ڕێبوار كه‌ريم وه‌لى19/3/2019 420 جار بینراوە

پارتی و بەرهەم ساڵح باڵانسی ناو یەكێتییان تێكدا

(1)

یەكێتی راست دەكات، كە دەڵێ بەشێك لە هۆكاری رێكنەكەوتنی پارتی و یەكێتی لە سۆنگەی ئەو جێگۆڕكێ لەناكاوەی ناو پارتییە، (ئەلبەتە بە دەربڕینێكی ناسیاسییانە). قسەی نێچیرڤان بارزانیش زۆر راستە، كە پارتی ناچارە لەگەڵ چەند گرووپێكی یەكێتی رێكبكەوێت، نەك حیزبێكی سیاسیی خاوەن بڕیار!

 

ئەو جێگۆڕكێیە بۆ پارتی قووڵاییەكی ستراتیژیی هەیە (ئەگەرچی دەكرا بە شێنەیی بكرێت)، بەڵام هاوكێشەكانی ناو یەكێتیشی ژێراوژوور كرد. پارتی تەنانەت ئەو كاتەی لە كابینەی هەشتەمدا، وەكو شەریكی سیاسی و حوكمڕانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا رێككەوت، موڕاعاتی وەزعی ناوخۆی یەكێتیی كرد و باڵانسی نێوان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵی تێك نەدا. ئێستا ئەو باڵانسە لە سۆنگەی ئەوەی كە یەكێتی لە دووی ئۆكتۆبەر حیسابی بۆ قسەی پارتی نەكرد و فڕكان فڕكانیان بوو، كە كێ دكتۆر بەرهەم ساڵح دەكاتە سەرۆككۆمار، تێكچووە و پارتیش ئامادە نییە كێشەكانی ناو یەكێتی چارەسەر بكات و دەڵێ مادام ئەوەندە یەكگرتوو بوون، ئێستا بۆ رێكناكەون؟ جاران ماڵی تاڵەبانی لە حكومەت و كۆسرەت رەسوڵیش وەك جێگری سەرۆكی هەرێم لە دەسەڵاتدا بەشدار بوون. ئێستا لە ئەنجامی هەڵەكانی یەكێتی و زیادەخوازیی ماڵی تاڵەبانی لە لایەك (كە هەم سەرۆكی پەرلەمان و هەم جێگری سەرۆكی حكومەتیان دەوێت) و پێداگریی پارتی لەسەر پێنەدانی هەندێك وەزارەت، كە دەبێ لەژێر دەستی خۆیدا بن، هێندەی دیكە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی قووڵ كردووەتەوە.

 

گومان لەوەدا نییە، كە لە دوای دووی ئۆكتۆبەری پارساڵەوە، پارتی بە رووحێكی تۆڵەسەندنەوەوە (جگە لە دوو كوڕەكەی تاڵەبانی) مامەڵە لەگەڵ هەموو باڵەكانی یەكێتیدا دەكات. ئەمڕۆ جگە لە دوو كوڕەكەی تاڵەبانی (كە یەكیان ئامادەبوو بیفرۆشێ)، هەموو یەكێتی باجی بە سەرۆكبوونی دكتۆر بەرهەم دەدەنەوە. لەكاتێكدا، هێشتا دوو پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی لە بەغدا نەچوونەتەوە ناو فراكسیۆنی یەكێتی و بە خۆیان دەڵێن سەربەخۆ! هەموو مانۆڕە سیاسییەكانی ئەم چەند مانگەی رابردوو، ئیشكردنێكی سیستەماتیكی ماڵباتی تاڵەبانی بوو، كە لە کۆتاییدا وا بكەن، كە خۆیان چۆنیان بوێ لەگەڵ پارتیدا رێكبكەون. پێكهاتەی شاندەكەی یەكێتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ پارتی دیارە كێن و بەرەو كام ئاراستەی دەبەن. ئەوان سەرۆكایەتیی دكتۆر بەرهەمیان لەسەر كۆسرەت رەسوڵ كردە ماڵ و خۆشیان خێر و بێرەكەی دەبەن. ئەگەرنا پارتی دەیتوانی نەهێڵێ ئەو باڵانسە تێكبچێت.

 

45 كورسییەكەی پارتی
(2)

ئێوارەی 30ی ئەیلوولی 2018 كە تازە دەنگەکانی نێو سندووقەكانی دەنگدان بۆ پەرلەمانی كوردستان دەژمێردران، گوتەبێژی ئەوسای یەكێتی رایگەیاند، كە دان بەو ئەنجامانەدا نانێن و تەنانەت گوتی بایكۆتی پڕۆسەی سیاسیش دەكەن. ئەو لێدوانە لە كاتێكدا هات، كە شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و خوارتریشەوە، بە ئاسمانەوە بوون بەرەو بەغدا تا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار سەربخەن، كە دوو رۆژ دوای ئەوە لە پەرلەمانی بەغدا دەنگی پێدرا.

 

خوێندنەوەی هەرە سەرەتایی بۆ ئەو لێدوانە، لە كاتێكدا تەنیا ئەنجامی بەرایی و ناڕەسمیی هەندێك شوێن بڵاوكرابوونەوە، ئەوە بوو كە یەكێتی بیەوێ لە رێگەی بە بارمتەگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان، كارتێكی گوشار لە دژی پارتی بەكاربێنێت، كە چاوەڕێی سەركەوتنی گەورەی دەكرد، یان هەر پێشەكی یەكێتی بیەوێت بەشێك لەو پێشێلکاریانەی خۆی بشارێتەوە، كە لە رۆژی هەڵبژاردن، خەڵكانێك بە ناسنامەی ساختەوە هێندرابوون دەنگ بدەن.

 

45 كورسییەكەی پارتی لە هەڵبژاردن مەكرەمەی یەكێتی نییە، چونكە هەر دوای لێدوانی گوتەبێژی فەرمی یەكێتی، ماڵباتی تاڵەبانی، كە كوڕەكەیان سەرۆكی لیستی یەكێتی و مەبەستیان بوو زۆرترین دەنگ بە دەست بێنێت، ئەویش نەك بۆ چوونە ناو پەرلەمان، بگرە بۆ بەهێزكردنی پێگەكەی لە داهاتووی حزبدا، لێدوانی گوتەبێژی حیزبەكەی خۆیانی بە درۆ خستەوە.

 

پارتی چەند مانگێك پێشتر لە هەڵبژادنی 12ی مایس، حیزبی یەكەمی وڵاتی بەناو عێراق بوو، بۆ دەبێ گومان لەو سەركەوتنە نەكرێت، بەڵام گومان لەوەی کوردستان بكرێ، یان پارتی پێویستی بەوە هەبێت خێری پێ بكرێت؟

 

ئەو 45 كورسییەی پارتی مەرەكەبی سەر كاغەز نەدەبوو، تەنانەت ئەگەر یەكێتیش رازی نەبووایە. ئەوانەی شەوی پێش هەڵبژاردن لە كۆمیسیۆنەوە گورزیان لە یەكێتی دا، لە 18ی شوباتی ئەمساڵ ئەو راستییەیان بۆ یەكێتی دووپاتكردەوە، كە ئەوەی لە گەڕەكەكەی خۆی لە سلێمانی بۆی دەچێتە سەر، مەرج نییە لە شوێنی دیكە بۆی بچێتە سەر.

یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە


(3)

لە شوباتی 2018ـەوە تا شوباتی 2019 كە رێككەوتنی سیاسیی نێوان پارتی و گۆڕان ئیمزا كرا و بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەست بە جێبەجێكردنی كرا، پارتی و گۆڕان بۆ ماوەی ساڵێك كاریان لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان دەكرد. ئەوەی كە ئێستا خەڵك وا هەست دەكات زۆر بە ئاسانی پارتی و گۆڕان گەیشتوونەتە ئەو خاڵەی ئێستا، لە راستیدا بەرهەمی لێكتێگەیشتن و هاوكات ئەو بارودۆخەیە، كە لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر هاتە ئاراوە.

 

فەزڵی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لە سەرۆكایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، ئیتر لە باخەڵی گۆڕان و پارتیدایە كە بڕیاری لێدەدەن و جێبەجێی دەكەن. حیزبەكانی دیكەش كە رەنگبێ هەمان روانگەیان هەبووبێت، یان بە دەنگدان بەو یاسایە دەیسەلمێنن كە فیعلەن ئەوانیش هەمان مەبەستیان هەبووە، یان پاشقۆڵی لێدەگرن و هیچیان پێ نابڕێ.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure