كه‌مال ره‌ئوف15/4/2019 275 جار بینراوە

خیانەت لەنێوان سەردەشت و سۆران و هێڤیداردا

 

"راستە بە كاندیدكردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتنەكەی 200%، بەڵام ئەوە قەت راست نییە كە دەڵێن پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە پارتی دەیەوێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، نەخێر راست نییە، بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە كە خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ كراوە، لە ماددەی چوارەم بڕگەی دووەم دەڵێت: "هەركەسێ خیانەتی نەكردبێ و ... مەرجی دیكەش هەیە، دەتوانێ خۆی كاندید بكات" ئینجا هەر كەسێ جورئەتی هەیە بەرامبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات دەرگا واڵایە. بەڵام كێشەكە ئەوە نییە كێی دیكە خۆی كاندید دەكات بۆ ئەو پۆستە، بەڵكو كێشەكە جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانە!"


ئەوەی سەرەوە پەرەگرافێك لەنوسینێكی پەرلەمانتار هێڤیدار ئەحمەدە، كە پێشتر ئەستێرە و رۆژنامەنووسی ناو كەناڵی رووداوە بووە.


ئەگەر تەنها لەم پەرەگرافە وردبینەوە، ئەوە زادەی ئەو بیركردنەوەیە زەقتر دەبینینەوە كە بریارە حكومەت و كابینەو ئیدارەی ئەم هەرێمەی لەسەر بینابكرێت. لەم پەرەگرافە كورتە دوو خاڵی هەیە كەرەنگە پێویستی بەدیقەتی زیاتر هەبێت.


یەكەم كاك هێڤیدار دەڵێت"راستە بە كاندیدكردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەركەوتنەكەی 200%، بەڵام ئەوە قەت راست نییە كە دەڵێن پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەیە پارتی دەیەوێ ئەو پۆستە وەربگرێتەوە، نەخێر راست نییە". نازانم بەو رەهایەتیە دەربرین، تاچاندە دەچێتە خانەی بیركردنەوەیەكی سەلیمەوە، بەڵام ئەوە دەزانم، كە لەكابینەی پێشوو پارتی لەسەر ئەو پۆستە لەگەرمەی شەری داعش، دەرگای پەرلەمانی وەك دیوەخان داخست و كۆمەڵێك وەزیری گۆرانیشی ناردەوە ماڵەوە و ئامادەش بوو ئاگری شەرێكی خۆ بەخۆ لەسەر ئەو پۆستە خۆش بكات، خۆ گەر جاران بون و نەبوونی پۆستەكەش بلانسی ناو بنەماڵەو پارتی تێكنەدایە، ئێستا ئەوەشی بۆ زیاد بووە كە گەر ئەو پۆستە بۆ پارتی و لەناو پارتیش بۆ نێچیرڤان بارزانی نەبێت، ئەگەری هەیە لەناو پارتی دۆو دۆشاو تێكەڵ ئەبێت، ئیتر سەیرە هێڤیداری كۆنە رۆژنامەنووس و تازە پەرلەمانتار ئەو راستیە نەزانێت، یان بیەوێت راستیەكە لەخەڵك بشارێتەوە.


دووەم باس لە پڕۆژە یاساكە دەكات، كە دەڵێت: "هەركەسێ خیانەتی نەكردبێ و ... مەرجی دیكەش هەیە، دەتوانێ خۆی كاندید بكات" ئینجا هەر كەسێ جورئەتی هەیە بەرامبەر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات دەرگا واڵایە".


سەیربكەن بزانن هێڤیدار چۆن بەزمانی تەحەداو بەزمانی قۆڵبادان باس لە بەرزترین پۆستی ئەم وڵاتە ئەكات، سەیربكەن چۆن ئەو پۆستە هێنراوە ئاستێكی نزم و وەك پرسێكی شەخشسی حیزبی لێكراوە، ئاخر هێڤیدار زمانی تەحەداكەی ئەوەندەی بۆ ناو پارتییە ئەوەندە بۆ دەرەوەی پارتی نییە، چونكە لە هیچ گفتوگۆیەك باس لەوە نەكراوە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ لایەنێكی تر بێت، لە حاڵەتی نەگەیشتنە رێككەوتنیش لەگەڵ یەكێتی بونی كاندید ئەوەندەی بۆ رەتكردنەوەی دەنگدانە بەكاندیدەكەی پارتی ئەوەندە بۆ وەرگرتنی پۆستەكە نییە، خۆ گەر هەر ببێتە سەر تەحەداش، هێڤیدار هەقە بزانێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك لە 25/7/2009 دكتۆر كەمال میراودەلی بەتەنیا تەحەدای كاك مەسعود بارزانیشی كرد، سەرباری گزی و فزی و ئەوەی یەكێتیش پشتیوانی بارزانی و پارتی بوو زیاتر لە 450 هەزار دەنگی بەدەستهێنا كە ئەوەندەی جیاواز نەبوو لەگەڵا مەسعود بارزانی.


سەبارەت بە پرۆژە یاساكەش كە دەڵێت هەركەس خیانەتی نەكردبێت،.رەنگە مەسەلەی خیانەت ئەو هەویرە بێت ئاو زۆر بكێشێت، چونكە بەداخەوە لەدنیای سیاسەت و حزبایەتی كوردی تا ئێستا پێناسەیەكی ورد نەكراوە بۆ مانای خیانەت، هەرچەندە وەك مەرجی سەرەكی لەبەدەستهێنانی باڵاترین پۆستی هەرێم باس دەكرێت، بەڵام تائێستا لەناوی كایەی سیاسی ئێمە كۆدەنگی لەسەر مانای خیانەت (ناپاكی) نییە و هەر كەس و لایەنە لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری دەهێنێت و پێناسەی دەكات، هەر بۆیە تا ئێستا ئەو خیانەتەی كراوەتە مەرج شمولی ئەوانە ناكات كە پێشتر پەیوەندیان بە رژێمی سەددامەوە هەبووە و هاوكاریان كردوەو هاوكاریان لێوەرگرتوە، دیارە ئەوانەش ناگرێتەوە كە هۆكاری شەری ناوخۆ بون و بۆ یەكلاكردنەوەی شەر پێش سوپای داگیركەر كەوتون، هەر بۆیە بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و پەلكێش كردنی لەشكری بێگانەو برسی كردنی خەڵك و دزیكردن و گەندەڵی و داگیركاری ژێرخان و سەرخانی ئابوریش ناگرێتەوە، رەنگە ناپاكی لەم دەڤەرە هەقیشی بەسەر رادەستكردنی خاك و ژن و منداڵی ئیزیدیەكان بەداعش و ناوچە جێناكۆكەكان بەحەشدی شەعبی نەبێت، هەر بۆیە پێدەچێت خائین و ناپاكەكان ئەوانە بن، كە رەخنەیان هەیە لەو دیاردانە، بۆیە دەبێت وەك سەردەشت و سۆرانەكان پەلاماربدرێن و بكوژرێن.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure