كه‌مال چۆمانى29/3/2019 136 جار بینراوە

سێ سەرنجی کورت

 

- حیزبێک قبوڵی بێت حوکمڕان بێت بەڵام قبوڵی نەبێت ئۆپۆزسیۆن بێت، مانای وایە ئەو حیزبە هێشتا لە ئەلف و بێی دیموکراسیی تێنەگەیشتوە. یەکێتیی حیزبێکە لە ١٩٩٢ کاک نەوشیروان داوایدەکرد ببێتە ئۆپۆزسیۆن، کەچی لە ٢٠١٩ "رۆشنگەر"ترینەکەی ناو حیزبەکە پێیوایە کورسییەک و ١٠٠ کورسیی بۆ یەکێتیی وەک یەکن. یەکێتیی بەعەمەلیی ئەوە دەسەلمێنێت کە کورسییەک و ١٠٠ کورسیی بۆ ئەوان وەک یەکن چونکە خاوەنی میلیشیان. ئەمە بۆ پارتیی، هەر زۆر راستترە. تەنانەت مەسعود بارزانی سەرۆک پارلەمانیشی دەرکرد تەنها لەبەرئەوەی ویستی بە رێکاری مەدەنیی و دیموکراسییانە حوکمی قانون بچەسپێنێت.


- یەکێتیی و پارتیی رێکدەکەون چونکە جیاوازییەکانی ئەو دو حیزبە لەسەر مەسەلەی پۆڵسیی/پڕۆژە/سیاسەتی گشتیی/بەرنامەی حکومەت/کارنامەی حکومەت/دونیابینیی حوکمڕانیی/ڤیژن بۆ داهاتوی کوردستان/پرسی دیموکراسیی و حوکمی قانون نییە. جیاوازیی و ململانێیەکانیان لەسەر مەسەلەی دەستەڵاتدارێتیی و سەرچاوەکانە. بۆ ئەمەش، خۆیان لە هەمو کەس باشتر یەکتر دەناسن. لەدوای شکستی شۆڕشی ئەیلولەوە یەکتر دەکوژن و خوێن دەڕێژن، هێند خوێنیان لەسەر جیاوازییەکانیان رشت تا هیچ جیاوازییەکیان نەما.


- گۆڕان چیتر حیزبێکی ئۆپۆزسیۆن و ئالتەرناتیڤ نییە، حیزبی ئیستابلیشمێنتە/دامەزراوە/بەشێکە لە سیستەم. بۆیە، ئەو حیزبە دەکرێت زۆر خراپتریش دژی دونیابینییەکانی رابردویی هەنگاو بنێت. گۆڕان هەر ئەو چەند مانگە لەسەر کارە ناتەندروستەکانی بەرگریی دەکات، دواتر وەک یەکێتیی و پارتیی چییان بوێت دەکەن و هەر بە لاشیانەوە گرنگ نییە خەڵک چی دەڵێت. دەنگ و رەنگ و هاواری خەڵک بۆ هەڵبژاردن گرنگە نەک بۆ پرسی حوکمڕانیی. ئەوە پرسێکی قوڵە و دونیا بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure