د.محه‌مه‌د عه‌لی28/3/2019 198 جار بینراوە

دوانزە لە سەیر و سەمەرەکانی ساڵی ٢٠١٩


‏‎یەکەم: "بارەگای بارزانی" وەڵامی عەبادی دەداتەوە؟! زیادکردنی ئەم دامەزراوەیە لە ھەرێمدا، دەبێتە داھێنانێکی تری پارتی بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە سەدەی بیست و یەکدا!


‏‎ دوەم: لە ساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجە، ئەردۆغان لەتویتەر دەنوسێت: "کارەساتی هەڵەبجە پەڵەیەکی رەش بوو لەمێژووی مرۆڤایەتیدا". دەسەڵاتەکەی خۆی بەشدارە لە زیندانیکردن و کوشتنی سەدان کورد لە تورکیا و سوریا و ڕوخاندن و وێرانکردنی چەندان گەڕەک و شار و شارۆچکەدا، بەڵام ناڕەحەتە بە کوژرانی دانیشتوانی ھەڵەبجە؟


‏‎سێیەم : بەرپرسی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی لە گەڵ میشێڵ ڤیڤۆرکا نەخشە ڕێگای پاریس و کوردستان دادەڕێژنەوە! دوفاقی یەکێتی لەوەدایە: لەیەککاتدا سپۆنسەری (پرۆژەی ڕۆشنگەری و دابڕان) و بزوتنەوە سەلەفیەکان دەکات. ژمارەیەک نوسەریش خۆیان لەو ڕاستییە گێلدەکەن کە حیزبی کوردی شەڕی نفوز و ھەیمەنە دەکات، نەک پرۆژە و کارنامەی جدی!


‏‎چوارەم: سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە ٢١٧/١١/٢١، نوسی: ماڵئاوا ئێن ئارتی! ئێن ئاڕتیم فرۆشتوە بە کۆمپانیایەکی بیانی و پەیوەندی بە منەوە نەماوە. بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستەش ئەم کەناڵە نەک نەفرۆشراوەو ھی نەوەی نوێیە، بەڵکو خەریکی بە پاڵەوان و فریادڕەسکردنی خاوەنەکەیەتی، کە کەسی یەکەمی نەوەی نوێیە. ئەبێت ئەم برادەرە چ میسداقیەتێکیھەبێت و چ متمانەیەکی پێ بکرێت؟
‏‎پێنجەم : ھادی علی دەڵێت: "قورسایی یەکگرتو بەقورسایی کورسیەکانی پەرلەمان ئەژمار ناکرێت". ئەمە ھەمان لۆجیکی پارتی و یەکێتیە. جا ئەگەر وایە ئیتر ھەڵبژاردن بۆ ئەنجامبدرێت؟ ئەی زەحمەت نەبێت جگە لە دەرکەوتنی کۆمەڵێک سیاسی بازرگان و دەوڵەمەند، داھێنانە گەورەکەی حیزبی کوردی چیە، تاکو بەبێ کورسیەکانی پەرلەمان قورساییەکەی بێپێوین؟


‏‎شەشەم: جارێکیان سکرتێری پێشوی یەکێتی وتی: "بە ھاوسەرەکەمم وتوە ئەوەندە ھەژارین، ئەگەر بمرین مەگەر شارەوانی بماننێژێت؟!" بەڵام پاش مردنی، ٧٥ ملیۆن دۆلار لە مەزارەکەیدا خەرجدەکرێت! ئایا سلێمانی و حیزبەکەی سکرتێری گشتی، دژ بە بنەماڵە و تەقدیسکردن نەبون؟ ئەی ئێستا چی دەگوزەرێت و چی ڕووئەدات؟ خەڵکینە سلێمانی پێویستی بە شەقامی سەدمەتری و قوتابخانەی نوێ ھەیە یان بە پرۆژەی مام؟!


‏‎حەوتەم: فازیل میرانی ووتی: "گۆڕان پاش نەوشیروان مستەفا عاقڵ بوە". ئەم ئیھانە گەورەیە بە ڕێکخەری پێشوی گۆڕان و بزوتنەوەکەی، بەبێ ھیچ وەڵام و کاردانەوەیەکی جدی بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆڕان تێپەڕی! وەڵامەکە زۆر ئاسانە: خاوەن بڕیارەکانی گۆڕان، ڕابردو و ئێستا و داھاتوی بزوتنەکەوەیان بەلاوە گرنگ نیە، بەڵکو بەرژەوەندی خۆیان و ژمارەیەک پۆست لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا ئەولەویەتیانە!


‏‎ھەشتەم: وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "جگە لە دەمانچە و کڵانشکیۆف، دەست بەسەر ھەمو چەکێکدا دەگیرێت". بەڕاست تاوانە ڕۆژانەییەکانی کوشتن و بڕین و ئازاردان و دزیکردن، بە فڕۆکە و تانک و ھەلیکۆپتەر و ئاڕ پی جی دەکرێن، یاخود بە دەمانچە و کڵاشینکۆف؟


‏‎نۆیەم: علی قەرەداغی دەڵێت: "ڕۆژئاوای کوردستان پرۆژەیەکی زایۆنیستی ئەمریکیە و پێویستە لەناوببرێت". چەند ناشرینە مرۆڤ ئیدیعای عەقڵ و ویژدان و میانەڕەوی بکات، بەڵام لەگەڵ ھاوفیکرەکەی: مامۆستا سەید ئەحمەد، ببنە برغویەک لە ماشێنە ستەمکار و تاکڕەوەکەی ئەردۆغاندا.


‏‎دەیەم: دیل بە دیلی یەکێتی و پارتی لە ماوەی ڕابردوودا، ناشرینترین داھێنانی ئەم دوحیزبەیە، وەک ھەمیشە ئاسایش و دادگاکانی ھەردولاش وەک دوو بارەگای حیزبی مامەڵەیان کرد. وەک پیشەی ھەمیشەیشیی، داواکاری گشتی بێدەنگ بوو؟!


‏‎یازدەیەم: نەوەی نوێ: "ھەر حیزبێک لەگەڵ دەسەڵات دانیشێت، مامەڵەی ھاوشێوەی دەسەڵاتی لەگەڵ دەکەین". ئەم وتەیە تەعبیر لە تێنەگەیشتن و چەواشەکارییەکی گەورە دەکات لە چەمکەکانی: دەسەڵات و دانوسان و پێکەوەژیان، ھاوکات پۆپۆلیزمێکی عەیار بیست و چوارە. لەھەموشی کارەساتتر، پاش چەند ھەفتەیەک لەم بەیاننامەیەی نەوەی نوێ، سەرۆکەکەیان کۆنفرانسێکی سازدا بەناوی: پێکەوەژیان ؟!


‏‎دوانزەیەم: "لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، ئاڵای عێراق لەبەردەکەم بۆئەوەی خودا بزانێت کە پێشتر لە دۆزەخ بوم" (نوسراوی سەر مۆتۆرسایکڵێک). دەبو ئەم پەیامە کورتە پڕمانایەی ھاوڵاتیەکی ئاسایی عێراقی، ھەمو شەھادەدار و ئەفەندی و سیاسیە مەغرورەکانی عێراقی بھێنایەتە گۆ، نەک سەرقاڵی کۆنفرانس و کۆبونەوەی بێمانا و بێدەرەنجام بن.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure