شاخەوان برایم عەبدوڵڵا25/2/2019 353 جار بینراوە

پارتی و گۆڕان لە قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا

رێککەوتنی پارتی و گۆڕان لە کاتێکدایە کە نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا نەماوە، وەک ئاماژەیەک قۆناغی ئێستای گۆڕان، قۆناغێکی دیکەیە و دەکرێ جۆرێک پێداچوونەوە بە روئیای بزووتنەوەکە بکەن لە پەیوەست بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتیدا، ئەو پارتییەی لە قۆناغی نەوشیروان مستەفادا لە لایەن گۆڕانەوە بە بەردەوامی سێرەی لێ گیرابوو تا ئاستی ئەوەی بەشی زۆری گۆڕانخوازەکان نەک بە تەنیا رقیان لە پارتی، بگرە لە رەنگی زەردیش دەبووەوە، لەژێر کاریگەری گرێی کاک نەوشیروان بەرانبەر بە پارتی دروستتر لە دژی ماڵی بارزان.

 

هەر وەک گوترا ئەوەی ئەو رێککەوتنە لەگەڵ رێککەوتنە ماوە کورتەکەی سەرەتای پێکهێنانی کابینەی هەشتەم لە نێوان پارتی و گۆڕان جیا دەکاتەوە، ئێستا نەوشیروان نەماوە و ئیدی گۆڕانیش خۆی لەگەڵ پارتی و پارتیش خۆی لەگەڵ ئەو تیمەی گۆڕاندا دەگونجێنێت، هەم پارتی لە دوای ئۆکتۆبەرەوە بەدوای بەدیلی یەکێتی و گۆڕانیش بەدوای هاوپەیمانێکی بەهێزدا دەگەڕێن کە گۆڕان ئێستا پارتی هەڵبژاردووە، پارتیش یارییەکە بەڕێوە دەبات کە هەر لە سەرەتاوە لە ۱٨ی شوبات یەکەم گۆڵی لە یەکێتی کرد، ئەگەرچی پەیوەندییەکانی نێوانیشیان خەریکە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەوە هیچ لەو واقیعە ناگۆڕێت کە پارتی پەیامی خۆی بە یەکێتی گەیاند و گۆڕانیشی تاقیکردەوە. ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە یەکێتی هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی روونەدات، بەتایبەتی لە ڕۆژی هەشدەی شوباتدا، بەڵام چونکە نەوشیروان نەمابوو، هاوکات تیمەکەی گۆڕانیش لەوە گەیشتن کە سیاسەتکردن تەنیا قسە و دروشم و ئەو وەهمانە نییە کە نەوشیروان مستەفا لای خۆی دروستی کردبوون، واتە ئەو پیاوە لەگەڵ ئەوەی بانگەشەی ئەوەی بۆ دەکەن کە پیاوێکی وردبین بووە، بەڵام لە هەڵسوکەوت و خوێندنەوەی واقیعی پێگەی پارتیدا تێگەیشتنی لاوازی هەبوو، نەوشێروان پێیوابوو پیرمام بە دروشم و قسەی باقوبریق خۆی رادەستی گردی زەرگەتە دەکات، ئەمەش گرێیەک بوو بە درێژایی مێژوو لەگەڵ کاک نەوشیرواندا گەورە ببوو، بەجۆرێک لەناو یەکێتیشدا بەشێک لە هۆکاری ئاڵۆزییەکان ئەو پیاوە ڕۆڵی تێدا دەبینی، واتە هەرگیز هانی کەسی نەدەدا بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتیدا نەک هەر رێککەوتن، بگرە نەختێک دۆخە ئاڵۆزەکەش سارد بکەنەوە، سەرئەنجام نەوشیروان نەیتوانی ئەو گرەوە بباتەوە، ئەو وەهمەی نەوشیروان مستەفاش دروستی کردبوو، بەتاڵ بووەوە.

 

گۆڕان ئەزموونی رابڕدوو تاقی ناکاتەوە و پارتیش ئۆفەراتی زۆر دەخاتە بەردەم تیمەکەی گۆڕان، یەکێتیش دەکەوێتە دۆخێکەوە لە یەککاتدا دەبێ چاوێکی لەسەر پارتی و چاوەکەی دیکەشی لەسەر گۆڕان بێت، بەتایبەتی لە سنووری سلێمانی نەبادا بە پرۆژە و هاوکاری ئەملاوئەولا پێگەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ئەگەرچی تازە زەحمەتە گۆڕان بگاتەوە ئاستی ۲٤ کورسییەکەی، بەڵام هەمیشە هێزێکیش دەبێت کە چاوێکی یەکێتی داگیر دەکات و پارتیش هەندێ لە یارییەکانی خۆی بە هێزەکانی دیکە دەکەن!

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure