ئەحمەد میرە18/4/2019 284 جار بینراوە

عەلی باپیر لە سەلاموعەلەیکەوە بۆ فاتیحە!

حیزبی کوردیی هەموو بنەما و ڕەهەندەکانی ژیانی حیزبایەتیی و حوکمڕانیی و سیاسەتکردنیان لە هەرێمی کوردستاندا شێواندووە. بە هیچ جۆرێک بەرنامەی حیزبەکان و چۆنێتیی بەشداریکردنیان لە ناو سیستەمی حومکڕانییدا لەگەڵ سەرەتاییترین بنەماکانی کارکردنی ژیانی حیزبایەتییدا لە دنیای دیموکراسییتدا یەکناگرێتەوە. تەنانەت ئەم مۆدێلە لە حیزبایەتیی و حوکمڕانیی لەگەڵ مۆدێلی حیزبە تاکڕەوو دیکتاتۆرەکانی دنیایشدا تەبا نیە و لە چەندین ڕووەوە جیاوازیی قووڵی تێدا بەدیدەکرێت، بۆ نمونە لە سایەی حوکمڕانیی دیکتاتۆرییدا هێزەکانی ناوخۆو سەربازیی و هەواڵگریی و ئاسایش لە ژێر یەک چەتری حیزبییدان و ئاراستەدەکرێن. بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم دەستگایانە دابەشبوون بەسەر دوو حیزبدا و لە بنەڕەتیشدا مومارەسەیەکی نادیموکراسییانە لەگەڵ کۆی سیستەمە سیاسییەکەدا دەکەن. بۆ شەرعیەتدان بەو بارودۆخەیش حیزبە حوکمڕانەکان واقیعی دابەشبوونی سەربازیی و ئاسایش لە هەرێمدا وەک دەستکەوت سەیردەکەن.

 


نەک تەنها ئەم بوارە، بەڵکو تەواوی جومگەکانی پەیوەست بە حوکمڕانییەوە لە ژێر تایتڵی حیزبی خۆسەپێندا بەڕێوەدەچن و دواجاریش ئەم جۆرە گەمە ناشیرینە وەک بەشێک لە بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانیی کوردیی لەقەڵەمدەدەن.

 


ناکۆکیی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستاندا لە پێکهێنانی کابینەی نۆهەمی حکومەتدا بە هیچ جۆرێک لەسەر بەرنامەی حوکمڕانیی نییە، بەڵکو ڕەهەندی بەرنامەی حوکمڕانیی لە هەرێمدا هەرگیز نەبووەتە بەشێک لە بەرنامەی کاری دانوستاندنی نێوان هێزە سیاسییەکان. بۆ نموونە لە وڵاتێکی وەک سویددا کاتێک پێکهێنانی حکومەت دوادەکەوێت، کێشە سەرەکییەکە لە نێوان حیزبەکاندا لەسەر پۆستە وەزارییەکان نیە، بەڵکو پەیوەستە بە فەلسەفەی حوکمڕانییەوە، بەڵام لە کوردستاندا هیچ جۆرە فەلسەفەیەکی جیاواز لە گوتار و کرداردا بۆ حوکمڕانیی لە هەرێمدا نەماوە، چونکە دوای کاڵبوونەوەی گوتاری ئۆپۆزیسیۆن_بوونی بزوتنەوەی گۆڕان، چشتێک نەماوە لەم هەرێمەدا وەک ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی کاریگەر لێیبڕوانین. کارەساتێکی گەورەی سیاسیی و هزریی و بگرە مۆراڵییشە، کە سەرکردەی پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن تامەزرۆی سەلاموعەلەیکێکی حیزبێکی حوکمڕان بێت، کە بە درێژایی ئۆپۆزیسیۆن_بوونی دژی ئەدەبیات و فەلسەفەی حوکمڕانیی پارتیی بووبێت. بەڕاستیی مرۆڤ توشی شۆک دەبێت، کاتێک کارەکتەرێکی سیاسیی وەک (عەلی باپیر)، کە بە بۆچوونی ئێمە پیاوێکی تێکۆشەر و سەرڕاستی ناو خەباتی مەدەنیی و چەکداریی کوردستان بێت، چاوەڕێی سەلاموعەلەیکێک بێت، بۆ ئەوەی پارتیی فەرمووی ناو حکومەتی لێبکات. هەر بۆیە دەکرێت بڵێین سەلاموعەلەیکەکەی عەلی باپیر فاتیحایە بۆ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان.

 


ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە خاوەنی گوتاری خۆیەتی و بەرنامە و ئەجێندایەکی دیاریکراوی هەیە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا دەنگی پێ کۆدەکاتەوە و لە کاتی بردنەوەی هەڵبژاردنیشدا ئەو ئەجێندا سیاسییە وەک خۆی جێبەجێدەکات، بەڵام لە کوردستاندا حیزبەکان بە گوتاری ئۆپۆزیسیۆنەوە شەڕی هەڵبژاردن دەکەن و دوای ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش بە کزەڵۆکیی دەیانەوێت ببنە بەشێک لە ئەجێندای سیاسیی پارتە نەیارەکانی، دەنا هەموومان دەزانین، کە حیزبی کوردیی لە حوکمڕانییدا بە هیچ جۆرێک خۆی لە قەرەی بەرنامەی چاکسازیی حیزبێکی تر نادات، بە تایبەت (پارتیی)، کە خاوەنی نفوزێکی سیاسیی و جەماوەریی گەورەیەو لەسەر بنەمای کلتوری براگەورەیی، هەم بۆ پرۆسەی سیاسیی و هەم بۆ حیزبەکانی تر دەڕوانێت.

 


دەتوانین ئەوە بڵێین، کە چۆن حیزبی کوردیی بە ئەزمونە خرابەکەیەوە ئابڕووی حوکمڕانیی و سیستەمی سیاسییان بردووە، بە هەمان شێوەیش ئەو حیزبانەی، کە بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن_بوون دەکەن، بوونەتە بەشێک لەو ئابڕووچوونە سیاسییەی، کە کۆی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمدا گرتووەتەوە.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure