کاروان محه‌مه‌د19/3/2019 283 جار بینراوە

کام مرۆڤ ئاسودەیە(بەراییەکان یان شارستانیەکان) ؟

 

یەکێک لە کەسە بەراییەکانی دوورگەی،،ساموا،،لە زاری یەکێک لە سەردانیکەران گوێبیستی گوزەرانی هەژارانی لەندەن بوو بوو ، ئەو کەسە سەرەتاییە تووشی سەرسوڕمانێکی زۆر زۆر بووبوو. چۆن دەکرێت هەژاران برسی بن ؟ بۆ مەگەر خزم و عەشیرەتیان نیە؟ ئەوناتوانێت وێنای ئەوە بکات کەسێک برسی بێت و چواردەورەکەی هەموو تێر بن .

 

مارشی بەراییەکان بریتیە لە ،،قەناعەت گەنجینەیەکی بێ بنە،، لەم ڕوانگەیەوە هیچ شتێک بۆ سبەی زەخیرە ناکەن.


دۆزەرەوەی بەناوبانگ ،،بیربی،، لە پیاوێکی ئسکیمۆی پرسی بیر لەچی ئەکەیتەوە ؟ کابراش وەڵامی دایەوە هیچ شتێک شایانی بیرلێکردنەوە نیە ئەوەتا کەمێک نان و پێخورم پێیە ئەیخۆم .

 

وێڵ دیورانتیش لە باسی تیرەی ،،بۆشمان، لە ئەفریقا دەڵێت (ئەوان لە دەعوەت پێکەوەن و لە برسێتی و قۆڕە قۆڕی ناو گەدەشدا هاوبەشن) ئەگەر یەکێکیان ڕاوی نێچیرێکی کردباو چێشتێکی چەوری دروست کردبا هەموو تێکڕا دەهاتن و لەدەوری دەستکەوتەکە سەمایان دەکردو ئاهەنگیان دەگێڕا ،ڕاوچیەکەش هەر هێندەی یەکێکی لەوان چێشتی بەردەکەوت، ئەو هەر ئەوەی بەس بوو کەلەناو هۆزەکەی خۆیدا بەپاڵەوان ناوی ببرا و بەقامێک ئاماژەی بۆ بکرابا.


هەروەها لە کتێبی ،،گاڵتەجاڕی عەقڵی مرۆڤ ،، کە شاکارێکی جوانی ،،علی وەردی،،یە هاتووە، مرۆڤی نشتەجێی جەنگەڵەکان هەرگیز لەنێویاندا برسییەک پەیدا ناکرێت لەو دەمەی کەخواردن بەردەستە، دەشڵێت جارێکیان گەشتیارێک دەستێک جلی دابوو بە کەسێکی سەرەتایی هەر هێندەی نەبردبوو هەر پارچەی دابوە یەکێکی تر کراس بۆ یەکێک و شەرواڵ بۆ یەکێکی تر و پاڵتۆکەش لای کەسێکی تر.

بەهیچ شێوەیەک گومان خۆی ناکات بەنێو دەروونی بەراییەکاندا مەگەر ئەو کاتەی لەگەڵ شارستانیەکدا یەک دەگرن و تێکەڵ دەبن ، ئیدی هەموو پەتاکانی ئەوانی تووش دەبێت.
ئەمانە ڕێک پێچەوانەی شارستانیەتە کە دەرونیان بەردەوام کەیلی دەردو غەم و وەسوەسەیە.

 

دیورانت بۆچونی لەسەر ئەم دیاردەیە ئەمەیە ( لەو چرکەساتەوە مرۆڤ دەست دەکات بە سبەینێی خۆی ، ئیتر لەبەهەشتی دڵنیایی تووڕ هەڵدەدرێت بۆ کەندەڵانی دۆزەخ، هەستی خاوەندارێتی بۆ دروست دەبێت ، ڕەنگی زەرد دادەگەڕێت لەخەماندا و زیاتر چاوچنۆک دەبێت و ئەو خۆشیەیی جارانی دەتوێتەوە) .

 

دەکرێ پرسیارە جەوهەریەکە بهێنرێتە بیری خوێنەرو ڕووی دەمی لێ کەی ئاخۆ لەم جەنگەڵە بەنێو شارستانیەتەدا کە بەدەیان هۆکاری جیاواز لە برسێتی و هەژاری و لەم سەردەمی (هی خۆم بۆ خۆم هی تۆش ئەخۆم) لەم سەردەمی سەرمایەدریەدا کە سەرمایە بۆتە کرم و چۆتە جەستەی مشەخۆرەکانی ووڵات و لەم دۆخەی کە مرۆڤەکان ،،گەنە،، ئاسا لە سەر جەستەی مرۆڤی تر خۆیان قەڵەو دەکەن بەردەوام خەریکی مژینی خوێنی یەکترن ، لەم مەملەکەتی شکاندنی کەرامەتەدا ئاخۆ مانایەکی ئەوتۆ بۆ مرۆڤبوون ماوەتەوە ؟


کام سەردەم و کام مرۆڤەیان ئاسودەیە ؟


کام مرۆڤەیە بەقەناعەتە و بیری سبەی ناکات و بیر لەهەژاران دەکاتەوە؟ بیر لەوە دەکاتەوە خۆش بەختی بۆ براکەی هاوڕێکەی دراوسێکەی هاوشاریەکەی هاو قەومیەکەی هاو زمانیەکەی وەدی بێنێت؟؟

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure