، یان وەک نمایشێک لە نمایشەکانی ھێزی بانمێژوویی خێڵ وەک یەکەیەکی سۆسیۆلۆژیی نەگۆڕ، نموونەی ئەو جۆرە فیکرەیە کە توانای خوێندنەوەی سادەترین دەرکەوتە کۆمەڵایەتییەکانی دونیای ئێمەی نیە. ئەوەی لەو ڤێستیڤاڵەدا بینیمان نە درێژەدانە بە "عەقڵیەت"ێکی خۆرھەڵاتی گریمانکراو، نە بەرھەمھێنانەوەی کۆمەڵگایەکە بۆ خۆی لە ڕێگای ھێزی خێڵەوە، نە قەدەرێکی کۆمەڵایەتیی خۆرھەڵاتیشە کە دەرچوون لێی مەحاڵە. نە ڕووداوێکی سروشتیی ناو خەیاڵ و عەقڵیەتی خێڵ خۆشیەتی.


ئەوەی بینیمان بەشێکە لەو "ھەندەسە کۆمەڵایەتییە" تازەیەی کە ھێزە سیاسییە سوڵتانییە حوکمڕانەکانی دوای ڕاپەڕین، بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خێزانە سیاسییەکانیان، لە ساڵانی ڕابردوودا دروستیانکردوە و گەشەیان پێداوە. "ھەندەسەیەکی کۆمەڵایەتیی" کە کاری سەرەکیی بریتییە لە "پرۆسەی بەخێڵکردنەوە"ی پێکھاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازییەکانی ناو کۆمەڵگای ئێمە. پرۆسەیەک بە ئینگلزیی پێیدەگوترێت retribalisation. ئەوەی لەپاڵ ئەم پرۆسەیەدا ڕوودەدات بەھیچ جۆرێک تەعبیر نییە لە ھێزی گریمانکراوی خێڵ وەک یەکەیەکی سۆسیۆلۆژیی، بەڵکو ھەوڵدانێکی پلانبۆدانراو و بیرلێکراوەی حوکمڕانانی کوردستانە بۆ وێرانکردنی تەواوی ئەو "چینی ناوەڕاست"ەی لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا دروستدەبێت. ئەم حوکمڕانانە لەڕێگای ئەم پرۆسە تازەیەی "بەخێڵکردنەوە"وە، retribalisation، کە ھەموو توانا ئابوریی و سەربازیی و بیرۆکراسیی و ئەمنییەکانی خۆیانیان بۆ تەرخانکردوە، بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەو چینە ناوەڕاستە ناچار بە گەڕانەوە بۆ باوەشی خێڵ و ناچار بە بوونەوە بە بەشێک لەشی خێڵ، دەکەنەوە. میکانیزمەکانی ئەم گەڕانەوەیەش ئاڵۆزە و لێرەدا مەودای باسکردنیانم نییە. بەڵام ناچارکردنی چینی ناوەڕاست بۆ گەڕاندنەوە بۆ باوەشی خێڵ، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئەندامانی ئەم چینە ھەم ئاسانتر دەکات و ھەم ڕێ لەوە دەگرێت ئەم چینە گەشەیەکی سەربەخۆ بکات و ببێتە ھێزێی کۆمەڵایەتیی سەربەخۆ. بەر لە حوکمڕانانی ھەرێم، لە ساڵانی نەوەد دا، ڕژێمەکەی سەدام حوسەین ھەمان پرۆسەی لە عێراقدا ئەنجامدا.


بە کورتییەکەی ئەوەی دەیبینین ھەم زنیدووکردنەوەیەکی بەمەبەستی خێڵە وەک ئۆرگانێکی کۆمەڵایەتیی، ھەم بەھێزکردنێکی ھۆشیارانەی سەرۆکەکانیانە، ھەم بەھێزکردنی پایەکانی فۆرمە خێزانییەکانی دەسەڵاتە، ھەم بەخشینی کۆمەڵێک وەزیفەی تازەیە بە خێڵ، لەناو ئەو "ھەندەسە کۆمەڵایەتییە" تازەدا کە سوڵتانیزمی سیاسیی لە ھەرێمدا پێویستیی پێیەتی.


نەبینینی ئەم پێدراوە سادانە نەک تەنھا سەتحیبوونی ئەو ھۆشیاریەمان نیشانئەدات کە بە ئارەزووی خۆی و بێ ھیچ دوودڵیەکی میتۆدیی لەسەر ھەموو دونیا قسەدەکات، بەڵکو نەزۆکی فیکرێکی ئینشانووسیشمان نیشانئەدات، کە وەک "ڕێگرێکی ئەبستمۆلۆژیی" گەورە لە دونیای ئێمەدا کاردەکات و تێپەڕاندنی یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی بیرکردنەو ە لەو دونیایەدا.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure